ئەمشەو به‌بۆنه‌ی "کاتژمێری زەوی"یه‌وه، کاتژمێر 8:30 تا 9:30 خوله‌ك كاره‌با له‌ته‌واوی جیهان بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر ده‌كوژێندرێته‌وه، وتەبێژی كارەبای سلێمانی-یش ده‌ڵێت، ئەم ئێوارەیە ناتوانن كارەبا بكوژێننەوە، چونكە سیستمەكە بەشێوەیەكە قبوڵی كوژاندنەوەی سەرتاسەریی كارەبا ناكات.
ئاوێنه: چالاکی کاتژمێری زەوی چالاکییەکی جیھانییە، هەمو ساڵێک بەبەشداری زیاتر لە 190 وڵات، لەکۆتا شەممەی مانگی ئادار لەکاتژمێر 8:30ی شەو (به‌كاتی هه‌ر وڵاتێك) بەڕێوەدەچێت.
مه‌به‌ست له‌و چالاكییه، دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ‌و ژینگەیه لەجیھاندا، بۆئەوەی ببێتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ژینگەیی تاکەکانی کۆمەڵگەو پاراستنی گۆی زەوی. بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و چالاكییه له‌ساڵی 2007 لەشاری سیدنی ئوسترالیا به‌ڕێوه‌چو.
لای خۆیه‌وه سیروان محەمەد، وتەبێژی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، "ئێمە لەسلێمانی ناتوانین كارەبا بكوژێنینەوە بۆ ئەو ماوەیە، چونكە سیستمی كارەباكە بەشێوەیەكە قبوڵی كوژاندنەوەی تەواوەتی ناكات لەیەككاتدا."
ئاماژەی بەوەشكردووه، سلێمانی بۆ دابەشكردنی كارەبا كراوە بەچوار بەشەوە، لەیەككاتدا تەنها یەك بەشی كارەبای نیشتمانی هەیە ئەوەی دیكەی كارەبای مۆلیدەی هەیە.
به‌درێژایی 30 ساڵی ڕابردو، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست كێشه‌ی نه‌بون‌و كه‌می كاره‌باوه ده‌ناڵێنن‌و به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم-یش تائێستا نه‌یانتوانیوه چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن، به‌جۆرێك له‌ئێستادا له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا كه‌متر له 10 كاتژمێر كاره‌با ده‌درێت به‌هاوڵاتیان.