ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە بڵاوکرایەوە کە زۆرترین دەستدرێژییان کردووەتە سەر ڕۆژنامەنووسان
  2024-01-19       335       

بەگوێرەی ئاماری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان “سی پی جەی”، ئیسرائیل لە ڕیزبەندی شەشەمی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی تێدایە و هاوتای کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەو ژمارەیەش لەو وڵاتە لە دوای ٧ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو زیادی کردوە، لە دوای ئەو دوو وڵاتەش هەریەک لە (چین، میانمار، بێلاروسیا، ڕوسیا و ڤێتنام) بە دوای یەکدا دێن.

لە ئامارەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو ١ی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو ٣٢٠ هەزار ڕۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە لە زینداندا بوون، ژمارەی ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراویش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کەمی کردووە.

جۆوی گینسبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، بەگوێرەی توێژینەوەکانیان، لە چەندین وڵاتانی جیهاندا حوکمی تاکڕەوی جێبەجێ دەکرێت، بەو پێیەی حکومەتەکان پشتیوانی لە ناوبردنی ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانە دەکەن کە ڕەخنە ئاراستەی دەسەڵات دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێگەی ئیسرائیل لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین ڕۆژنامەنووسی تێدا زیندانیکراوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی کە ئازادی ڕۆژنامەوانییە لەو وڵاتە شیبووەتەوە و ڕێکاری توند بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەکاردەهێنرێت.

ئەو ژمارەیەی لەلایەن کۆمیتەکەوە تۆمارکراوە، دووەم بەرزترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوە لە دوای ساڵی ١٩٩٢ەوە، ئەوەش ڕێژەیەکی نیگەرانکەر و ئاڕاستەکەری ڕەخنەیە بۆ حکومەتەکان.

٦٥٪ی ئەو ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوانە، تۆمەتی وەستانەوە بە ڕووی دەوڵەت و هەواڵی ناڕاست و تیرۆر و تۆڵەسەندنەوەیان ئاراستە کراوە، ئەوەش ئاشکرایە بەشێکیان لە زیندانەکاندا دۆخێکی سەخت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

​​​​​

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×