ئەردەڵان عەبدوڵڵا
خانەقی یان خانەقین، یەکێکە لە شارە گرنگەکانی کوردستان، شارێک کە مێژووییەکی ئێجگار دێرینی لەگەڵ شارستانییە دێرینەکانی ناوچەکە هەیە بەتایبەتی شارستانیەکانی میزۆپۆتامیا و ئێران و یۆنانی کۆن. لەپەنا ئەمەشدا مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە لە رووبەرووبوونەوەو بەرەنگاریی هێزە داگیرکەرەکان، رۆڵەکانی بە ژن و پیاوەوە، ئامادەبوون گیانی خۆیان لەپێناوی داکۆیکردن لە گەل و نیشتمان بەختبکەن، جوانترین نموونەش شەهیدانی هەمیشە زیندوو ( لەیلا قاسم ، غاندیی، مولازم جوامێر، لیوا مەنسور،،) سەدانی تر.
شارێکی زیندوو
هەر لە منداڵییەوە من دۆست و هاوڕێی خانەقینم هەبووە، جا لە رێگەی باوکمەوە بێت یان خوشک و براکانمەوە. کاتی خۆی پەیوەندییەکی بازرگانی بەهێز لە نێوان ناوچەی هەورامان و خانەقیندا هەبووە، لە هەورامانەوە (گوێز و توو) براوە بۆ خانەقیی و لەوێشەوە گەنم و جۆ و خورما هاتووە. باوکی رەحمەتیم، خەریکی ئەو بازرگانییە بوو، هەربۆیە زۆر شارەزایی خانەقیی بوو بەتایبەتی گۆرانیی و شێوەزارە شیرینەکەیان، کە لە هەورامییەوە نزیکە. لە زانکۆش کۆمەڵێک برادەری خانەقیم ناسی، دواتریش کە چوومە ئەوروپا، کۆمەڵێک بەڕێزی ترم ناسی، کە لەرێگەی ئەوانەوە شارەزایی باشـم لەبارەی خانەقی دەستکەوت. بەڵام باشترین سەرچاوە کە لەبارەی خانەقییەوە دەستمکەوتبێت، کتێبی گرنگی هاوڕێی هێژام مامۆستا جەعفەر ( فازیل کەریم ئەحمەد) بەناونیشانی ( مێژووی خانەقی). زۆر سوپاسی دەکەم، کە ئەم کتێبە جوان و گرنگەی پێشکەش کردم، سوودی زۆرم لێبینی، هەربۆیە پێمخۆشە لێرەدا، یەک دوو سەرەقەڵەم لەبارەی ئەم کتێبەوە بنووسم، لەرێگەی ئەویشەوە تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم شارە مەزنەی کوردستان.
دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکان کە بە زمانی کوردی لەبارەی ئەم شارەوە نووسرابێت. کتێبێکی قەبارە گەورە کە خۆی لە 430 لاپەڕە دەبینێت و لەلایەن دەزگای جەمال عیرفان لە سلێمانی چاپ بووە.
کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاریی مێژوویی گرنگ کە لە بارەی ئەم شارەوە نووسرابێت، لەرووی بەڵگەی مێژووییەوە، راپۆرتێکی گرنگی تێدایە کە کاتی خۆی لەلایەن حاکمی بەریتانی لە شاری خانەقی نووسراوەو (محەمەد ساڵح توفیق) لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی. لەم ڕاپۆرتەدا باسی لایەنی کارگێڕیی و ئیداریی، کشتوکاڵ، جوگرافی، خێڵ و عەشیرەتەکان، ناوچەکانی دەوروبەری خانەقی دەکات. جگە لەمەش کۆمەڵێک نووسینی تر کە لەلایەن کۆمەڵێک نووسەری ناسراوی کوردەوە نووسراوە. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی نووسەری فەرەنسی کیونی ڤیتاڵ، کە بەشێکە لە کتێبی( تورکیای ئاسیایی) کە لەلایەن د. نەجات عەبدوڵڵاوە لە فەرەنسییەوە کراوە بە کوردی. هەروەها کۆمەڵێک نووسەری تر لەوانە: (د. کۆزان محەمەد ئەحمەد، موحسین عەلی ئەکبەر، محەمەد جەمیل ڕۆژبەیانی" مەلا جەمیل رۆژبەیانی"، مەلا ئەحمەد مەحمود عەلی)
ناوی خانەقی یان خانەقین
ماوەیەکە قسە و باسی زۆر لەبارەی ڕاستی و دروستی ناوی خانەقین هەیە، خەڵکانێک پێیانوایە خانەقی راستە نەک خانەقین. مامۆستا جەعفەر لەو کەسانەیە کە پێی وایە کە خانەقی ڕاسترە، ئەمەش بەپشت بەستن بە کتێبێکی مێژوویی کە ئەویش کتێبی ( اشکال العالم) لە نووسینی ( ابو قاسم احمد جیهاني) کە پێش 1000 هەزار بە فارسی نووسراوە. لەو کتێبەدا بە( خانەقی) ناویهاتووە نەک خانەقین.
