بالادی شادی و هەڵگێرانەوەی تێروانینەکان
  2024-06-08       349       

ڕانانی: بەکر ئەحمەد

 

ناوی کتێب: بالادی شادی، چیرۆکە شیعر

نووسینی : چاوە/ فاتیح شیخ

چاپخانەی هانا سوید

 

سەفەر یانی ئازادکردنی غوربەتە لە زیندانەکانی گەڕەکێکداو

نیشتەجێکردنی ئەوە لە گەڕەکی بێ ماڵیدا

یانی بێکارکردنی “بادی خۆش مروور”ە وەک پۆستەچی بە پەنجەی “بینێرە”ی مەیلێک

سەفەردەکرێ گەورەکردنی وێنەی نیشتیمان وهەڵواسینی بێ  بە دیواری ناو ماڵەوە

یان بچووککردنەوەی وێنەی گۆی زەویی و هەڵواسینی بێ بە لای پەنجەرەی نیگاوە

فێربوونی کچەکەمە بۆ وتنی: بە بڕوای من

ڕەوینەوەی  ترسی ژنەکەمە لەهەڕەشەکانی دەستی تەڵاق

سەفەر دەکرێ ونبوونی دەمووچاوی باوکێک بێت و

دروستبوونی دەیەها دەمووچاوی دیکەی باوک بێت.

بەشێک لە قەسیدەی: "سەفەر و باپیرەم و کچەکەم"  بەکر ئەحمەد

لە ناو "لێکۆلینەوەکانی کۆچ"دا دەربڕینێک هەیە پیی دەوترێت "ئەکولتوراسیۆن".   چەمکەکە بە کورتی باس لە نیگای ئینسانی کۆچکردوو دەکات بۆ ژیان لەناو دوو ژینگەی کولتوریدا و دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت.

یەکەمییان: چەندە ئینسان دەستدەگرێت بە پێوەر و بەها کولتورییەکانی خۆیەوە و دەستبەردارییان نابێت.

دووەمیشییان: چەندە ئینسان دەیەوێ لە پەیوەندییەکی دانەبڕاودا بێت لە ناو بەها و پێوەرە کولتورییەکانی کۆمەلگای نووێدا.

ڕەنگە دەموچاوی "جانوس" کە یەکێک لە پەیکەرە یۆنانییە کۆنەکانە باشترین دەربڕینێک بێت بۆ ئەم قڵیشانە ڕۆحی و دووکەرتبوونە ناوەکییەی ئینسانی کۆچکردوو. پەیکەرەکە سیمای ئینسانێکی هەیە کە خاوەنی دوو دەمووچاوە. پشت لەیەک. ئینسان لە هەمان کاتدا پێش و پاشی خۆیشی دەبینێ.  لە دۆخی کۆچدا، بوونی نیگایەکە لەسەر ڕابردوو و هاوکاتیش نیگایەک لە ئایندە. ڕاگرتنی ئەم باڵانسە و بەئاگابوون لەوەی کە نیگا دەکرێت چۆن ڕابگیرێت ، دەکەوێتە سەر هەڵبژاردنی ئەو ستراتیژیانەی کە کەسی کۆچبەر دەکرێ هەڵیانبژێرێت.

 

ئەکولتوراسیۆن وکۆچ

لای " بیرڕی"، پرۆسەی ئەکولتوراسیپن دەکرێ چەند ئاراستەیەک بە خۆیەوە بگرێت وەک ستراتیژییەکی هەڵبژێردراو لەلایەن کەسی کۆچکردووەوە.

یەکەمیان: خۆجیاکردنەوە. لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو، بەها و پێوەرە کولتورییەکانی گرووپی خۆ لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت و هیچ پەیوەندییەکی دینامیکی لەگەڵ کۆمەلگای نوێ و بەهاکانیدا پێکناهێنێت. بەشیکی بەرچاوی کۆمەلگای کوردی دەرەوەی وڵات ئەم دۆخە بەسەر دەبەن و دەربڕینی: ئێمە کوردین و ترادیسیۆنە کوردی و بەها کۆمەلایەتیە کوردییەکان دەپارێزین، باشترین دەربڕینێکی ئەم دۆخەیە.

