تورکیا لە هێرشی دبلۆماسیشدا سەرکەوتو نەبووە

فایق گوڵپی
  2022-05-21     440

لەگەڵ ئەوەشدا کە تورکیا چەندان جار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە گەڵ پ ک ک دانیشتن و گفتوگۆی کردووە، بەڵام لەبەرەی دبلۆماسیدا بە بەردەوامی هەوڵدەدات پ ک ک وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت و لە خەباتی دبلۆمسی دایببڕێت.

١.دوای ڕوخانی رژێمی سەدام و دامەزراندنی عێراقی نوێ، یەکەم بڕیاری عێراقی نوێ ئەوەبوو (پ ک ک)ی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، هەڤاڵانی پ ک ک بەم بڕیارەی حکومەتی عێراق رازی نەبوون، دەستیان بە خەباتی دبلۆماسی کرد و بڕیارەکەی عێراقیان هەڵوەشاندەوە، لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینی هەڤاڵانی پ ک ک، بەرپرسە عەرەبەکانی عێراق وتبوویان ئەو بڕیارە بە هۆی فشاری نوێنەرانی کوردەوە لە عێراق دەرکراوە.

٢.ساڵی ٢٠٠٧ دەوڵەتی تورکیا داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەر یەک لە د.مەحمود عوسمان، قادر عەزیز، د. فایق گوڵپی و مەسرور بەرزانی رادەستبکات، لەبەر ئەوەی دۆستی (پ ک ک) ن. ئەو کات مامجەلال سەرۆک کۆماری عێراق بوو، رۆژنامەنووسێک پرسیاری لە مامجەلال کرد و وتی:

ئایا ئەو داوایەی تورکیا جێبەجێدەکەن و ئەو کەسانە رادەستی تورکیا دکەن؟ مامجەلال بە پێکەنینەوە وتی:

پشیلەیەکیشیان ڕادەستناکەین.

٣.لە ١٢،١١ مانگی مایسی ئەمساڵدا لە وڵاتی مەغریب کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە سەر تیرۆر و داعش بەسترا، نوێنەری ٩٠ وڵات و نوێنەری ناتۆ و ئینتەرپۆل ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.

وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو، لە وتەکەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی پ ک ک و داعش رێکەوتنی ستراتیجیان دژی تورکیا و وڵاتانی تر هەیە، دەبێت پ ک ک بخرێتە لیستی تیرۆر و وەک داعش حسابی بۆ بکرێت.

ئامادەوان لێدوانەکەی چاوشئۆگلۆیان بە ڕاست نەزانی و وەڵامیاندایەوە، نوێنەری وڵاتێکی ئەفریقیش لەوە زیاتر قسەی کرد و وتی دەوڵەتی تورکیا خۆی لەگەڵ داعش پەیوەندی هەیە.

٤.لەم رۆژانەدا کە سوید و فینلەندە داوای ئەندام بوونی ناتۆ دەکەن، جارێکی تر دەوڵەتی تورکیا تای نەتەوەپەرستی بەرزبۆتەوە، دەیەوێت بەو ڤیتۆیەی کە لە پەیمانی ناتۆ هەیەتی بۆ وەرگرتنی ئەندامی نوێ، پەلەمارێکی شۆڤینییانەی پ ک ک و دۆستەکانی و رێکخراوە مەدەنییەکانی باکوری کوردستان لەو دوو وڵاتە بدات و سەرکوتیان بکات، داوای دەرکردنی ئەندام پەرلەمانی کورد ئامینە کاکە باوە دەکات لە پەرلەمانی سوید.

ئەم داوا ناڕەوایەی تورکیا لە کاتێکدایە کە وڵاتە ئەورپییەکان لە هەوڵی جدیدان پ ک ک لە لیستی تیرۆر دەربکەن، ئەو هەوڵەی تورکیا دژی کڵتوری ئەو وڵاتانەیە، ئامینە کاکە باوە خەڵکی تورکییا نییە، لە ڕوی یاساییەوە تورکیا هیچی پێناکرێت.

٥.لەم کاتانەدا تەنها دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان گوێ لە داوا ناڕەواکانی تورکیا دەگرن و سیاسەتە شۆڤینییەکەی جێبەجێدەکەن، رێگە نادەن ئاواراەکانی مەخمور هاتوچۆی هەولێر بکەن، دۆستانی پ ک ک ڕاودەنێن و زیندانیان دەکەن سوپای حیراق پەلکێشی ی ب ژ دەکەن، خەڵکی مەدەنی باکوری کوردستان لە سلێمانی تیرۆردەکرێن، راگەیاندنەکانی باکور و رٶژهەلات و رۆژئاوای کوردستان لە باشور پەراوێز دەخەن، دۆستەکانی پ ک ک لە لیستی ڕەشی کەناڵەکانی راگەیاندنەکانی دەسەڵات دادەنێن.

٦. بە بڕوای من وەک چۆن تورکیا لە بەرەی سەربازی و ئەمنیدا سەرکەوتنی بەسەر پ ک ک دا بەدەستنەهێناوە و بە هۆی شەڕ و سەرکوتکردنەوە ئابوری داتەپیوە، لە بەرەی دبلۆماسیشدا سەرکەوتن بە دەستناهێنێت و پاشەکشە دەکات.

باشترین رێگەی چارەسەری کێشەی نێوان دەوڵەتی تورک و پ ک ک ئەوەیە، کۆتایی بە هێرشی سەربازی سەر باشور و رۆژئاوای کوردستان و گەریلا و یەپەگە بهێنێت، زیندانیانی سیاسی کورد و ئازادیخوازنی تورکیا ئازاد بکات، بۆ چارسەرکردنی کێشی کورد لەگەڵ پ ک ک دابنیشێت و لەباتی شەڕ ئاشتی بە بنەمای چارەسەری کێشەکە دابنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×