چۆن جەنگی حەماس-ئیسرائیل کۆتایی دێت؟

د. صابر حەسەن رەسول
  2024-02-16     574

لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، حەماس هێرشی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل کە تیایدا نزیکەی ١٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و ٢٧٠ کەسیش بە بارمتە گیران. لەبەرامبەردا، ئیسرائیل هێرشی سەربازی توندوتیژانەی کردە سەر کەرتی غەززە و زۆربەی ئەو کەرتەی وێرانکردوو و زیاتر لە ١٠٠ هەزار فەڵەستینی شەهید و بریندار و بێسەروشوێن بوون. بەم هێرشەی، بزوتنەوەی حەماس سێ خەونی گەورەی بە زیندوویی لە گۆڕنا.

یەکەم: ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی وڵاتانی خەلیج لەگەڵ ئیسرائیل. کە ئیمارات و بەحرەین پەیوەندیەکانیان ئاسییکردووەتەوە خەریکی کاری هاوبەش بوون لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر بنەمای ئەوەی خۆیان ناویان ناوەی دینی ئیبراهیمی. هەروەها سعودیە هەموو ئامادەکاریەکی کردبوو لە زووترین کاتدا واژووی ئاسییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکات. دوای هێرشەکانی حەماس و ئەو خوێنە زۆرەی ئیسرائیل ڕشتی، قسەکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیەوە دەبێتە تابوو و لەکەیەکی گەورە و کۆتایی بەم خەونە هات.

دووەم: پڕۆژەی ڕێڕەوەی بازرگانی جیهانی بە ئیسرائیلدا کەوتە مەترسیەوە، کە بڕیاربوو ئەو ڕێگایە لە هیندستانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێیەوە (بە تایبەت ئیمارات و سعودیە و ئەردەن) بەرەو ئیسرائیلدا و لەوێوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بروات. ماوەی ١٠ ساڵە ئیسرائیل وەک پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرنگ بانگەشەی بۆ دەکات و پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای هەیە. ئیتر هاوبەشی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل لەم پڕۆژەیەدا دەبێتە تابوو و لەکەیەکی گەورە و کۆتایی بەم پڕۆژەیەش هات.

سێیەم: سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بە یاسای نێودەوڵەتی وەک هێزێکی داگیرکەر ناسراوە، بەردەوام بووە لە داگیرکاری و دروستکردنی نیشتەجێ جولەکە نشینەکان کە بەشێکی زۆریان چەکدار بوون. سیاسەتی تازەی ئیسرائیل بەجۆرێک بووە کە هەر جولەکەیەک لەهەر شوێنێکی جیهانەوە کۆچی بکردایە بۆ ئیسرائیل، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بەڵگەنامەی هاوڵاتی بوونی ئیسرائیل و کار یان بیمەی کۆمەڵایەتی و شوێنی نیشتەجێبوونیان لەو نیشتەجێ تازانە بۆ دابین دەکرد. بەم جۆرە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نیشتەجێ جولەکەکان لەسەر خاکی فەڵەستین فراوانبوونی گەورەی بەخۆوە بینی. بەڵام هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس و ئەو زیانە گەورەیەی بە جولەکە نشینەکان کەوت پڕۆسەی فراوانکردنی نیشتەجێ جولەکە نشینەکانی تا ڕادەیەک شکست پێهێنا. ئێستا بەشێکی زۆری نیشتەجێ جولەکە نشینەکان چۆلکراون و ملیۆنانیان ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و ئامادەنین بگەڕێنەوە. هەروەها کۆچی جولەکە پێچەوان بووەتەوە، لەبری کۆچ بۆ ئیسرائیل، لە ئیسرائیلەوە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی تر.

