کوتلەی تەقەدوم: دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دواخراوە
  2023-12-04       169       

کوتلەی تەقەدومی سەر بەمحەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوی پەرلەمان ئاشکرایکرد، دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دواخراوە بۆ دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

نیهال شەمەری پەڕلەمانتاری سەر بەکوتلەی تەقەدوم لەپه‌رله‌مانى عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەپێگەی "شەفەق نیوز"ی وتوه‌، "ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە بۆئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانى عێراق بۆدوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوابخرێت".

شەمەری هەروەک دەڵێت، "ئەگەری هەیە پۆستەکە لەپارتی تەقەدوم وەربگیرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان ڕودەدات، هەروەک یەکلاییکردنەوەی ناوی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مان تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەرئەوەش هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەڕلەمانی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دواخستوە".

ڕۆژی سێشەممە 14ى 11ى 2023 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵای پەڕلەمانتار لەیس دلێمیی‌و بەتۆمەتی گەندەڵی‌و ساختەکاریی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دەرکرد.

محەممەد حەلبوسی لەساڵی 2018ـوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە؛ هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدومە، پێشترو بەرلەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە29ی ئابی 2017، ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بەزۆرینەی دەنگ حەلبوسی بەپارێزگار هەڵبژارد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×