لادانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا" بودجەی حزبەکان بە نموونە"

فایق گوڵپی
  2022-03-26     354

لادانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا واتای ئەوەیە دەسەڵات بە گوێرەی پێوانە نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراسییەکان و بۆ بەرژەوەندی خەڵک کارناکات، واتای ئەوەیە دەسەڵاتی هەرێم بە گوێرەی دەستوری عێراق و یاساکانی پەرلەمانی هەرێم و و پەرلەمانی عێراق و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کار ناکات.

دەسەڵاتی هەرێم لە رێگەی حزبەوە، لە رێگەی سەرکردەکانی حزبەوە، بە گوێرەی بەرژەوەندی توێژێکی تەسکی دەسەڵاتداری هەرێم و رێنامایی و بەرژەوەندی دەوڵەتە بڕیاربەدەستەکان ناو هەرێمی کوردستان، کاروباری وڵات بەرێوەدەبات. ئەمە وایکردووە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی حزبی خێلەکی گرێدراوبێت.

لەم رۆژانەدا بە هۆی یادەورییەکانی محەمەدی حاجی مەحمودەوە، دەنگوباسی بودجەی حزبەکانی کوردستان بڵاوبوەوە و لاپەڕەی یەکەمی سۆسیاڵ میدیای هەرێمی کوردستانی داگیرکرد، لەو هێنان و بردنەدا دەرکەوت حزبە دەسەلاتدارەکانی هەرێم( پارتی و یەکێتی) بودجەیان بۆ حزبەکانی تر بڕیوەتەوە و بە گوێرەی بەرژەوەندی سیاسی خۆیان بودجەیان بۆ سەرفدەکەن.

ئەمە لە چەند ڕوویەکەوە بە لادانی سیاسی دەسەلاتی هەرێم دەژمێردریت، لە لایەکەوە نابێت حزبی سیاسی خاوەنی سەرمایەیەکی وابێت کە بودجە بۆ حزبی تر ببڕیتەوە، چوونکە لە جیهاندا، لە هەموو وڵاتاندا، دارایی وڵات لە دەستی حکومەت و وەزارەتی داراییدایە، وەزارەتی دارایی بە گوێرەی یاسا و پێوانەی دارایی و رێنمایی، بودجە بۆ حزبە سیاسیەکان دابیندەکات.

لە ڕوییەکی ترەوە ئەو جۆرە بودجە بڕینەوەیەی پارتی و یەکێتی بۆ حزبەکانی تری هەرێمی کوردستان، دژی یاسای حزبە سیاسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە کە ساڵی ١٩٩٢ لە خولی یەکەمی پەرلەماندا دەرچووە و چەند جارێکی تر هەموار کراوەتەوە، لە بڕگەیەکی یاساکەدا دەستنیشانی کراوە کە حکومەتی هەرێم بودجە بۆ حزبە سیاسیەکان دابین دەکات.

لە ڕوویەکی ترەوە خەرجکردنی بودجە بەوشێوەیە بۆ حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، ئازادی سیاسی و بڕیاری سیاسی ئەو حزبانە سنورداردەکات و گرێیان دەدات بە دەسەڵاتەوە و رێگەی چالاکی و گەشەکردنیان لێدەگرێت. ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ئۆپۆزسیۆن بەهیزنابێت و ناتوانێت سیستەمی حوکمڕانی هەرێم بگۆڕێت.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە سامانی هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو حزبەکانە، تەنها موڵکی پارتی و یەکێتی نییە، دەستبەسەراگرتنی سامانی کوردستان لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە و خەرجکردنی بەو شێوەیە، نەک هەر لادانێکی سیاسسیە، بەڵکوو تاوانێکی سیاسییشە، نابێت چیتر خەڵک و حزبەکانی تر ئەو لادان و تاوانە لە پارتی و یەکێتی قبوڵبکەن، دەبێت بە گوێرەی دەستوری عێراق و یاساکانی پەرلەمانی هەرێم و پەرلەمانی عێراق و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم، سامانی هەرێمی کوردستان بگەڕیتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، وەزارەتی دارایی بەسەر خەڵکدا دابەشیبکات و بودجەی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تریشی لێبدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×