ئێستا جەنگ بەردەوامە و فەڵەستینیەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و لە نەبوونی خۆراک و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە لە دۆزەخێکدا دەژین، نیوەی بارمتەکان هێشتا ڕزگارنەکراون و هەوڵەکانی ئاگربەست نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک. ئیسرائیل ڕایگەیاندووە جەنگ ڕاناگرێت تا ئامانجەکانی بەدی دێنێت کە بریتین لە: لەناوبردنی حەماس، ئازادکردنی بارمتەکان، دڵنیابوونەوە لەوەی کەرتی غەززە جارێکی نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ڕێگری لەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی ڕۆڵی هەبێت لە ئیدارەدانی غەززە، دروستکردنی هەرێمێکی بێلایەن بۆ جیاکردنەوەی ئیسرائیل لە دانیشتوانی غەززە، ڕێگری لە هەر هێز و قەوارەیەک کە پەروەردەی جیهادی لای منداڵانی غەززە پەرەپێبدا یان هاوکاری بیری جیهادی بێت یان پارەداری بکات یان بانگەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل بکات. ئەمانە کۆمەڵێک ئامانجی گەورەن کە سەرکردەکانی ئیسرائیل خۆشیان باش دەزانن ناتوانن بەدەستیان بهێنن. پرسیارەکە ئەوەیە، سیناریۆی دروست بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە چیە؟

لەڕوانگەی مێژووییەوە، هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨، کێشەی ئەو قەوارەیە زیاتر سیاسی بووە و بە هێزی سەربازی یەکلایی نابێتەوە. بۆیە پێناچێت هێرشە سەربازیەکە ئامانجەکانی ئیسرائیل بەدی بێنێت و هاوشێوەی جەنگەکانی تری ئیسرائیل، ئەم جەنگەش ئەو کاتە کۆتایی دێت کە وڵاتە زلهێزەکان (بە تایبەتی ئەمریکا) دەگەنە ئەو بڕوایەی کە هێرشەکان سنوری خۆیان بەزاندووە.

لە ساڵی ١٩٤٧، نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیارێکیان دەرکرد بۆ کۆتاییهێنان فەرمانڕەوایی بەریتانیا لە فەڵەستین و دروستکردنی دوو دەوڵەت یەکێکیان بۆ عەرەبەکان و ئەویتر بۆ جولەکەکان. کاتێک لە ئایاری ١٩٤٨ قەوارەی ئیسرائیل ڕاگەیەنرا، عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر قەوارەکە، بەڵام عەرەبەکان تێکشکان و نزیکەی ٧٥٠ هەزار فەڵەستینی ئاوارەبوون، ئیسرائیل سینای داگیرکرد و پلانی داگیرکردنی کەناری خۆرئاواشی هەبوو. ئیسرائیل ئەوکاتە جەنگەکەی ڕاگرت و لە سینا کشایەوە کە بەریتانیا هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی کرد.

لە ساڵی ١٩٥٦ جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەوکاتەی میسر نۆکەندی سوێسی خۆماڵیکرد و گرێبەستی چەکی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت واژووکرد. ئیسرائیل بە هاوکاری بەریتانیا و فەڕەنسا هێرشی کردە سەر میسڕ و نیمچەدوورگەی سینا و کەرتی غەززەی داگیرکرد. ئیسرائیل ئەو کاتە جەنگەکەی ڕاگرت و لەو ناوچانە کشایەوە کە دوایت ئایزێنھاوە سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی سەختی کرد.

لە ساڵی ١٩٦٧ میسر و سوریا و ئەردەن هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلیان کرد، بەڵام ئیسرائیل دەرفەتیهێنا و دەستپێشخەری هێرشی کرد و زیانی گەورەی لێدان. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرمانی ئاگربەستی دا، بەڵام ئیسرائیل پابەند نەبوو و لە جەنگ بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ئەمریکا و نەتەوەیە کگرتووەکان فشاریان خستە سەر لیڤی ئەشکۆڵ-ی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیسرائیل و موشەی دایان-ی وەزیری بەرگری بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ. بەم جۆرە جەنگەکە کۆتایی هات.

