ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژەبڕیارێکی بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەند کرد
  2024-03-25       205       

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێكی بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە پەسەندكرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریكا خۆی بەدور گرت لە بەكارهێنانی ڤیتۆكردنی پڕۆژە بڕیارەكە.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، 25-03-2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەنگی لەسەر پرۆژەبڕیارێکی تایبەت بە داواکردنی ئاگربەستێكی دەستبەجێ لە غەززەو ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو کەرتەکە دا.

دەنگدانەکەی ئەنجومەنەکە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، روسیا و چین، پرۆژەبڕیارێکیان ڤیتۆ کرد، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش کرابو. روسیا ئەوکات وتی، پرۆژە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە.

پرۆژەبڕیارەکە بە دەنگی 14 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە پەسەند کرا، ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی دەنگی بە پرۆژەبڕیارەکە نەدا بەڵام خۆی بەدورگرت لە بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ بۆ رەتكردنەوەی پڕۆژە بڕیارەكە.

 لەدوای پەسندکردنی، چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە راستەوخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاگربەست لەنێو مانگی رەمەزاندا جێبەجێبکرێت.

پێش دەنگدان بە پڕۆژەبڕیارەکە، 22 وڵاتی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا داوایان لەسەرجەم 15 وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە کرد "یەکگرتو و یەکدەنگ" بن و دەنگ بە پڕۆژەبڕیارەکە بدەن، "تاوەکو خوێڕشتن رابگرن و پارێزگاری لە گیانی خەڵکی سڤیل بکەن"، جەختیشیان کردەوە "کاتی ئاگربەست هاتوە".

جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزوتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جونشینەکان و  لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گروپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بەبارمەتە گیران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×