ژینگه‌و كۆرۆنا

دارا محه‌مه‌د ئه‌مین
  2020-04-17     725
هەرچەنده پەتای كۆرۆنا كارەساتێكی گەورەی بەدوای خوێدا هێناو زۆربەی زۆری ولاتانی دنیای گرتەوه زیاتر لە ٢ملیون توشبو هەیه و دەیان هەزار قوربانی هەیه، بەلام دەبینین وەستانی كارگەكان و پیشەسازی وچالاكیەكانی مرۆڤ و وەستانی ئۆتۆمبێل و هۆكارەكانی تری هاتووچو كاریگەری باشی لەسەر ژینگەی جیهانی جێهیشتوە، لێكۆڵینەوه نوێیەكان پێمان دەڵین كه چینی ئۆزون چاكبونەوەیەكی باشی بەخۆیەوه بینیوه، بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری Nature كە گۆڤاریكی زانستیه بڵاوی كردۆتەوه كه چینی ئوزۆن بەرەو باشبونەوه ئەچێ، هەروەها دەرهاویشتەی كاربۆن كەمترین ڕێژەی تۆماركردوە له ٣٠ ساڵی ڕابوردودا، جۆگەو كەناڵە ئاویەكانی ڤالانسیا له ئیتالیا به شیوەیەكی زۆرپاك ئەبینرێن كه دەیان ساڵە شتی وای بەخۆیەوه نەبینیوه، ماسی وزیندەوەره ئاویەكان هاتوچۆی تیا ئەكەن دوای ئەوەی كه جموجوڵ و چالاكی خەڵك لەوشاره وەستاوه.

چینیەكان بریاریاندا دوای پەتای كۆرۆنا كه بازرگانی كردن به ئاژەڵ ڕابگرن وه ڕاوكردن و خواردنی ئاژەڵەكانیش ڕابگرن كه ئەمەش پاراستنی ژینگەیه . له كوردستانیش بەئاشكرا ئەم دیاره دەبینین، له پاكبونەوەی ئاو و هەوای ژینگەی هەرێم، ئەو دیمەنانە ئەبینین له شارەكانی سلێمانی و هەولێر و سەیرانگاكان، پێویستە لەمەوه پەند وەربگرین لە سالێکدا هەفتەیەک دابنیین بۆ وەستانی چالاكیەكانمان بۆ ژینگە پارێزی، مەبەست لە دانانی هەفتەیەک وەستاندنی هەموو جموجوڵەکانە بۆ پاکبوونەوەی ژینگە بۆ ئەوەی ژیان ببەخشینەوە بە خۆمان و ئاژەڵەکان چونکە ژینگە ژیانی ئیمەیە، دروست بوونی پەتای کۆرۆنا دەرئەنجامی پیسبونی ژینگە و مامەڵەی هەڵەی مرۆڤە لەگەڵ زیندەوەرەكان.

ڕاستیەکی تر هەیە بیزانین کە زلهێزانی دنیا لە سەروی هەموویانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین ئامادەنەبوون پابەندی ڕیکەوتننامە نیودەوڵەتیەکان بن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی كاربۆن، لە پێناو بەرژەوەندیەکانیان کارگەکانیان بووەستینن کە دوو زەرەرمەندی گەورەی ڤایرۆسی كۆرۆنان، ئیستا ناچاربون بەشێک لەگارگەکانیان بوەستێنن ئەمەش لایەنێکی پۆزەتیڤی پەتای کۆرونایە.

ئەم ڤایرۆسە ئاگادارکردنەوەیەکی خێرا بوو بۆ مرۆڤایەتی کە دەرئەنجامی مامەڵەی خراپی مرۆڤ بەرامبەر ژینگە و ئاژەڵە كێویەکان ئەم كارەساتەی دروستكرد.

زۆر لەمێژە پارێزەرانی ژینگە داوا دەکەن مامەڵەی ناتەندروست لەگەل ئاژەڵان و پەلەوەرەکان ڕابگرن، ئەمڕۆ دەرئەنجامی ئەو مامەڵە خراپە دەبینین، یەکێک لە شارەزایانی بواری نەخوشیە درمیەکان پێمان دەڵیت کە لە ۸٠٪ نەخوشیە درمەکان لە ئاژەڵ وپەلەوەرەوە دەگوازرینەوە، لە ڕابوردودا کە مرۆڤ دووربوو لە ئاژەڵەکان و بازرگانی پیوەنەدەکردن وتێکەڵاوی نەبوو لەگەڵیان پارێزراو بوو، بەڵام دوای ئەوەی مرۆڤ مامەڵەی پێوەکردن بەشێوەیەکی ناتەندروست ئەم دەرئەنجامە خراپەی لێکەوتەوە.

کاتێک مرۆڤ دارستانەکان دەسوتێنیت،کاتێک مرۆڤ لانەی ئاژەل و پەلەوەرەکان تێکدەدات، ئەوانیش ناچارن شوێنەکانیان جێبهیلن وبێنە شوێنی نیشتەجێبوونی مروڤ و ئەم کارەساتە ڕوبدات، هەموو پەتا ترسناکەکانی وەك کوڤید١٩ و ئیبولا و ئەنفلونزای بەراز و باڵندە بەهۆی ئاژەڵەوە گوازراونەتەوە بۆ مرۆڤ، شارەزایانی بواری گواستنەوەی ڤایروسەکان پێمان دەلێن مرۆڤایەتی زۆر بەختەوەرە بەوەی کە زوو هەستی بەخۆی کرد و ڤایروسی کۆڤید١٩ بڵاوبۆوە کە مەترسیەکانی زۆرکەمترە لە هەندێ ڤایروسی تر کە لە ناو ئاژەڵەکاندا هەیە وە ئەگەر بڵاوبێتەوە چارە سەرکردن ودەست بەسەراگرتنی زور ئەستەمە.

كۆرۆنا ئاگاداری كردینەوە كە دەتوانین ژینگە بپارێزین، ئەوەی زلهێزەكانی دنیا نەیانكرد لە ڕێگای دانوستانەوە بەناچاری كۆرۆنا پێی كردن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×