وەزیرێكی حكومەتی هەرێم: تا ئێستا 200 ملیار دینار کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی دو
  2024-03-27       386       

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی دو کە بڕیاری دابەشکردنی داوە، 200 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، بەو پێیەی داهاتی ناوخۆ "کەمبوەتەوە و ئەو پارەیەی لە عێراقیشەوە نێردراوە بەشی موچەی تەواوی موچەخۆران ناکات."

ئاوێنە: وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران دا، لایەنە حکومییەکانی ڕاسپارد بەهەر شێوازێک بێت، تەنانەت قەرزیش بێت، ئەو 200 ملیار دینارە دابینبکەن و موچەی مانگی دو دابەشبکەن."

وتیشی"دابەشکردنی موچەی مانگی 2 بڕیاری لێدرا و دابەشدەکرێت، بەڵام هێشتا بەرچاو ڕونی نییە بۆ موچەی مانگی 3 بەوەی عێراق گرفت دروستدەکات یاخود نا."

ئەمڕۆ چوار شەممە، 27-3-2024، دوای تەواوبونی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "وەزارەتی داراییم ڕاسپارد بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی دو و ئامادەکاریکردن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێی فەرمانبەران."

بارزانی وتیشی، "حکومەتی فیدراڵ دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی دەستوری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێی بکەن بۆ دابینکردنی موچەکان."

حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەبێت تا پێداچونەوە بە یاسای بودجەی عێراق مانگانە بڕی 618 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ موچەی موچەخۆران. بەڵام ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەنییە موچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بدات، بەو پێیەی داوای لیستی ناوەکانیان دەکات و هەرێمیش ڕەتیدەکاتەوە.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم کە لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بەشداربوە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لیستی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی عێراق دەکەین. عێراق بڕی 618 ملیار دینارەکە دەدات، بەڵام داوای لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکات تا کۆی پارەکە بدات کە سەروی 900 ملیار دینارە."

وەزیرەکە ڕایگەیاند، "عێراق بەڵێنیداوە موچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر بنەمای کۆدی بایۆمەتری بدات، حکومەتی هەرێمیش بەمە ڕازییە...بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق زۆر جێگای پشتپێبەستن نین."

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای هەڵوێستەکانی پارتی و نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم، لایەنە شیعەکان خۆیان گفتوگۆیان لەگەڵ مەسعود بارزانی کرد و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشیان بە وەکالەت ناردە لای."

ئەو وتیشی، "لایەنە شیعەکان بەڵێنی جدییان داوە نەهێڵن گرفت بۆ موچەی موچەخۆران دروست ببێت و موچەی هێزە سەربازییەکان بە کۆد بدەن. پێش جەژنی ڕەمەزان ڕوندەبێتەوە بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن یاخود نا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×