ھۆیەک بۆ مردن... ھۆیەک بۆ ژیان!
  2025-06-27       888       

ھێمن مەحموود

 

چەندین ساڵە ئەم کتێبە لە کتێبخانەکەمدایە، ھیچ ڕۆژێک خەیاڵم نەکردووە بیخوێنمەوە، ھێندە کتێبی نوێ ھاتووە نەمپەرژاوەتە سەر خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا دڵم بۆ خوێندنەوەی لێیدا.

لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا دوو چیرۆکی زۆر جوان و تایبەتم خوێندەوە، چیرۆکی (ھۆیەک بۆ مردن... ھۆیەک بۆ ژیان) چیرۆکی نووسەرێکە کە ھیچ وەختێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبووە، تەنانەت زۆریش ناسراو نەبووە، بەڵام بەھۆی حەشاردان و ڕزگارکردنی سەرکردەیەکی سیاسییەوە دەستگیر دەکرێت و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت، تۆمەتی ئەوەی دەخەنە پاڵ گوایە ئەمیش ئەندامی کۆمەڵەیەکی سیاسییە، تەنانەت کاتێک پرسیاری لێ دەکەن کەوا سەرکردەیەکی گەورەی حەشار داوە، کەچی ئەم نەیزانیوە ھێندە کەسێکی گرنگی ڕزگار کردووە، ھەربۆیە ھەرگیز دان بەوەدا نانێت ئەو کەسە لە کوێیە و بە شانازییەوە مردن ھەڵدەبژێرێت. پێشیوایە زۆر خۆشحاڵە کە لەپێناوی مەسەلەیەکدا دەمرێت کە بەھای ھەیە، ھەروەکچۆن ھۆیەکی ھەبووە بۆ ژیان ھۆیەکیشی ھەبووە لەپێناویدا بمرێت.

کاتی نووسینی چیرۆکەکە دیارە ساڵی ١٩٦٩، ئەو کاتەیە کە بەعسییەکان تازە ھاتوونەتە حوکم، بە ئاماژەیەکیش بۆ چیرۆکەکە کە باس لە ڕەنگی سوور و خوێنی سوور دەکات، دەگەین بەو بڕوایەی ئەو کەسەی دەسەڵاتدارانی نوێ بەدوایدا دەگەڕێن سەرکردەیەکی حیزبی شیوعییە، چونکە ئەو سەروەختە سەروەختی قڕکردنی شیوعییەکان بووە لەلایەن بەعسییەکانەوە، قوربانیدانی پاڵەوانی ئەم چیرۆکەش ھەر لەو پێناوەدا بووە و بۆ ڕێگای سوور بووە.

محێدین زەنگەنەی چیرۆکنووس کە کوردە لەشاری کەرکووک لەدایکبووە و بە زمانی عەرەبی دەنووسێت، لە چیرۆکی (مناڵییەکی ھەڵوەشێنراو) زەنگەنە ساتێکی زۆر مرۆڤدۆستانە و خەمگینمان بۆ دەخاتە ڕوو، منداڵێکی حەوت ساڵانەی کەرکووکی ھاتووە بۆ ماڵی خوشکی لە بەغدا کار بکات، مناڵەکە تازە باوکی مردووە، باوکی وەستا بووە لەسەر کار کەوتۆتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە، دایکی مناڵەکەی ناردووە بۆ ماڵ کچەکەی تاوەکوو زاواکەی لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ دووکانەکەی بۆ کارکردن. چەند ڕۆژێک زاواکە منداڵەکە لەگەڵ خۆیدا دەبات و ڕێگاکەی شارەزا دەکات کە لە کوێدا سواری پاس بێت و لە کوێدا داببەزێت.

ماوەیەک تێدەپەڕێت مناڵەکە بیری دایکی دەکات، دایکی وەڵام دەنێرێت کە ڕۆژی ھەینی دێت بۆ لای مناڵەکە.

مناڵەکە وەک ھەموو ڕۆژێک ئاسایی دەڕوات بۆ دووکان، تەماشا دەکات بازاڕ و شەقامەکان وەک جاران قەرەباڵخ نین، دەڕوات بۆ دووکان، زۆر چاوەڕێی وەستاکەی دەکات نایەت بۆ دووکان، دراوسێ دووکانەکەشیان ھەر نایەت، دەترسێ، دڵی دادەخورپێ، لە ژنێک دەپرسێ پورێ بۆچی ئەو دووکانە نییە، ژنەکە دەڵێت کوڕم ئەمڕۆ ھەینییە! ئیتر مناڵەکە بیری دەکەوێتەوە ئەمڕۆ ھەینییە و دایکی دێت بۆ لای، بەخێرایی دووکان دادەخات و دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکی!

یەکەمجارمە ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی زەنگەنە بخوێنمەوە کە زۆربەی لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان نووسیوە، ھەرچەندە وەرگێڕانەکەی کەمێک ماندووت دەکات چاپەکەش ھی ساڵی ١٩٨٨ بەڵام بەڕاستی چێژم لە خوێندنەوەی زەنگەنە بینی و ئاشنای قەڵەمێکی کوردی عەرەبنووس بووم.

ھیواداریشم خوێنەری نەوەی نوێ ئاشنای زەنگەنە بن و کتێبەکانی بخوێننەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×