بەڵام ئەم نیقاشەش بەرەو پرسیارێکی گرنگترمان دەبات، ئەویش ئەوەیە، باشە ناوی خانەقی یان خانەقین لەچییەوە هاتووە؟ بۆ ئەمەش ئەدیب و نووسەری ناسراوی کورد مەلاجەمیل ڕۆژبەیانی وەڵاممان دەداتەوە.
ناوی خانەقین لە چییەوە هاتووە؟
لەم کتێبەدا لێکۆڵینەوەیەکی زۆرباشی تێدایە کە لەلایەن نووسەر و ئەدیبی ناسراوی کورد ( مەلا محەمەد جەمیل رۆژبەیانی) نووسراوە، تێیدا تیشكی خستۆتە سەر پێگەی جوگرافی، مێژوو، پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و عەشیرەت و بنەماڵەکان. ئەو نووسەرە پێی وایە کە پێشتر بە خانەقین وتراوە( ئارتیما) ئەمەش بەپشت بەستن بەکۆمەڵێک سەرچاوەی مێژوویی، گرنگترینیان کتێبی (ماد)ی خۆرهەڵاتناسیی سۆڤیەتی( دیاکۆنۆف) ئەو دەڵێت: لە کۆندا بەشی ناوەندی رووباری سیروان بە(نەمار) ناونراوە.
دواتر لەبارەی وشەی خانەقین دەڵێت: مێژوونووسی ناوداری عەرەب ( عبدالعزیز البکري) لە کتێبی (معجم ما استعجم) دا دەڵێت: ناوی خانەقین لە وشەی(خنق)ی عەرەبییەوە هاتووە کە ماناکەی خنکاندن یا تاساندن دێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆئەوەی کە کاتی خۆی کەسایەتییەکی عەرەبی بەناوی(عدي) لەم شوێنەدا خنکاوە!. بەڵام نووسەر دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوەو پێی وایە ئەم بۆچوونە هەڵەیە، چونکە کەس نازانێت ئەم ( عدي) ناوە کێیە و چ کارە بووە. هەربۆیە باشترین بەڵگە بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە ناوی خانەقین لە( خان و طین)ەوە هاتبێت، چونکە ئەم شوێنە رێگای کاروانی نێوان عیراق و ئێران بووەو خانی زۆری تێدابووە کە هەموویان لە قوڕ دروستکراون. هەربۆیە ئەم بۆچوونە بە ڕاستر دادەنرێت.
خانەقی مەیدانی جەنگی نێوان شارستانییە گەورەکان
لە خانەقیی و دەروبەریدا، کۆمەڵێک شوێنەوای گەورە دۆزراوەتەوە، کە مێژوویان بۆ نزیکەی 4 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانیش بێت، ئەم ناوچەیە، بۆتە مەیدانی سەرەکی کۆمەڵێک جەنگی مێژوویی گرنگترینیان، جەنگەکانی سەردەمی سارگۆن پادشای ئەکەدییەکان و پاشان نارامسین و سەردەمی ئاشورری و هێرشی بەربڵاوی ئەسکەندەری مەکدۆنی لەگەڵ ئێرانی کۆندا، پاشانیش بەهاتنی سوپای ئیسلام و عەرەب بۆ ئەم ناوچەیە، جەنگێکی گەورە لە نێوان سوپای عەرەب بەسەرۆکایەتی سەعدی کوڕی وەقاس، سوپای ئێرانیدا لە نزیک جەلەولا دەکرێت. جێگەی سەرنجە، لە جەنگی دژی چەتەکانی داعشیشدا، جەلەولا، بووە مەیدانێکی گەورەی جەنگ لەنێوان چەتەکانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە، خۆشبەختانە لەم جەنگەدا لەشکری کورد سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
هەربۆیە شاری خانەقی، مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە، ئەمەش بەپشت بەستن بەو شوێنەوارە کۆنانەی کە ماونەتەوە، هەورەها بە کتێبە مێژووییەکان.
