سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین: ‏نەخێر بۆ گەندەڵی و ئیستیغلالی سۆزی نەتەوەیی بۆ مەرامی کەسی و حزبی
  2024-03-28       506       

سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌وان لەگەڵ لێکتێگەیشتن و چارەسەری یاسایی وئاشتیانەی گرفتەکانین لەگەڵ بەغدا، بەڵام "نابێت لەسەر حسابی مافی زەوتکراوی موچەخۆرانی هەرێم بێت و تەحایول بێت"، ده‌شڵێت، "بەڵێ، بۆ دابینکردنی قوت و ئازادی هاوڵاتیانی نیشتمان ‏نەخێر، بۆ گەندەڵی و نادادی و ئیستیغلالی سۆزی نەتەوەیی بۆمەرامی کەسی و حزبی".

ئاوێنە: سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین له‌ په‌یامێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دواكه‌وتنی موچه‌ راگه‌یاندوه‌ و باسی له‌وه‌كردوه‌، "بەداخەوە گەیشتینە ڕۆژگارێک پاش 55 ڕۆژ هەواڵی موچە بە موژدە بڵاودەکرێتەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هەمیشە ئه‌وان لەگەڵ لێکتێگەیشتن و چارەسەری یاسایی وئاشتیانەی گرفتەکانین لەگەڵ بەغدا، بەڵام "نابێت لەسەر حسابی مافی زەوتکراوی موچەخۆرانی هەرێم بێت و تەحایول بێت لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بەمسۆگەرکردنی ماف و شایستەداراییەکانی هاوڵاتیانی موچەخۆرانی هەرێم".
 ‏ 
سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین ده‌ڵێت، "بەڵێ، بۆ قەوارەی دەستوری هەرێم، بەڵێ، بۆ دابینکردنی قوت و ئازادی هاوڵاتیانی نیشتمان ‏نەخێر، بۆ گەندەڵی و نادادی و ئیستیغلالی سۆزی نەتەوەیی بۆمەرامی کەسی وحزبی".

دوێنێ چوارشەممە دوای تەواوبونی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، "وەزارەتی داراییم ڕاسپارد بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی دو و ئامادەکاریکردن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێی فەرمانبەران".

بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی دو لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە موچە دابەشنەکراوە و حکومەتی هەرێم لە 6 مانگی ڕابردودا تەنها توانیویەتی یەک موچە دابەشبکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×