ئێران دەستی بەسەر كەشتییەكی بیانیدا گرت
  2024-01-28       393       

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ كەشتییەكی بیانیی، كە دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنی قاچاخی هەڵگرتبوو لە نزیك بەندەری بوشەهر لەلایەن فەرماندەی هەرێمی دووی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی هەواڵی دەست بەسەرداگرتنی كەشتییەكی نەوت هەڵگری بیانی لە سنووری وڵاتەكەی بڵاو كردەوە.

ئاژانسەكە بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ فەرماندەی هەرێمی دووی سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی بیانی، كە دوو ملیۆن لیتر نەوتی قاچاخی هەڵگرتبوو لە كەنداوی فارس لە نزیك بەندەری بوشەهر ڕاگەیاند.

ئاماژە بەوەش كراوە، هێزی دەریایی ئێرانی چاودێری ئەو كەشتییەی كردووە، هەروەها كەشتییەكە بیانی بووە و ئاڵای وڵاتێكی ئۆقیانووسی لەسەر بووە، دوای ناسینەوەی ئەم كەشتییە، بە فەرمانی دادگا لە دووری ٦٠ میل لە كەناراوەكانی بەندەر بوشەهر دەستی بەسەردا گیرا و ١٤ ئەندامی تیمی بیانی، كە خەڵكی دوو وڵاتی ئاسیاین، دەستگیركران.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕێكارە یاساییەكان تەواو بووە و كارمەندی ئەم كەشتییە ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای بوشەهر كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×