توركیا راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر و پاكستان بڵاوكردەوە
  2024-01-18       515       

وەزارەتی دەرەوەی توركیا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە لەدوای هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر و پاكستان و وەڵامدانەوەی پاكستان بۆ هێرشەكەی ئێران.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، نیگەرانی ئەو پێشهاتانەین كە بە هێرشی ئیران بۆ سەر چەند ئامانجێك لە عێراق دەستیان پێكردو پاشان بەرەبەیانی دوێنێ بە هێرشی ئێران بۆ سەر چەند ئامانجێك لەناو خاكی پاكستان پەرەیان سەندو بە هێرشی پاكستان بۆ سەر چەند ئامانجێك لەنێوان خاكی ئێران، گرژتر بون.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاندوە، پێمانوایە كێشەكان دەبێت بە دۆستانەو برایانەو لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی وڵاتان چارەسەربكرێن.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتوشیەتی، هیوادارین هەمو پرسەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوركارییەوە چارەسەربكرێن بەبێ هەڕەشەی زیاتر لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوای لە ئێران، عێراق و پاكستان كردوە زامنی ئاشتی بكەن و ئامادەیی خۆیشی دەربڕیوە بۆ هاوكاری لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×