دووەمیان: تواندنەوە یان ئەسیمیلاسیۆن. لەم ستراتیژیەدا، کەسی کۆچکردوو، هەموو پردە کولتوری وبەها ترادیسیۆنییەکانی نێوان خۆی وکۆمەلگای یەکەمی تێکدەڕوخێنێت و لەناو پێوەرە کولتوری و بەهاکانی کۆمەلگای نوێدا دەتوێتەوە.

سێیەمیان: ئاوێزانبوون. لەم ستراتیژییەدا تاکی کۆچکردوو لە نێوان هەردوو کولتوورەکەدا هەلدەکات و پەیوەندی لە گەڵ کۆمەلگای یەکەم و دوومیدا لە بالانسێکی ئاسایدا ڕادەگرێت.

چوارەمییان: لە پەراوێزدا بوون. لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو هیچ پەیوەندییەک بە کۆمەلگای کۆن و نوێیەوە  ناهێلێت. نەوجەوانانێکی بە تەنها هاتوو دەکرێ لەم دۆخەکەدا خۆیان ببیننەوە.

بێگوومان هەلبژاردنی هەریەکێک لەم ستراتیژیانە ، بە تەنها وەک خواستێکی تاکانەی ئینسانەکان چاویلێناکرێت و پێشینە کولتووری و ئینتیما ئەتنییەکانی کەسی کۆچکردو و ستراکتۆرەکانی کۆمەلگای نوێ بۆ دەرگاکردنەوە یان داخستن لەبەرانبەر کۆچبەردا ، گرنگی خۆی هەیە.

بەوەی کە کۆمەلگاگاکی کوردستان چەندین دەیەیە ئینسانی لێهەڵدێت و روودەکەنە ئەوروپا، بە خوێندەوار و نەخوێندەواریەوە، بە نووسەر و سیاسییەکانییەوە، کەچی هێشتاکەش ئێمە لە دەرەوەی وڵات خاوەنی بەرهەمێکی نووسراوی وا نین کە ژیانی ئێرە بناغەی نووسین و تێرامانە ئەدەبییەکان بێت. بێگوومان ئەم دەربڕینەی من گشتیگیر نییە و گەورەبوونی نەوەی دووەم و سییەمی کورد لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵێک ناو و نووسەری پێگەیاندووە کە هێشتا بەرهەمەکانیان وەرنەگێردراونەتە سەر زمانی کوردی. لە ولاتێکی وەک سویددا، ئینسان دەکرێت سەربەرزانە خۆی بەو نووسەرانەوە با بدات و دڵگەرم بێت بە لەدایکبوونی ئەدەبیاتێکی دیکەی کوردی کە لە زێدی یەکەمی خۆیدا گەورە نەبووە و قاچەکانی تووند لە ناو هەر دوو کۆمەلگاکەدا داکوتراوە و وەک مەلەوانێکی کارا، بە نیگایەکی ئەدەبی سەرکەوتوانەوە، بەرهەم دەخوڵقێنێ.

