ئەمریكا: سێ سەربازمان لە هێرشێكی درۆنیدا لە ئوردن كوژران
  2024-01-28       312       

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا دەڵێت، سێ سەربازی وڵاتەكەیان لە هێرشێكی درۆنیدا لە ئوردن كوژراون و 25ی دیكەش برینداربون. جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، هێرشەكە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ئەنجامدراوە.

ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە ئەنجامی هێرشێكی درۆنی بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانیان لە باكوری رۆژهەڵاتی ئوردن لەنزیك سنوری سوریا، سێ سەربازی وڵاتەكەیان كوژراون و 25 سەربازی دیكەش برینداربون.

هاوكات، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتی، هێرشەكە لەلایەن "گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی نزیك لە ئێرانەوە ئەنجامدراوە."

لەدوای شەڕی غەززە كە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردو دەستی پێكرد، ئەمە یەكەم جارە سەربازی ئەمریكی لە هێرشەكانی گروپە چەكدارەكاندا لە ناوچەكە بۆ سەر بنكەكانی هێزەكانی ئەو وڵاتە، دەكوژرێن.

سەرۆكی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی، لەكاتێكدا هێشتا زانیاری لەبارەی هێرشەكەوە كۆدەكەینەوە، بەڵام دەزانین هێرشەكە لەلایەن ئەو گروپە چەكدارە توندڕەوانەوە ئەنجامدراوە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن.

جۆ بایدن جەختی كردەوە، "هیچ گومانمان لەوە نییە كە سزای هەمو بەرپرسانی هێرشەكە دەدەین لە كاتێكدا و بە شێوازێك كە خۆمان هەڵیدەبژێرین."

بەگوێرەی میدیاكانی ئەمریكا نزیكەی سێ هەزار سەربازی ئەمریكا لە ئوردن هەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×