مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
  2024-03-18       657       

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی داوا لە دەسەڵاتدارنی سنوری زۆنی سەوز دەكات كارەكانی هەژماری من لە سنورەكە رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچەخۆران بنێرن بۆ بەغدا. هەروەك داواش دەكات بە زوترین كات موچەی مانگی 2 دابەشبكرێت و پشتیوانی خۆیشی بۆ بایكۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران رادەگەیەنێت و داواشیان لێدەكات بایكۆتی هەژماری من بكەن.

ئاوێنە: ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ئەمڕۆ دوشەممە، نوێترین هەڵوێستی خۆی لەڕێگەی راگەیەندراوێكەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی خستەڕو

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت"پێویستە یەكێتی و دەسەڵاتی سنوری زۆرنی سەوز بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە راستگۆن لەگەڵ راگەیەندراوی خۆیان و خەڵكی ئەم سنورەو پابەندن بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، ئەوا كارەكانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای كۆیە رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی و رێگەبدەن بەزویی لەڕێگەی یەكێك لە بانكەكانی رەشیدو رەفیدەینەوە كارتی بانكی بۆ موچەخۆرانی ئەم سنورە دروست بكرێت."

ئەنجومەنی جەختیشدەكاتەوە"پشتیوانی لە بایكۆتی خۆڕسكانەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین، هاوكات داواكارین مامۆستایان و فەرمانبەران بایكۆتی هەژماری من و فەرمانگەو خوێندنگاكانیان بكەن بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە."

هەروەها دەشڵێت"دەستبەسەرداگرتن و بە بارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی كۆتایی پێ بێت و بەزوترین كات دابەشكردنی موچەی مانگی 2 دەستپێبكات."

داواش لە حزب و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و زانایانی ئایینی و رێكخراوەكان دەكات "لە ئاست سەختی دۆخەكەدا بن و هەڵوێستی رون و راشكاوانەیان بەرامبەر بە بارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی و هەژماری منی زۆرەملێ رابگەیەنن."

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژە بەوەشدەدات كە چیتر خۆپیشاندانەكان لەبەردەم پەروەردەكان نامێنن و لە ئایندەیەكی نزیكدا بە هاوكاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچكەكان، خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەكەنەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕێمان دەكرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵكی كوردستان بهێنێت و ئاسانكاریی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان بكات. بەڵام بەداخەوە وەك دەبینین دەسەڵات سورە لەسەر سزادان و برسیكردنی مامۆستایان و فەرمانبەران، لەئێستاشدا جارێكی تر دەسەڵات بە پاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستكردنی هەژماری من و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەكان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بدزێتەوەو بەردەوام قەیرانی نوێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن كە تەنیا ئامانجیشیان پەردەپۆشكردنی دزی و گەندەڵییەكان و ستەمی بە بارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنییە. ئەم خۆدزینەوەو پابەندنەبونە تەنیا لە سنوری پارێزگاكانی هەولێرو دهۆكدا نییەو دەسەڵاتدارانی پارێزگای سنوری سلێمانی و هەڵەبجەش بەهەمان شێوەی دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك خەمساردانە مامەڵە دەكەن و باكییان بەبێ موچەیی خەڵك نییەو دەستیانكردوە بە كردنەوەی "هەژماری من"ی زۆرەملێ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران. بۆیە رایدەگەیەنین:

پێویستە یەكێتی و دەسەڵاتی سنوری زۆرنی سەوز بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە راستگۆن لەگەڵ راگەیەندراوی خۆیان و خەڵكی ئەم سنورەو پابەندن بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، ئەوا كارەكانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای كۆیە رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی و رێگەبدەن بەزویی لەڕێگەی یەكێك لە بانكەكانی رەشیدو رەفیدەینەوە كاتی بانكی بۆ موچەخۆرانی ئەم سنورە دروست بكرێت و مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا بكەن.

پشتیوانی لە بایكۆتی خۆڕسكانەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین، هاوكات داواكارین مامۆستایان و فەرمانبەران بایكۆتی هەژماری من و فەرمانگەو خوێندنگاكانیان بكەن بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە.

دەستبەسەرداگرتن و بە بارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی كۆتایی پێ بێت و بەزوترین كات دابەشكردنی موچەی مانگی 2 دەستپێبكات.

حزب و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و زانایانی ئایینی و رێكخراوەكان لە ئاست سەختی دۆخەكەدا بن و هەڵوێستی رون و راشكاوانەیان بەرامبەر بە بارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی هەژماری منی زۆرەملێ رابگەیەنن.

چیتر خۆپیشاندانەكان لەبەردەم پەروەردەكان نامێنن و لە ئایندەیەكی نزیكدا بە هاوكاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچكەكان، خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەكەینەوە. هاوكات داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چین و توێژەكان دەكەین بەیەكدەنگی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەكان و كۆتاییهێنان بە ستەمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی

18/3/2024

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×