نالی لە " قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور"دا  بە دەنگێک دەربڕی ئەم دۆخی دەرپەراندنەی ئینسانی کورد نیشاندەدات لە رۆژگارێکی دوورەوە، کە تا ئێستاش سەداکەی لە گوێچکەی زۆربەماندایە.  ئەو لە ئەستەمبوڵەوە کونجی خانەقاکەی خۆی دەبینێ. بەڵام ئەستەمبوڵ دیار نییە.  شیرکۆ بێکەس ، درێژترین شیعرو زۆرترین بەرهەمەکانی لە ستۆکهۆڵمی سویددا دەنووسێت، کەچی بە تەنها قاوەخانەیەکی گەرەکی "گاملستادن"  دەبێت بە  ئیکسسوارێکی ناو شیعر و لەولاشەوە حاجیحان و مەڵکەندی و مەهاباد و دیاربەکر بە هەموو کووچە و کۆلانەکانیانەوە ئامادەییان هەیە. نووسەرێکی کورد دەڵێ:" تا ئێستاش خەونێکم نەبینیوە زەمینەکەی سویدی بێت." بەڵام بۆ شاعیرێکی تەمەن لەسەر و هەشتاوە ، کانی ئاسکان و سنە و لەندەن و شاخەکانی وێلزلە تەنیشت یەکەوەن و خوێنەر بێ هیچ رێگرییەکی کولتوری و ڕۆحی بە ناو کووچە وکۆلانەکانی ئەم شوینانەدا دەکرێ سەفەر بکات. پرسیار ئەوەیە: نیگا و تێروانینی ئینسان ڕوولەکوێیە؟

"بالادی شادی" سەفەری "چاوە"ی شاعیرە بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی کۆمەڵێک خێزانی کورددا کە لە کوردستانی خۆرهەڵاتەوە دەردەپەڕێنرێن و لە سلێمانی نیشتەجێدەبن و دواتریش لە لەندەن دا  دەگیرسینەوە. ئەوەی لەم بەرهەمەدا جێگای تێرامانی منە، ئەم جێگۆڕکێ نەسرەوت و سووڕانەوە هەمیشەییەی نیگایە لەسەر نەخشەیەک کە کۆچ و دەرپەراندنی ئینسانەکان کێشاویەتی.

 

بالادی شادی چیرۆکە شیعرێکی درێژەو لە 22 بەش پێکهاتووە.

بەڵام بەرلەوەی سەفەرێکی کورت بەناو دێرەکانی ئەم بەرهەمە شیعرییەدا بکەم، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم دەبێت لەسەر ناونیشانی بەرهەمەکە. "بالاد" لە زمانە ئەوروپییەکاندا مێژوویەکی درێژی هەیە و سەرەتاکانی تا سەدەی 12 درێژ دەبێتەوە. بالاد بەو گۆرانییانە دەوترێت کە لەگەڵ سەمادا دەچڕدرێن و بەشێکی زۆر لە چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆژانە لەخۆ دەگرن. مێژووی بالاد درێژ دەبێتەوە و چەندەها لق و پۆپی دیکەی لێدەبێتەوە. لە زمانی کوردیدا، ڕەنگە حەیران نزیکترین شیوازێکی گۆرانی بێت کە لەگەل بالاددا یەککبگرنەوە.

هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ ئەم بەرهەمە لەلایەن "چاوە"وە، تێرامانێکی قوڵی لە پشتەوەیە و لەگەڵ ناوەرۆکی بەرهەمەکەدا یەکانگیردەبێتەوە.

 

شەو لە نیوە ترازا بوو، لە دیسکۆ هاتبوونە دەر

بەم گێرانەوە کورتە و برووسکە ئاسایە، چاوە، کیشماندەکاتە ناو دەسپێکی چیرۆکە شیعرییەکە. ئەویش سەرەتای یەکترناسینی دوو لاوی گەنجی لە لەندەندا گەورەبووی کوردە بە ناوەکانی "شاد" و "شادی"یەوە. ئەم یەکترناسینە کورتەی نیوەشەوێکی ناو مێترۆی لەندەن، چەندین ویستگەی تری بەدوادا دێ و دەبێتە هۆکاری یەکترناسینی دوو خێزان کە هەریەکەیان لە سوچ و کەنارێکی نیشتیمانی یەکەمی خۆیانەوە دەرپەڕێندراون و لێرە گیرساونەتەوە. "گەشە"، "دایە حەبیبە"، "شاهۆ" ، "کەسنەزان" و چەندین ناوی دیکە کە هەریەکەیان چمکێکی ئەم چیرۆکە دەکەوێتە سەرشانیان، لە بەرەو پێشەوەچوونی چیرۆکەکەدا ، هەریەکەیان دێنە سەر شانۆی رووداوەکان و لایەنێک لە مێژووی خۆشی و ناخۆشییەکانی خەلکی کورد و ژیانی نویی لە هەردوو دیوی کوردستان و لەندەندا دەگێڕنەوە.