لە ساڵی ١٩٧٣، میسر و سوریا هێرشی لەناکاویان کردە سەر پێگەکانی ئیسرائیل لە سینا و بەرزاییەکانی جۆلان. ماوەیەکی ویست تا سوپای ئیسرائیل خۆی گرتەوە و دواجار توانی سوپای سێیەمی میسر گەمارۆ بدات و زیانی گەورەی پێبگەیەنێت. ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هێرشەکانی تا ئەو کاتەی ئەمریکا بە توندی هۆشداری پێدا کە جەنگ ڕابگرێت. ئەوە کاتێک بوو کە پەیوەندیەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت گەیشتبوونە بنبەست. ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیاری ٣٣٨ی دەرکرد بۆ وەستانی شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیل. ڕیچارد نیکسن-ی سەرۆکی ئەمریکا و هێنری کیسنجەری وەزیری دەرەوە سوربوون کە دەبێت ئیسرائیل پابەندی پڕۆژەبڕیارەکە بێت. بەم جۆرە جەنگەکە کۆتایی هات.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەند شەڕێکی تر لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵلا و ئیسرائیل و حەماس ڕوویانداوە، هەموو جارێکیش ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە سوپای وڵاتەکەی تا سەرکەوتن دەجەنگێت بەڵام هیچ جارێکی سەرکەوتنی ڕاستەقینەی بەدەست نەهێناوە، چونکە ڕێگەچارەی سەربازی بە تەنیا نەیتوانیووە سەقامگیری بۆ ئیسرائیل دەستەبەر بکات.

هاوشێوەی پێشوو، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵلا لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەو کاتە کۆتایی هات کە ئەمریکا و فەڕەنسا دەستێوەردانیان کرد و هاوکاربوون لە پڕۆژەبڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. بڕیاری ئیسرائیل هەمیشە ئەوەیە کە جەنگ ڕاناگرێت. تەنانەت ئەگەر خوازیاری ڕاگرتنی جەنگیش بێت، ناتوانێت ڕایبگرێت، چونکە ئەوە بەو مانایە دێت کە پەیمانی خۆی ناباتەسەر لەوەی سوپای وڵاتەکەی سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی جەنگەکانی ئیسرائیل تێدەگەین کە ئامانجە زۆر و گەورەکانی ئیسرائیل لەم جەنگەی ئێستایدا لەگەڵ حەماس بە جۆرێک دانەڕێژاون کە شیاوی بەدەستهێنان بن، بەڵکو بریتین لە کۆمەڵێک بڕگەی سیاسی بۆ دوای ئەو کاتە داڕێژراون کە ئەمریکا دواجار فشاردەکات بۆ وەستاندنی جەنگ. ئەوکات ناتەنیاهۆ و حکومەتەکەی بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە ئەگەر ئەمریکا فشاری وەستاندنی جەنگی نەکردبایە، جەنگیان ڕانەدەگرت تا بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە گەورانە. سەرکردەکانی ئیسرائیل لە فەرمانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگ ناترسن، بەڵکو چاوەڕێی دەکەن، چونکە ئیسرائیل هەمیشە پێویستی بە دەستێوەردانی ئەمریکایە بۆ وەستانی جەنگ. مێژووش پێمان دەڵێت دواجار ئەمریکا فەرمانی وەستانی جەنگەکە دەدات. هاوشێوەی سەرۆکەکانی تری ئەمریکا، جۆ بایدن تێدەگات کە دەبێت هاوسەنگیەک ڕابگرێت لە نێوان ئەو مەترسی و کارەساتە مرۆییەی لە ئەنجامی ڕێگەدان بە بەردەوامی جەنگەکە دەکەوێتەوە لەگەڵ ئەو دەرەنجامە سیاسیەی لە ناوخۆی ئەمریکادا دێتە ئاراوە. هەرکات زانی مەترسی و کارەساتە مرۆییەکان گەورەترن لە دەرەنجامە سیاسیە ناوخۆییەکە، فەرمانی وەستانی جەنگ دەدات. واتا کە ئێستا ئەمەریکا بە چەک و پێداویستی جەنگی سپۆنسەری هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات، هەر خۆشی لە قۆناغێکدا فەرمانی ئاگربەست دەدات. ئیتر ئەوکاتە جەنگ دەوەستێت.

 

سەرچاوەکان:

https://www.voanews.com/a/israel-hamas-conflict-reality-check-for-india-middle-east-europe-economic-corridor-/7323955.html

https://time.com/6549715/history-israel-hamas-war-end/

https://www.ft.com/content/282ffdcd-70c0-4da5-9a7e-5a31d7677fe5

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×