هەشت كۆنگرێسمان بۆ بایدن: نیگەرانین لە بانگهێشتی سودانی بۆ ئەمریكاو رەتكردنەوەی دیدارت لەگەڵ مەسرور بارزانی
  2024-03-29       652       

هەشت كۆنگرێسمان لە نامەیەكدا بۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا نیگەرانی خۆیان لەبارەی بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی دەردەبڕن لەكاتێكدا وەك ئەوان دەڵێن، سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردۆتەوە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ببینێت. ئەو كۆنگرێسمانانە پێیانوایە دەبێت بایدن دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و پارەداركردنی هەرێم لەلایەن بەغداوە بكاتە پێش مەرجی سەردانەكەی سودانی بۆ ئەمریكا.

ئاوێنە: هەشت کۆنگرێسمانی ئەمریکا كە چوار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و چوار ئەندامی ئەنجومی پیرانن، دوێنێ پێنجشەممە، نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردوەو تێیدا نیگەرانی قوڵی خۆیان لەبارەی بانگهێشتكردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی دەردەبڕن.

رۆژی هەینی، 22-03-2024، کۆشکی سپیی ئەمریكا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

ئەو هەشت كۆنگرێسمانە لە نامەكەیاندا بۆ بایدن دەڵێن، "نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەبارەی بانگهێشتتان بۆ میوانداریكردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی سپی لە مانگی نیساندا."

هەروەها دەشڵێن"تا ئێستا حكومەتی عێراق لەژێر هەژمونی گەورەی ئێراندایەو ساڵانە حكومەتی عێراق نزیكەی 3 ملیار دۆلار دەداتە گروپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، كە لەنێو ئەو گروپانەدا چوارییان لەلایەن ئەمریكاوە وەك گروپی تیرۆریستی پۆلێن كراون."

كۆنگرێسمانەكان دەشڵێن"ئەو گروپانە لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023ەوە، زیاتر لە 180 هێرشیان كردۆتە سەر هێزەكانی ئەمریكاو كوردستان، كە كوژرانی سێ سەربازیی ئەمریكی و برینداربونی زیاتر لە 100 كەس لەو هێرشانە كەوتۆتەوە."

دەشڵێن"لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوە بەردەوامن لە بەخشینی حكومەتی عێراق لە سزاكانی ئەمریكا بۆ هاوردەكردنی كارەباو غازی ئێرانی، ئەوەش هەموی بەو دۆلارە ئەمریكییانە دەكرێت كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە دەنێردرێن بۆ عێراق."

هەشت كۆنگرێسمانەكە لە بەشێكی دیكەی نامەكەیاندا بۆ بایدن دەڵێن"بانگهێشتكردنت بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سەردانی واشنتۆن، لەكاتێكدایە كە رەتت كردەوە چاوت بە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان بكەوێت، كە ئەو هاوبەشێكی گرنگی ئێمەیەو كوردستان میوانداریی زۆترین ژمارەی هێزە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە."

ئاماژە بەوەش دەكەن كە "حكومەتی عێراق چالاكانە لەگەڵ تاران دژی كوردە هاوپەیمانەكانمان كاردەكات، لەنێو ئەو كارانەشدا هەڵساوە بە بڕینی پارەی حكومی و داخستنی هێڵی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و توركیا كە زۆربەی ئابوریی كوردستان پێكدەهێنێت."

كۆنگرێسمانەكان بۆ بایدن جەخت دەكەنەوە كە "دەبێت ئێوە سەرنجتان لەسەر دانانی سنورێك بێت بۆ هەژمونی ئێران لە عێراق و كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ هاوبەشەكانمان لە كوردستان."

هەروەك دەشڵێن"وەك پێش مەرجێك بۆ سەردانی سەرۆك وەزیران سودانی، دەبێت داوای كردنەوەی دەستبەجێی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و توركیا بكرێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت هەناردەی نەوت بكات و چیتر سەرچاوە داراییە گشتی و تایبەتەكانی ئەمریكا نەكەونە بەر هەڕەشەی هەژمونی تاران لە بەغداو تۆ دەبێت داوا لە حكومەتی عێراقی بكەیت دەستبكاتەوە بە پارەداركردنی هەرێمی كوردستان و فرۆشتنی دەستبەجێی نەوتی كوردستان لە بەندەری جەیهان."

ئەوان داواش لە بایدن دەكەن رێگە نەدات چیتر حەواڵەی دۆلاری ئەمریكی بۆ عێراق بكرێت تا ئەو كاتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەو پارانە سود بە رژێمی ئێران و بریكارەكانی ناگەیەنن.

دەشڵێن، رازیكردنت بۆ ئێران، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای خستۆتە بەر مەترسی و پەیوەندییەكانمانی لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لاوازكردوە، لەگەڵ ئەوەی گرتنەبەری رێكارەكان بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان، نابێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئەو زیانانەی تۆ هۆكاری بویت، بەڵام یەكەم هەنگاوی گرنگ دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×