بەڵام "بالادی شادی" هەر بە تەنها داستانی ڕۆژڕەشی و نەهامەتییەکانی خەلکی کورد نیە. بەلکو لە ڕێگەی ئەو ئاستە بەرزە لە وشیاری پالەوانەکانەوە  کە نزیکایەیییەکی قوڵییان لەگەل شیعر و گۆرانی کوردی و جیهانیدا هەیە، ئەم بەرهەمە دەکەنە سرود و گۆرانییەک بۆ بەباڵاداهەلدانی شیعر و گۆرانی و  بەرزنرخاندنی  ئەم لقە ئەدەبییانە لە ژیانی رۆژانەی ئینسانەکاندا. بالادی شادی نەک هەرحەیرانێکی درێژە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و فارسی لە ڕیگای گۆرانی و شیعرەکانی ناو ئەم بەرهەمەوە بەم زمانانە، بەلکو حەیرانێکی "پێشەخۆشە"  لە ستایشکردنی  شیعر و گۆرانیدا.

 

یۆسۆ ئاسکەو دەمووچاوێکی دیکە

چاوە لەم حەیرانە درێژەدا، نەک هەر شیعرو گۆرانییە سادەکانی سەر زمانی خەلکی و شیعرە بەناوبانگە کوردی و جیهانییەکان بەسەردەکاتەوە لە ڕیگەی ئاخاوتنی پالەوانەکانەوە، یاخود لە ڕێگەی منی گێڕەرەوەی چیرۆکە شیعرییەکەوە، بەلکو ڕاستکردنەوەیەککیش بۆ ئەم مێژووە هەلەیە دەکات کە بەشێک لە شاعیرە گوومناوەکانی کوردوستان ڕووبەڕویی  بوونەتەوە. ئەوەتانێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی ""عەللادین سەجادی"دا، مەرگی یەکێک لە شاعیرە جوانەکانی هەورامان  "یۆسۆ ئاسکە" دوو دێڕی پێڕەوا دەبینریت: "پیاو،  شاعیری خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان ( 1638ـ1592)، لە موسل مردووە."

بەڵام لە زمانی کەسنەزانەوە کە یەکێک لە پالەوانە جوانەکانی "بالادی شادی"یە، ئاواهی ئەم چارەنووسەی یۆسۆ ئاسکە دێتە گێرانەوە: " یۆسۆ ئاسکە خۆشخوان بووە، جوانخاس بووە، دەمڕاس بووە. لە دیوەخانی خانەکەی مەشهوور بە "خانی کول خانان"، شیعرو گۆرانی وتووە، لە قسان، بە تۆمەت و تاوان بە ئەمری خان لە چینی دیواریان ناوە. قوڕیان بەدەمیا کێشاوە، تا هەناسەی لێبڕاوە. مەشهوورە تا ئاخر نەفەس، یۆسۆ ئاسکە بە شیعرەکانی هەجووی خانی کردووە تا مردووە."

 

بالادی شادی و زمان.

بەکارهێنانەکانی زمانی ئینگلیزی چ وەک شیعری شاعیرانی دیکەی ئینگلیز و تیکستی گۆرانییە ئینگلیزییەکان، بەرهەمی شاعیرانی فارس و بەکارهێنانی دیالێکتی کوردی نەوەی دووەم و سییەمی منداڵی کوردی لە ئەوروپا گەورە بوو کە لە دراما تەلەفیزیۆنە کوردییەکاندا جێگای گاڵتەجارییە بۆ زۆر کەس، ئامادەییەکی لەرادەبەدر و بەرچاوی  دیالیکتی هەورامی و سنەیی لەم بەرهەمەدا، جوانیەکی لەرادەبەدەر بەم بەرهەمە دەبەخشیت و  بێ هیچ سڵکردنەوەیەک لەوەی کە خوێنەر دەکرێ تێیبگات یان نا، لە ناو دێرەکانی ئەم بەرهەمەدا بە بێ هیچ ژێرنووس و دروستکردنی فەرهەنگۆکێک ئامادەییان هەیە.

