بەرپرسێك لە سەرۆكایەتی كۆمار زانیاریی لەبارەی موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و تەوتین دەخاتەڕو
  2024-03-28       621       

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، لە ئێستادا لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەو دوای وردبینی لە چەند رۆژی داهاتودا خەرج دەكرێت. دەشڵێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە دادگای فیدراڵی كردوە لەبارەی تەوتین رونكردنەوە بدات و لەوبارەیەشەوە "هەست بە بونی ئاسۆیەكی گەش دەكرێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك."

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوەو تێیدا جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی كردەوە.

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار بە میدیای رەسمی یەكێتی وتوە، كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆك كۆمار لەگەڵ وەزیری دارایی بۆ ئەوە بو پشتیوانی بكات لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و داوای لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ كرد لەبەر رۆشنایی یاسا هاوكاری حكومەتی هەرێم بكەن بۆ خەرجكردنی موچەكانیان.

وتیشی، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرسی هەژماری من و تەوتین نەكراوە، ئەو وردەكارییە هونەرییانە دەبێت لەنێوان هەردو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم ساغ بكرێنەوە.

هاوڕێ تۆفیق وتیشی"سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ داوای لە دادگای فیدراڵی كردوە كە رونكردنەوە پێشكەش بكات لەسەر ئەو بڕیارەی كە دادگاكە داویەتی بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی ئەو رونكردنەوەیەدا یارمەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم بدات بۆ رەچاوكردن و دۆزینەوەی رێگایەكی گونجاو بۆ تەوتینكردن كە هەردو حكومەت و هەردو وەزارەت لەسەری رازی بن."

ئەو بەرپرسە لە سەرۆكایەتی كۆمار وتیشی"بەپێی بەدواداچونی ئێمە هەست بە بونی ئاسۆیەكی گەش دەكرێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك. بەڵام ئەوەی گرنگە لە سەرۆكایەتی كۆمار جەخت لەسەر پڕەنسیپێك دەكرێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە موچەی خەڵك بدرێت. بۆیە وردەكارییە هونەری و كارگێڕییەكان، ئەوە جێدەهێڵرێت بۆ هەردو وەزارەت و ئێستاكە هەوڵەكان چڕكراونەتەوەو رۆژ بەڕۆژ ئەو بەربەستانەی هەن لادەبرێن."

لەبارەی خەرجكردنی موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم، هاوڕێ تۆفیق وتی، لە ئێستادا لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم، دوای وربینیكردنی لەلایەن چاودێریی دارایی هەرێمەوە نێردراوە بۆ دەزگای چاودێریی دارایی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەوانیش وردبینییەكەی تەواو بكەن و لەپاش وردبینییەكە كە پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتودا تەواو بكرێت، لەلایەن سەرۆك وەزیرانی فیدراڵەوە لەبەر رۆشنایی ئەو وردبینییە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەبەستی خەرجكردنی موچەكانیان.

هەروەها ئەوەشی خستەڕو، ئەوەی تاوەكو ئێستا رێككەوتنی لەسەر كراوە لەنێوان هەردو سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوەیە كە لیستی هێزە ئەمنییەكان، بەشێوەی كۆد بنێردرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی پشتیوانی یاسایی وەربگرێت نێردراوە بۆ چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ ئەوەی ئەوان هەڵسن بە وردبینیكردن و پاش وردبینیكردنەكە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ پارەداركردن.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆیە دوای تەواوكردنی وردبینییەكە لەچەند رۆژی داهاتودا پارەداركردنی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×