ئاوات شێخ جەناب: بۆ دابەشکردنی موچە چاوەڕوانین بەغدا موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان بنێرێت
  2024-03-23       341       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ دابەشکردنی موچە چاوەڕوانین بەغدا موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان بنێرێت". ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لەسەر کێشەی هێزە ئەمنییەکان پێنج رۆژ لەمەوبەر رێککەوتون له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆدی تایبەتیان بۆ دروستبکەن‌و ئێستا کۆدەکانیان ڕەوانەی بەغدا کردووە.

ئاوێنه‌: لەدیدارێکدا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فیزیۆنیدا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سازكراوه‌، ئاوات شێخ جەناب باسی‌ له‌کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان‌و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی كرد. 

له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 2ی‌ موچه‌خۆران، ناوبراو وتی‌، "بۆ دابەشکردنی موچە چاوەڕوانین بەغدا موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان بنێرێت".

راشیگەیاند، "لەسەر کێشەی هێزە ئەمنییەکان پێنج رۆژ لەمەوبەر رێککەوتین له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆدی تایبەتیان بۆ دروستبکەین‌و ئێستا کۆدەکانمان ڕەوانەی بەغدا کردووە، ئێستا چاوەڕوانی پارەناردنین بۆ ئەوەی دەستبکەین بەدابەشکردنی موچە".
 
ئاوات شێخ جەناب دەشڵێت، "کاتێک بەغدا پارەی خستە سەر هەژمارەکەمان، ئێمە پارەکە رادەکێشین‌و دابەشیدەکەین، بۆ ئەم مانگەش خۆمان ئامادەکردووە کاتێک لیستی موچە دەنێرین، هەم وەکو یاسای خانەنشینی و هەم وەکو فەرمانبەری مەدەنی، بچینە سەر یاسای موچەی عێراقی".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، "لیستی موچەی فەرمانبەران، خانەنشین و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە هیچ کێشەیەکی نەماوەو لەئێستا بەدواوە هەموو مانگێک دەتوانین بەکلیکێک لیستی موچە ڕەوانەی بەغدا بکەین و سیستمەکەمان کردووە بەدیجیتاڵی."

سه‌باره‌ت به‌بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق بۆ بنه‌جێكردن (ته‌وتین)كردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌ڕێی‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌، ئاوات شێخ جەناب وتی‌، دادگای فیدراڵ پسپۆڕیی دابەشکردنی موچەی نییەو تەنیا کار بەیاسا دەستورییەکان دەکات، "بەڵام هاتووەتە نێو بابەتێکەوە کە پسپۆڕیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی داراییە، یاسایەک نییە لە عێراق بڵێت دەبێ مووچە بە بانکیی دابەش بکەیت یان بە کاش، بەڵام ئێستا سەپاندوویانە کە دەبێ تەنیا بانکەکانی رافیدەین و رەشید مووچە دابەشبکەن".
 
وەزیری دارایی باس لەروونکردنەوەکانی دادگای فیئدراڵی دەکات و دەڵیت، "تاوەکو ئێستا چەند روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو پرسە لە دادگەی فیدراڵی دراوە و هیوادارین زیاتر روونیبکاتەوە، لەبەر ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتی ئەوە کاری ئێمە نییە مووچەکە چۆن دابەشدەکرێت، بەڵکو ئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنانەت دەڵێت ئەگەر ئێمە مووچەی هەرێمی کوردستان دابەشبکەین، پێشێلی دەستورمان کردووە".

له‌باره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ "هه‌ژماری‌ من" وه‌زیری‌ دارایی وتی‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە 250 هەزار فەرمانبەری بەپرۆژەی هەژماری من بەستووەتەوە بۆ ئەوەی لەرێگەی سیستمی بانکییەوە موچەکانیان دابەشبکات و 142 هەزار کەسیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق بۆ بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان مامەڵە بەو پرۆژەوە ناکەن و دەبێت لەرێگەی ئەو بانکانەوە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتەوە دانیان پێدانراوە."
 
بەوتەی وەزیری دارایی، پرۆژەی "هەژماری من" بانک نییە، زانیاری هەڵەو تێنەگەیشتن لەسەر ئەو پرسە هەیە، هەژماری من پرۆژەیەکە بۆ تەوتین، جیاوازی لەگەڵ تەوتینەکەی عێراق ئەوەیە کە ئەو سیستمەی ئێمە لە هەژماری من کاری پێدەکەین، تەوتین و 19 خزمەتگوزاریی دیکەیە کە پێنج بانک تاوەکو ئێستا بەشدارییان تێدا کردووە کە سەرجەمیان عێراقین و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە متمانەیان پیدراوە.
 
ئاوات شێخ جەناب دەشڵیت، "پرۆژەی هەژماری من بەرەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، پێنج بانکە بەشداربووەکەش لەنێو ئەو 47 بانکەن کە لەبەغدا تەوتین دەکەن و بڕیارە سێ بانکی دیکەی عێراقیش تێیدا بەشداربن، بەڵام تەوتینی عێراق تەنیا کارتێکەو دەچیت پارەی کاشی پێ رادەکێشیت و بەدەر لەمە هیچ مامەڵەیەکی دیکەی ناتوانی پێبکەیت".

وەزیری دارایی و ئابوری پێیوایە دوفاقییەک لەبەغداوە بەرامبەر بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران هەیەو دەڵێت، بانکی رەشید و رافیدەین لەلایەن بانکی ناوەندییەوە متمانەیان پێدراوە و ئەو پێنج بانکەش کە لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارن بەهەمانشێوە متمانەی بانکی ناوەندییان هەیەو لەبەغدا تەوتین دەکەن، بەڵام دەپرسێت، "بۆ دەبێ لە بەغدا بتوانن و لە هەرێمی کوردستان نەتوانن؟"
 
هاوکات دوپاتیدەکاتەوە کە پێنج بانکەکان هیچی بانکی هەرێمی کوردستان نین و دەڵیت، زیاتر لە 93 بانک لە هەرێمی کوردستان هەن کە 23یان لە سلێمانین و پێیوایە؛ "ئەو بانکانە نەک 425 ملیار، بەڵکو ناتوانن 45 ملیۆن دیناریش تەئمین بکەن".
 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×