لەپاڵ ئەم ئامادەییە گەورەیەی زمانە جۆراوجۆر و دیالێکیە پەراوێزخراوەکانی زمانی کوردیدا لەم بەرهەمەدا، زمانجوانییەک لە ناو دێرەکاندا دەدرەوشێتەوە کە تەنها لەنەوەی "چاوە" و "سوارەی ئیلخانیزادە"ی شەستەکانی سەدەی ڕابردووی کوردستانی ئیراندا دەکرێ بەشوێنیدا بگەڕییت. سەیرێکی ئەم وشانە بکەن!

پێشەخۆشە، خێمپێدان، مەیمانی،وەختارێ، وەلێکان، عەلەندەوام،تەمایەر، تیتاڵی،تواشا ... هتد

 

جەنگی نەوەکان یان پێکەوەدوواندی یەکتری

دەربڕینێکی سادە و جوانی منداڵێکی تورک هەیە کە دابڕانی نەوەکان لەیەکتری و ئینتیماکانییان بۆ ژینگەی یەکەمی دایک و باوک  و نیشتیمانی دووهەمی دوای نیشتەجێبون لە پرۆسەی کۆچدا، جێگایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئاماژەپێدان تا بزانین  چۆن چاوە لەم چیرۆکە شیعرییەدا بە دەرئەنجامی پێچەوانەی ئەم دەربڕینە دڵتەنگەی خوارەوە دەگات. دەربڕینەکە ئاواهییە: "نیشتیمانی باوکم، نیشتیمانی غەریبی منە. نیشتیمانی من، نیشتیمانی غەریبی باوکمە" .

ئەم دابەشبوونە سادە و واقعییە کە لە زمانی نەوجەوانێکەوە دێتە دەربڕین، ئەو خاڵی سنوورجیاکردنەوەیە کە ئینتیمای نەوەکان بۆ جوگرافیا جیاوازەکان و دروستکردنی پردی بەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵ و دایک وباوکدا، بە سرووەدکانی "چەند شیرینە لام" و "خوایە وەتەن ئاواکەی" دروستناکرێتەوە. ڕەنگە ئەمە وێنەیەکی گشتیگیر نەبێت، بەڵام ڕاستیەکە و زەبرەکانی کۆچ دەیهێنێتە پێش.

"چاوە" لە بالادی شادیدا ئەم دابرانەی نەوەکان هێندە سادە دەهێنێتە پیش کە لەگەڵ بەریەککەوتنە رۆژانەییەکانی دایک و باوکاندا لەسەر پرسیارە سادەکانی ڕۆژانە، جێگایەک دەدۆزێتەوە کە نە نیشتیمانی یەکەمی دایک و باوک مەمەلکەتی غەریبی نەوەکانە و نە نیشتیمانی غەریبی دایک و باوکەکان،  بە تەنها نیشتیمانی نەوەکانە. ئەو ڕایەلەیشی کە ئەم نەوە جیاوازانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شۆرشی ژینایە کە نەک هەر بە تەنها مەراقێکی گەورەی پالەوانەکانە کە لە زێدی خۆیان دەرپەڕێندراون، بەلکو ئومێد و خەونی ئەوە نەوە نوێیەشە کە بە ئومێدەکانی دایک و باوکەوە پەیوەست دەبن.

