ژینگە و ئافرەت و كۆرپە و منداڵەكەی

د. عه‌تیه‌ حه‌مه‌سه‌عید ئه‌لساڵحی
  2023-03-18     382

زۆر گرنگە ئادەمیزاد بە تایبەت ئافرەت وشیار بێت، بزانێت كە ژینگە چییە؟! كاریگەری تێكچوونی لەسەر لەشی مرۆڤ چییە؟

خوێنەری بەڕێز: كاتێك باسی ژینگە دەكەین، واتە ژیانمان لەسەر گۆی زەوی پێكهاتووە لە: ئاو و هەوا و خاك. ئینجا دەبێ بزانین بەبێ ئەم سێ رەگەزە مرۆڤ ژیانی نابێت. ئایا مرۆڤ بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگە؟ بەچی پیس دەبێت؟

ئاو: پێشتر باسمان كرد، كە هەموو گیانلەبەرێك 85%ی پێكهاتەكەی ئاوە، باقیەكەی دیكەیشی مادده‌ و كانزاكانی دیكەیە. ئەو ئاوە جوانە، كە باران دێتەخوارەوە. لەكانیاوەكانی چیاكان دێنەدەر. هەروەها لەو بەفرە دروست دەبێت، كە لەچیا بەرزەكان بەگەرمای هەتاو دەتوێتەوە. هەمووی كۆدەبێتەوەو بەرەو رووبارەكان دەڕوات، رووبارەكانیش بەسەر زەویدا دەڕۆن، بەناو شارەكاندا، جوانیەك دەبەخشن و بۆ ژیان سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئینجا بەرەو دەریاچە و دەریا گەورەكان دەڕۆن. پاشان دووبارە دەبێتەوە هەڵم و دەڕواتەوە ئاسمان و .. هتد.

ئەو ئاوە خۆی پاكە، ئێمەی ئادەمیزاد پیسی دەكەین، بەهۆی شێوەی بەكارهێنانمان بۆ ئەو ئاوانە. لە هەمووی سادەتر، ئاوی كانی، كەلوپەلی پێ دەشۆین بە مادده‌ كیمیاویەكان. ئینجا تێكەڵی رووبارەكان دەبێتەوە و زبڵ و پاشماوەی كارگە و نەوت و رۆنی ئۆتۆمبێل و ...هتد تێكەڵ بەئاوی رووبارەكان دەكەین.

ئەو مادده‌ ژەهراویانە نەك هەر ئاوەكە پیس دەكەن، بەڵكو خاكیش پیس دەكەن. دووبارە زەوییەكە هەڵی دەمژێتەوە و دەچێتەوە ناو ئاوی ژێرزەوی و پیسی دەكات. بە تایبەت مادده‌ كیمیاییەكان و لە هەمووشیان ترسناكتر مادده‌ی قوڕقوشمە.

ئەو هەموو بۆیاغەی لەبینەسازیدا بەكار دەهێنرێت. ئامێرەكانی ناوماڵ و دار و دیواری پێ بۆیاخ دەكرێت، هەمووی مادده‌ی قوڕقوشمی تێدایە.

هەوا: پیسبوونی هەوا زۆر ترسناكە، یەكسەر دەچێتە ناو سیەكانمانەوە و خوێن دەیمژێت بۆ ناو كۆئەندامەكانی لەش، بۆیە یەكسەر خانەكان تێك دەدات، بە تایبەت خانەی تازەدروستبوو، لەناو خانەكەدا دەنیشێت و هەرگیز نایەتە دەرەوە، وەك خانەی مێشك.

لەكوێوە ئەو مادده‌یە دێت؟ لە دووكەڵی ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و ماكینە و كارگەیەی ناو شارەوە. چونكە هیچیان بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.

كە دەبینین لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا لە كوردستان نەخۆشی جوراوجۆر زیادی كردووە، وەك نەخۆشی جگەر و گورچیلەكان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەهۆی ژەهراویبوونی ئەو هەوایەیەوەیە، كە هەڵی دەمژین!

قوڕقوشم مادده‌یەكی ترسناكە، ئیمپراتۆریەتی رۆمانی 500 ساڵ بەر لەئێستا رووخا، چونكە زۆریان بۆیاغ بەكاردەهێنا، لە هەموو ناوماڵ و شوێنی حەوانەوەیان، قوڕقوشم-رصاص لەناو بۆریەكانی ئاو دروست دەبێت، زۆریشی پێدەچێت تا بۆڕیە كۆنەكان بگۆڕێن بە مادده‌یەكی ناژەهراوی.