شاڕێی خوراسان و دەروازەی ئاسیا
خانەقی خاوەنی پێگەیەکی جوگرافی زۆر گرنگە، هەرئەمەش وایکردووە کە ئەم پێگە جوگرافییە لەجیاتی خێر، ببێتە مایەی نەگبەتی بۆی. ئەم شارە دەکەوێتە سەر سنوووری عیراق و ئێران، لەسەر رووباری ئەڵوەند دروستکراوەو نزیکەی 118 کم لە شاری بەغداوە دوورە. لەدێر زەمانەوە وەکو شاڕێیەک وابووە کە عیراقی عەرەبی و ئیسلامی، بە ئێرانی عەجەمی و ئاسیای بەستۆتەوە. هەربۆیە لە کۆندا پێی وتراوە ( شاڕێی خوراسان) دواتریش ڕۆژهەڵاتناس و مێژوونووسی ناوداری ئەڵمانی هێرتسڤێڵد ناوی( دەروازەی ئاسیای) لێناوە، ئەمەش بەهۆی بەستنەوەی وڵاتی دوو ڕووبار( میزۆپۆتامیا) بە ئێران و کیشوەری ئاسیاوە.
مۆزایكێکی نەتەوەو ئایینە جیاوازەکان
یەکێک لە سیماکانی ( شار)، بوونی کۆمەڵێک نەتەوەو ئایین و مەزهەبی جیاوازە، لەهەمووشی گرنگتر پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئەم گەل و نەتەوەو ئایینە جیاوازانەیە، هەربۆیە خانەقی نموونەی شارێکی زیندوو بووە. لەم شارەدا کۆمەڵێک نەتەوەو پێکهاتەی ئایینی جیاوازی تێدا ژیاوەو مۆزایکێکی جوانی کەلتووریان دروستکردووە. لەوانە: کورد کە زۆرینە بوون، دواتریش عەرەب و تورکمان، فارس و ئەرمەنی و ئاشووری. لەڕووی ئایینیشەوە پێکهاتەیەکی مۆزایکی هەبووە راستە ئیسلام زۆرینە بوون، بەڵام ئەویش بەسەر هەردوو مەزهەبەکە دابەشبوون ( شیعە و سوونە) دواتر مەسیحی، یارسانی، جوو.
لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، هەموو ئەم پێکهاتانەش بەشێوەیەکی ئاشتیانە ژیاون، هەتاوەکو نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، کاتێک بەبڕیاری حکومەتی عیراق، جووەکانی هەموو عیراق دەردەکرێن، لەمەشدا جووەکانی خانەقینیش دەگرێتەوە، کە پێکهاتەیەکی ئێجگار گرنگ بوون لەم شارەدا و لەڕووی ئیداریی و فەرهەنگیی و بازرگانییەوە، رۆڵی بەرچاویان هەبووە.
شارێکی دەوڵەمەند
شاری خانەقی یەکێکە لە شارە دەوڵەمەندەکانی کوردستان. ئەم شارە چ لە ڕووی کشتوکاڵیی و بازگانیی و سامانی سروشتییەوە، زۆر دەوڵەمەند بووە. شارێک کە پێشتر کاروانسەرای کاروانەکانە بازرگانی و ئاینییەکان بووە کە لە نێوان عیراق و ئێراندا هاتوچۆیان کردووە، دەروازەیەکی گرنگی عیراق بووە بەرەو ئێران، هەربۆیە شارێکی بازرگانی بووە، ئێستاش نزیکە لە دوو دەروازەی سنووری گرنگەوە کە ئەوانیش (مونزریە و پەروێزخان)ه، کە دوو دەروازەی بازرگانی گەورەن. جگەلەوەش ئەم شارە وەکو کاروانسەرایەک بووە بۆ سەردانیکەرانی ئێران کە بەرەو کەربەلا و نەجەف ڕۆیشتوون، لێرەوە کاروانی حاجیانی ئێرانی بەرەو شارە پیرۆزەکانی عیراق، پاشانیش بۆ وڵاتی حیجار رۆیشتوون. ئەمەش هیندەی تر، پێگەی ئەم شارەی بەهێزتر کردووە.
