سویسرا؛ پەنابەرێكی ئێرانی كوژرا كە سەرنشینانی شەمەندەفەرێكی بە بارمتە گرتبون
  2024-02-09       308       

پۆلیسی سویسرا رایگەیاند، پەنابەرێكی ئێران سەرنشینانی شەمەندەفەرێكی بە بارمتە گرتبون، لە كاتی هەوڵدانی پۆلیسدا بۆ ئازادكردنی بارمتەكان، پەنابەرەكە كوژرا.

ئاوێنە: بەپێی قسەی پۆلیسی سویسرا، ئەو پەنابەرە ئێرانییە، شەوی رابردو، لە ناوچەی "ئی ڤا"ی سویسرا لەنزیك سنوری فەرەنسا سەرنشینانی شەمەندەفەرێكی بە بارمتە گرتون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پەنابەرە ئێرانییەكە چەقۆ و تەوری پێ بوەو 15 كەسی لەنێو شەمەندەفەرەكەدا بە بارمتە گرتبون و ئازادكردنیان نزیكەی 2 سەعاتی پێچوە.

پۆلیس وتوشیەتی، یەكەیەكی تایبەتی هێزە ئەمنییەكان لە جنێفەوە چوەتە ناوچەكەو گەمارۆی شەمەندەفەرەكەی داوەو چەند سەعاتێك هەوڵیداوە لەگەڵ پەنابەرە ئێرانییەكەدا بەڵام نەیانتوانیوە وای لێبكەن خۆی رادەست بكات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرجەم سەرنشینەكان بە شۆفێری شەمەندەفەرەكەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكیان پێ بگات، ئازادكراون.

پۆلیسی سویسرا راشیگەیاند، پاڵنەری پشت ئەم كارەی پەنابەرە ئێرانییە هێشتا رون نییە، یەكێك لە سەرنشینانی شەمەندەفەرەكە وتویەتی، پەنابەرە ئێرانییەكە زۆر پەشۆكاو بوە.

زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو كەسەوە كە پۆلیس دەڵێت، لەكاتی هەوڵدان بۆ ئازادكردنی سەرنشینانی شەمەندەفەرەكەدا كوژراوە، بڵاو نەكراوەتەوە جگە لەوەی كە راگەیەندراوە، بەڕەچەڵەك ئێرانی بوەو لە ناوەندیی پەنابەران لە شاری نوشاتلی سویسرا داوای پەنابەرێتی كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×