خۆزگە ئەو كەسانەی ئاوی كانی دەخۆنەوە یەكسەر لە كوپەی بكەن كە لەقوڕ دروست كراوە، چونكە ئاوەكە ساف دەكاتەوە. جاران خەڵك لە كوردستان تەمەنی درێژتر بوو، رێژەی نەخۆشی زۆر كەم بوو، شێرپەنجە زۆر كەم بوو، بە تایبەت لەناو منداڵاندا. ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە. هەر لەو شاری هەولێرە سەرێك بدە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی، دەبینی چەندین منداڵ دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوونە.

پێویستە لە بیرمان نەچێت، ئەو خواردنانەی لەناو نایلۆن دەیفرۆشن یان لەناو شوشەی نایلۆن، هەمووی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵانمان هەیە. وادیارە ئێمەی نەزان زۆر بیرمان لەوە نەكردۆتەوە، زۆرجار لەسەر شووشەكە یان نایلۆنەكە شتێك نووسراوە، بەڵام كێ دەیخوێنێتەوە؟! ئایا كەس تەماشای بەرواری بەسەرچوونی دەكات؟ ئەو ئاوەی ناو شوشەكە ئەگەر لەبەر گەرما یان هەتاو دابنرێت، هەر زوو مادده‌ی ژەهراوی نایلۆنەكە لەگەڵی تێكەڵ دەبێت و یەكسەر دەچێتە ناو خوێنەوە ئەویش كاری خۆی دەكات.

خواردنی منداڵی كۆرپە لەناو نایلۆن یان قوتوی ئاسن زۆر ترسناكە، چونكە منداڵ لەو تەمەنە ناسكە.

مەترسییەكانی قوڕقوشم ئەمانەن:

1. رێژەی زاوزێ كەمدەكاتەوە: كاریگەری زۆری لەسەر سپێرمی پیاو هەیە لە ڕووی ژمارە و جۆرەوە.

2. منداڵ لەبارچوون، لە 2-3 مانگی سەرەتای سكپڕیدا.

3. لە دایكبوونی منداڵ بە مردوویی.

4. رێژەی توندوتیژی لە گەوراندا زیاد دەكات.

5. ئەوانەی لە كارگە ئیش دەكەن یان زۆر بۆیاغ لە دەستیانەوە دەچێتە ناو لەشیان، توشی سەرئێشە دەبن و زۆرجار لەهۆش خۆیان دەچن.

6. كاردەكاتە سەر غودەی سایرۆید (دەرەقی)و وای لێدەكات بەباشی ئیشی نەكات.

7. دەستوپێ ژان دەكات، زۆرجار ژانەسك روودەدات بێ ئەوەی هیچ جۆرە هەوكردنێك هەبێت.

8. بەرگری لەش زۆر كەم دەكاتەوە بەرامبەر بە نەخۆشییەكان.

9. رێژەی مردن زیاد دەكات و تەمەن كورت دەكاتەوە.

ئێمە لەكوردستان كارگەمان نییە، تاكو پاشەڕۆی كارگەگە بڕواتە ناو ئاوەكانمانەوە. بەڵام بە داخەوە پاشماوەی ماڵەكان دەڕوات. هەروەها زبڵ و خاشاك مامەڵەی زانستی لەگەڵ ناكرێت و ژینگە پیس دەكات.

پاراستنی خاك و ئاو و هەوا ئەركی سەرشانی هەموومانە. پیسبوونی ژینگە خراپیەكەی هەر بۆ ئادەمیزاد نییە، بەڵكو بۆ ئاژەڵ و دارستانەكان زیاتریشە. پێویستە هەموومان كار بكەین بۆ پاككرنەوەی ئەو ژینگە نازدارە، كەمتر نایلۆن بەكاربهێنین و بیكەین بە كیسی كاغەز. ئاوی ناو نایلۆن كەم بكەینەوە، كەمتر ئۆتۆمبێل ببەینە سەر جادەكان، تەنیا بۆ كارە گرنگەكان. رۆنی ئۆتۆمبێل و كارگەكان لەسەر خاك فڕێ نەدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×