لەرووی کشتوکاڵیشەوە زۆر دەوڵەمەندبووە، لەلایەکەوە پێدەشتی گەورەی هەیە و رووباری ئەڵوەند پێیدا تێدەپەڕێت، کە ئەمەش هاوکارییکردووە تاوەکو بەرهەمی گەنم و جۆی تێدا بچێنرێت و بەرهەمێکی زۆر باشی هەبووە. لەڕووی دارخورماشەوە، بەرهەمێکی باشی خورمای هەیە، کە یەکێکە لە جۆرە باشەکانی خورمای عیراق. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی وشکەساڵیی و گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەند لەلایەن ئێرانەوە، بەروبوومی کشتوکاڵی بەتایبەتی خورما و گەنم و جۆ، زەرەری زۆری بەرکەوتووە، هەروەها جەنگی عیراق – ئێرانیش، زەرەری زۆری بەم شارە گەیاند، چونکە تاماوەیەکی زۆر مەیدانێکی گرنگی جەنگی نێوان هەردوو وڵات بوو.
لە ڕووی سامانی نەوتیشەوە دەوڵەمەندە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە ناوچەی(نەفتخانە) نەوت دەرهێنراوە. بەڵام بەداخەوە ئەم نەوتەش لەجیاتی نیعمەت، بۆتە نەگبەتی بۆ ئەم شارە، چونکە هەمیشە رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق، ویستویانە بوونی کورد لەم شارەدا نەهێڵن، لەمەشدا پێگەی جوگرافیی و سامانی نەوت ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە.
زوڵم و ستەمی رژێمە فاشیستەکانی عیراق
شاری خانەقی وەکو هەموو شار و ناوچەکانی تری کوردستان، بەر زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس کەوتووە، دەتوانم بڵێم پشکی شێری لە سیاسەتە فاشیستەکانی بەعس بەرکەوتووە، لەمەشدا پێگەی جوگرافی چونکە نزیکی سنووری ئێران بووە، هەروەها بوونی سامانی سروشتی بەتایبەتی نەوت، رۆڵی سەرەکیان لەو زوڵم و ستمە گێڕاوە هەرزوو بەعسییەکان دەستیانکرد بەپێڕەوکردنی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس لەم شارەدا، بەهەموو شێوەیەک هەوڵیانداوە لەڕووی دیمۆگرافییەوە، شارەکە بگۆڕن و ڕێژەی کوردی تێدا کەمبکەنەوە، هەروەها لە خاکی کوردستانی جیای بکەنەوە، هەربۆیە خستیانە سەر پارێزگای دیالە.
ڕاستە لەپاش نەمانی ڕژێمی بەعس و پڕۆسەی ئازادی، دووبارە هەوای ئازادی گەڕایەوە بۆ ئەم شارە و جارێکی تر گەڕایەوە بۆ باوەشی دایکی نیشتمان، بەڵام زۆر بڕی نەکرد، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ریفراندۆمەوە، دووبارە شاری خانەقی لە خاکی کوردستان دابڕاو خرایەوە سەر بەغدا، بەمەش گەورەترین زەرەر بەم شارە کەوت، هیوای گەڕانەوەی بۆ باوەشی نیشتمان زۆر ئاڵۆزتر کرد. هەرچەندە خۆشبەختانە ئێستا بەشێکی زۆری ئیدارەی شارەکە بەدەست کوردەوەیە، یەکێتی نیشتمانی کورستانیش، پێگەیەکی بەهێزی لەناو شاری خانەقی و دەوروبەریدا هەیە.
دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە دەکرێت زیاتر لەبارەی ئەم شارە گرنگەوە بنووسرێت، چونکە شارێک کە مێژووی هەزاران ساڵەی هەبێت و ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی سیاسیی و فەرهەنگی کوردا گێڕاوە، ناکرێت تەنها بەم وتارەی من یان کتێبێک کۆتایی بە چیرۆکی ئەم شارە بهێنرێت، بۆیە هیوادارم کە زیاتری لەبارەوە بنووسرێت.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە مامۆستا جەعفەر دەکەم، بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە گرنگە، کە زانیاریی زۆر باشی تێدایە، لەبارەی مێژوو، پێگەی جوگرافی، ئابووری، سامانی سروشتیی و کشتوکاڵ، هەیکەلی ئیداریی و پێکهاتەکانی ناو ئەم شارە.
هیوای لەشساخیی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم.