مه‌سعود بارزانی: پارتی لە 1991ـەوە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە
  2024-03-27       591       

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، خوازیاری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنین، بەڵام دور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت، ده‌شڵێت، "لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن بوە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، مه‌سعود بارزانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، "هەر لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بوە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ماوەی دوساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانوی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگەی فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت.

مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت، "ئێمە خوازیاری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنین، بەڵام دور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگای فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت، ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستوری دادگەی فیدڕاڵ كە تێیدا دادگە خۆی خستوەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن"، هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تێبینی و داواكارییەكانی پارتی یاسایی و لە چوارچێوەی دەستور و لەپێناو بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی ڕاست و ڕەوا و بێگەردە.

په‌یوه‌ست به‌ راگرتنی ناردنی پشكی كورد له‌ به‌غداوه‌، بارزانی وتویه‌تی، "ناكرێت مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ بودجە و قوتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، بەپێویستی زانی كە چارەسەرەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێم دابنرێت"، ده‌شڵێت، "ئێمە پشتئەستورین بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروستبوە نەك بە بڕیاراتی دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×