یه‌كێتی له‌نێوان ریستارده‌ سیاسیه‌كه‌ی گۆڕان‌و پارتیدا...

سوپا سه‌لام
  2019-02-20     874
دوای واژۆكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی پیرمام له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و پارتییه‌وه‌و تێپه‌ڕاندنی دانیشتی په‌ڕله‌مانی كوردستان به‌بێ دووه‌م گه‌وره‌ترین فراكسیۆن، ده‌كرێت بڵێن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ریستاردێكی ته‌كنیكی زۆربه‌ی حزبه‌ ته‌قلیدیه‌كانی ئه‌نجامدا كه‌ ئامانجی به‌هێز كردنی سه‌نگیی ئیداریی خۆیه‌تی له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ بتوانێ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كادرانی خۆی ئاشت بكاته‌وه‌، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م جوڵه‌یه‌ش هه‌واداری گۆڕان بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌دات، به‌ڵام هه‌نگاوێكی تازه‌و نامۆ نه‌بو، چونكه‌ له‌یادمانه‌ دوای چه‌ند رۆژێك له‌راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر زاری زۆرێك له‌به‌رپرسه‌ باڵاكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاوازی به‌شداریكردن له‌كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌بسیترا به‌هه‌ر نرخێك بێت! 

كه‌واته‌ هه‌ر گله‌ییه‌كی هه‌واداری (ی ن ك) ئه‌گه‌ر هه‌بێ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌وا خوێندنه‌وه‌ی دروستی بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ نه‌كردووه‌ له‌ 2014 ه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ، دواتر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ دوای زیاتر له‌ 3 ساڵ پاسڤكردنی وه‌زیره‌كانی و ده‌ركردنی سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ په‌ڕله‌مان و به‌رده‌بارانكردنی كاندیده‌كانی له‌ ناو شه‌قلاوا، هاوكات دابه‌زینی ژماره‌ی كورسیه‌كانی به‌رێژه‌ی له‌ (%50)، هه‌روه‌ها دروستبونی هێزێكی تازه‌ به‌ناوی (نه‌وه‌ی نوێ) كه‌ جڵه‌وه‌ی شه‌قامی ناڕازی و سه‌دای ئۆپۆزسیۆنی به‌ رێژه‌یه‌كی باش لێسه‌ندووه‌...هتد، مه‌حكومه‌ به‌وه‌ی ئه‌م جوڵه‌ ته‌كنیكیه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامبدات.

هه‌روه‌ها ئه‌و ئۆفه‌رانه‌ی پارتی پێشكه‌شیان ده‌كات له‌ (ی ن ك) و هێزه‌كانی دیكه‌دا به‌دی ناكات، به‌ڵام شیله‌ی ژاڵه‌ی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ به‌ تامی هه‌نگوینی قه‌ندیل له‌ زاری شه‌قام به‌گشتی و هه‌واداری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بدرێ لوتكه‌ی گه‌وجاندنه‌، چونكه‌خودی رێكه‌وتنه‌كه‌ی پیرمام له‌ نێوان به‌رپرسانی یه‌كه‌می هه‌ردوولا واژۆ نه‌كراوه‌ و ئه‌گه‌ری پابه‌ندبوون پێوه‌ی لاوازه‌،هه‌روه‌ها له‌ ئه‌ته‌كیه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تدا نه‌بووه‌ حزبێك به‌ ئه‌ندازه‌ی چاره‌كی حزبی براوه‌ كورسی په‌ڕله‌مانی هه‌بێت و له‌مه‌كته‌بی سیاسی هێزی براوه‌ رێكه‌وتن واژۆ بكات،هه‌وادارانی دڵنیا بكات له‌ رێی خاڵه‌كانی ئه‌م رێكه‌وتنه‌وه‌ هه‌ژموونی به‌رنامه‌ی خۆی له‌م حكومه‌ته‌دا فه‌رز ده‌كات!

له‌ كاتێكدا سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ش (كاك نه‌وشیروان) وته‌نی "عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنیدایه‌" ره‌نگه‌ بوترێ ئه‌مه‌ رۆژگار بۆمان ده‌سه‌لمێنێ،به‌ڵام ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ر له‌یه‌كه‌م چركه‌ ساته‌وه‌ له‌ شه‌رعیه‌تدان به‌ هه‌ژموونی پارتی به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌ماندا خۆی به‌دیارخست، هه‌روه‌ها مێسجێكی ئاشكرای به‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی جاران و (ی ن ك)یشدا كه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ كاروانه‌كه‌ی كۆتایی 2015 به‌جێتان نه‌هێشتین،ئێمه‌ له‌ ئێستادا ئێوه‌ به‌جێده‌هێڵین.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م ریستارده‌ سیاسه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ پاوه‌ره‌كه‌ی له‌پیرمام بو، بووه‌ هۆی تێپه‌ڕاندنی دانیشتی په‌ڕله‌مانی كوردستان به‌بێ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی (یه‌كتیمی له‌به‌غدادو شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێم‌و پرسی كه‌ركوك) ناڕاسته‌وخۆ دانپێدانانی ئه‌و دو هێزه‌ بو كه‌ (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) خاوه‌نی په‌یامی یه‌كڕیزی نیشتمانی وحكومه‌تی شه‌فاق و پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌، بۆیه‌ ده‌كرا ئه‌م دوو هێزه‌ هیچ نه‌بێ له‌به‌ر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ی خۆشیان بێت له‌سه‌رخۆو هۆشیارانه‌ ئه‌و جوڵه‌ سیاسیه‌یان بكردایه‌.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×