یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەمانەوێت نەوتی هەرێم هەناردە بكرێتەوە
  2024-03-27       528       

جیۆفری پایات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سیاسەتی وزەی جیهانی رایگەیاند، "لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە، بەغدا و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین."

 ئاوێنە: جیۆفری پایات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ سیاسیەتی وزەی جیهانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەیەکی وزەیە کە ئەمریکا بەجیدی دەیەوێت دەستپێبکاتەوە."

 وتیشی"هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی ئابورییە بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات سەرچاوەیەکی دابینکردنی وزەشە بۆ ئەورەپا کە وێڵن بەدوای سەرچاوەی وزەی ناروسیدا."

 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سیاسەتی وزەی جیهانی سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وتی "ئەم پرسە بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان کاتێک سەرۆک وەزیرانی عێراق دێتە واشنتن و منیش بەشێک دەبم لەو گفتوگۆیانە... لەسەر هەمان بابەت دوێنێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقیش قسەمان کردوە، منیش لە کۆبونەوەکەی بلینکن و فواد حسێن بەشدار بوم."

ئاشکراشی کرد "ئاگادارم حکومەتی عێراق دەیەوێت کۆمپانیای دیکەی بیانی لە کەرتی وزە بانگهێشتی عێراق بکات بۆ نوێکردنەوەی کەرتی وزە، هەروەها زیادکردنی وزەی پاک بۆ عێراقییەکان، بەڵام ئەمە کارێکی قورس دەبێت تاوەکو کێشەی بۆریی نەوتی عێراق تورکیا (نەوتی هەرێمی کوردستان) چارەسەردەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×