بەیانی ئەمڕۆ هەینی، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو لەلایەن وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.
ئاوێنە: عەلی باقری، كە لە دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا گەیشتە هەولێر، لە فڕۆكەخانە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی دیکەوە پێشوازی لێ کرا.
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی باقری لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كۆببێتەوەو پاشان لێدوانی ڕۆژنامەوانیی دەدەن.
هەر ئەمڕۆش، باقری، بە جیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.