به‌شێكى پاره‌ى موچه‌ى مانگى دوو خرایه‌سه‌ر هه‌ژمارى بانكيى حكومه‌تى هه‌رێم
  2024-03-28       501       

بەڕێوەبەری جوڵەی دراو لەبەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، "ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لەبانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتوەو خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکومه‌تى هه‌رێم"، ده‌شڵێت:"بەڵام تائێستا به‌غدا موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانى ڕەوانە نەکردوەو لیستی موچەی مانگی سێ-ش پلەبەرزکردنەوەی لەگەڵ نییە".

نادر مەجید نادر بەڕێوەبەری جوڵەی دراو لەبەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بەمیدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لەبانکی ناوەندیی لقی هەولێر وەرگرتوەو خستمانەسەر هەژمارەکانی بانکیی حکومی بەمەبەستی ئامادەکردنی موچەی مانگی دوو".

وتیشی:"ئێمە داوامان لەعێراق کردوە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تائێستا موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردوە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە، ئێمە لەڕۆژى 5ى ئه‌م مانگه‌وه‌ لیستمان ڕەوانەی بەغدا کردوە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بنێرن تاوەکو موچە بەتەواوی دابەشبکەین".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "سەرۆکی حکومەت داوایکردوه‌ لیستی موچه‌ى مانگی سێ-ش ئامادەبکەین، ئێمەش دوو ڕۆژە خەریکی ئامادەکردنی ئەو پڕۆسەیەین‌و نزیکەی له‌98% کارەکانی لیستی موچەی مانگی سێ تەواوبوە".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "لیستی موچەی مانگی سێ پلەبەرزکردنەوەی لەگەڵ نییە، لەبەرئەوەی داوامانکردوە لەوەزارەت‌و دامودەزگاکانی حکومی بۆمان ڕەوانە بکەن تاوەکو بزانین ڕێژەکەو بڕی پارەکە چەندە، بۆ ئەوەی داوا لەعێراق بکەین ئەو بڕە پارەشمان بۆ بنێرن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×