ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌ندامی خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، شه‌ش هۆكار بۆ نه‌بونی متمانه‌ی هاوڵاتیان به پرۆژه‌ی "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موچه‌ی هاتوی هاوڵاتیاندا هه‌ر ئه‌وه ناسه‌لمێنێت كه‌ئێوه نه‌ك ئه‌وه‌ی جێگه‌ی متمانه نین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ش ناشێن كه مامه‌ڵه‌ی دارایی بكه‌ن.
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ژێرناوی "له‌خۆتان پرسیوه بۆ هاوڵاتیان متمانه‌یان به (هه‌ژماری تۆ) نییه؟" بڵاویكردۆته‌وه، "له‌دونیای سیسته‌مه پێشكه‌وتوه‌كاندا كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی زه‌روره‌تێكی هه‌نوكه‌ییه و به‌بێ ئه‌و هه‌ژماره كاره‌كان مویه‌سه‌ر نابن، به‌ڵام هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانن فشار دروست بكه‌ن له‌سه‌ر هاوڵاتی كه ده‌بێت له‌بانكێكی دیاریكراو به‌تایبه‌تیش بانكی ئه‌هلی ئه‌و هه‌ژماره بكرێته‌وه ته‌نها له‌یه‌ك باردا نه‌بێت كه وه‌زاره‌ته‌كان سه‌رپشك ده‌كرێن بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ژمار له بانكێكی دیاریكراو، ئه‌گه‌ر ده‌شپرسن بۆ خه‌ڵك و هاوڵاتی متمانه‌یان به هه‌ژماری ئێوه نییه، شه‌ش خاڵ هه‌یه".
یه‌كه‌م:
كورتترین وه‌ڵام ئه‌وه‌یه هاوڵاتیان له‌ئه‌زمونه‌وه ئه‌وه‌یان بۆ سه‌لماوه كه حكومه‌تی هه‌رێم جێگه‌ی متمانه نییه
دوه‌م:
له بیرتانه له ساڵه‌كانی پێشودا ده‌ستكاری پاره‌ی (42) بانكتان كردبو به هه‌ردو لقی بانكی ناوه‌ندی له‌سلێمانی و هه‌ولێر نزیكه‌ی شه‌ش ترلیۆن دینارتان ده‌ستكاریكردبو له‌و نێوه‌نده‌دا بانكی (TBI) كه زیاتر له دو ترلیۆنی هی ئه‌و بو، ئێستاش له‌بوجه‌ی ساڵانه‌دا تۆمارده‌كرێت و ده‌بێت بیده‌نه‌وه، له‌كاتی خۆیدا له‌ساڵی 2017 به به‌ڵگه‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق بڵاومكرده‌وه نقه‌تان لێنه‌هات".
سێیه‌م:
بڕۆن بگه‌ڕێن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانوبه‌ره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك بپرسن بزانن 21 موڵكی بانكی رافیده‌ینتان چۆن ته‌حویل كرده سه‌ر ده‌زگا و كادره‌كانی حیزبتان به به‌ڵگه هه‌مویم پێ وتن .
چواره‌م:
له‌كاتی فرۆشتنی نه‌وتدا ئایا هه‌مو پاره‌كانتان گه‌ڕانده‌وه یان ته‌نها به‌شێكی كه‌م نه‌بیت كه‌دواجار ئاشكرا بو له باونكێكی لوبنانی بڕی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلارتان گیریخواردوه.
چواره‌م:
له‌نێو هه‌ژماره‌كه‌تاندا یه‌كێك له‌و بانكانه‌ی كه دیاریتان كردوه هی وڵاتێكه كه بانكی ناوه‌ندییه‌كه‌ی ئیفلاسی خۆی ڕاگه‌یاندوه.
پێنجه‌م:
مكوڕ بونتان له‌سه‌ر هه‌ژماری تۆ و دیاریكردنی چه‌ند بانكێكی دڵخوازی خۆتان و ڕێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی بانكی ڕافیده‌ین و ڕه‌شید ڕۆمانه‌كانی هاوڵاتیان پشتڕاستناكه‌وه له بێمتمانه‌بون به هه‌ژماری تۆ.
شه‌شه‌م:
ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موچه‌ی هاتوی هاوڵاتیاندا ئه‌وه ناسه‌لمێنێت كه‌ئێوه نه‌ك ئه‌وه‌ی جێگه‌ی متمانه نین هاوڵاتی پاره لای ئێوه دابنێین به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ش ناشێن كه مامه‌ڵه‌ی دارایی بكه‌ن و ده‌بێت (حجرتان بخرێته سه‌ر) وه‌ك ئه‌وه‌ی له فیقهی ئیسلامی‌دا هاتوه.