لێدوانی مەسرور بارزانی لەبارەی دابەشكردنی دو موچەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران
  2024-03-27       783       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرادەكات و دەڵێت، وەزارەتی دارایی راسپاردوە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی دو و ئامادەكاریش بكەن بۆ دابینكردنی موچەی مانگی سێ و مانگەكانی داهاتوش. دەشڵێت، بڕیارمانداوە بە تەرخانكردن و دابەشكردنی زەوی بەسەر هەمو ئەو فەرمانبەرانەی كە تاوەكو ئێستا سودمەند نەبون.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوای دوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، لە وتەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "هەر وەک چۆن دوێنێ بەڵێنمان پێدان کە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بدەین."

سەرۆكی حكومەت وتیشی"وەزارەتی داراییم راسپاردوە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی موچەی مانگی دو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوش، ئێمە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستوری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێی بکەن بۆ دابینکردنی موچەکان".

باسی له‌وه‌شكرد: "ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوە هەمومان جێەجێکردوە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەمو کاری پێویستییان کردوە بۆ ئەوەی هەمو رێکارەکان بگرنەبەر و هەمو ئەو بیانویانەی تا ئێستا بەکارهێنراون هەمویان نەهێڵن و ئەوەی لەسەر شانی ئێمەبوە ئەنجاممان داوە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی موچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت."

مەسرور بارزانی وتیشی"لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ئێمە هەندێک بڕیاری ترمان لە ئەنجومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارە قوڕسە ناهەموارە ئابورییەی کە کەوتوەتە سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تۆزێک بۆیان سوکبکەینەوە، بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستبکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەمو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکومەت سودمەندنەبون".

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت"داوامانکردوە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبوی کارەبا بە رێژەی 20%. ئێمە وەزارەتە مەعنییەکانمان راسپاردوە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن هەروەها بۆ داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبوی مرور (هاتوچۆ) و داشکاندنی 50% لە رسوماتی هێنانی گۆشت و هەروەها داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان".

هێمای بۆ ئەوەش كرد"هەروەها لێخۆشبونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و راسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی رسوماتی کەڵەکەبوی ئاو بە رێژەی 20% و داشکاندنی رسوماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی ئەوانیش بە هەمان شێوە بە رێژەی 20% و لێخۆشبون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان."

ئەوەشی خستەڕو"هیوادارم  ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵوقەی ئابوری کە کەوتوەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەسەری گشت گرفتەکانی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون".

ئاماژەی بەوەشدا"ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردوە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×