بالادی شادی بە تەنها چیرۆکە شیعرێکی ئەو ڕووداوانە نین کە ڕوویانداوە و لە تیکستێکی ئەدەبیدا تۆمارکراون، بەلکو وێناکێشانی دنایەکە کە دەبێت وابێت. ئەو پرسیارەی کە خوێنەر دەکرێ بەزەینیدا بێت رەنگە ئەوەبێت کە ئایا ئەم پالەوانانەی ناو ئەم چیرۆکە شیعرییە چەند نوێنەرایەتی کۆمەلگای دەرەوە و ناوەوەی کوردی دەکەن؟

بە بڕوای من، بالادی شادی تێروانینی ئەو کەمایەتییەی کۆمەلگای کوردییە کە بەشیکی گەورەی ئەو تێروانینە کولتوری و پێوەرە کۆمەلایەتیانەیان تێکشکاندووە کە لەمرۆدا لە ئاستی کولتور وبەها وپێوەری بالادەستدان لە کۆمەلگای کوردستاندا. هەر ئەم نیگایەشە کە ئەم چیرۆکە شیعرییە دەکاتە خەونێکی ئایندەییانە.

دەڵێن: لە کاتی گەیشتنی بنەمالەیەکدا بە دەرەوەی ولات، زەمەنی پێکەوەژیانی ئەندامانی خێزانێک بەم شیوازەی خوارەوە لەتدەبێت.

 

" باوکەکانمان لە دوێنێدا دەژین، ژنەکانمان لەمڕۆدا و منداڵەکانیش لە سبەێنێدا"

ئەگەر چرکەساتی گەیشتنی خێزانێک بەمشیوازە لەت ببێت و ئەندامانی ئەم خێزانە لە دوینی و ئەمڕۆ و سبەێنیدا جێگا بۆ خۆیان بگرن، ئەوسا بە ڕۆشنی ئەو زەبرە سایکۆلۆژییە قورسە هەستپێدەکرێت کە پرۆسەی کۆچ و دەرپەراندنی ئینسانەکان لە پاش گیرسانەوەیان لە کۆمەلگای دووهەمدا ،  دووچاری دەبنەوە.

بەلام چاوەی شاعیر لە بالادی شادیدا، ئەم زەبرە قورسەی تێکشکاندنی کات زۆر سەرکەوتووانە تێکدەشکێنێت و لەبری ئەوەی لە دوێنی و ئەمڕۆدا جێگایەک بۆ خۆی هەلبژێرێت، لە سبەینێدا ڕادەوەستێت. جێگایەک بە پێی هاوکێشەکانی کۆچ دەبوایە وا نەبوایە. هەڵبژاردنی ئەم گۆشەنیگایە بۆ مامەلەکردن بە پرسیاری کۆچ، بۆ پیاوێکی تەمەن سەر و ‌هەشتا ساڵ، بالادی شادی دەکاتە یەکێک لەو بەرهەمە ناوازانەی  کە مامەلەیەکی زۆر مۆدیرن بە پرسی بوونی ئینسانی کورد دەکات لە کۆچیاندا. ئەگەرچی کوردستان بە هەموو ئازار و خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە لە دێرەکاندا ئامادەیی هەیە.  

لە پاش رووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ ی پۆلۆنیادا کە کامپینێکی "جوونەفرەتی" دەولەت لە پشتیەوە بوو، ٢٠ هەزار هاولاتی جوو ناچارکران کە پۆلۆنیا جێبێڵن. لە تەنیشت یەکێک لە ویستگاکانی وارشۆدا، کۆنە تابلۆیەک بەجێماوە کە لەسەری نووسراوە:" ڵیرە ئەوان زیاتریان لە پاش خۆیانەوە بەجێهێشت لەوەی کە پێشتر هەیانبووە"

بالادی شادی، گێرانەوەی مێژووی بەشێکی کەمی خێزانی کوردە کە لە دوای کۆچیانەوە ،  زیاتر لەوەمان بۆ جێدەهێڵن کە پێشوو تر خاوەنی بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×