فراکسیۆنی نەوەی نوێ: پێویستە عێراق‌و هەرێم بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی بۆ موچە جێبەجێبکەن
  2024-03-24       503       

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەنیشتیمانی بکرێت‌و عێراق‌و هەرێم بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ موچە جێبەجێبکەن. دەشڵێت، "سەرەڕای ناردنی پارەی بەغدا، حکومەتی هەرێم ئامادە نییە موچە دابەشبکات".

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق لەكۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیی سازكردو رایگەیاند، دوای بڕیارە دادپەروەرانەکەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەموچەی موچەخۆرانی هەرێم، پیویستە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەنیشتیمانیی بکەن.

وتیشی‌، "بەداخەوە تا ئەم ساتە نەک هەنگاوی بەنیشتیمانیکردنی موچەخۆرانی هەرێم نابینن، بەڵکو حکومەتی هەرێم ئامادە نییە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبکات."

دەشڵێت، ئەم مانگە حکومەتی عێراق 607 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم کردووە، جێگەی سەرنجە مانگی رابردو حکومەتی عێراق 618 ملیار دینار ڕەوانەی کوردستان کراوەو هەرێمیش بەو پارەیە موچەی دابەشکردووە، بەڵام وێڕای نزیکی ئەو دوو بڕە پارەیە، هەرێم موچەی پێ دابەش ناکات.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی خستەرو، لەمانگی ڕەمەزاندا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ موچەن‌و لەموچەی شەش مانگ تەنها یەک مانگ موچەیان وەرگرتووە، ئەمە بۆ هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان جێگەی قبوڵ نییە.

راشیگەیاند، "ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق لێرە لەرێگەی ئەنجومەنی نوێنەران داوای ئەوە دەکەین، چارەسەرێکی خێرا بدۆزرێتەوەو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێبکرێت و موچەی فەرمانبەران راستەوخۆو بەبێ دواکەوتن خەرج بکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×