دوای ئەوەی ترەمپ ڕایگەیاند کە ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل واژۆ کراوە، نەتانیاهۆ سوپاسی ترەمپی کرد، هێزە توندڕەوەکانی ئیسرائیل رەخنەی توند لەنەتانیاهۆ دەگرن.
ئاوێنە: پەسەندکردنی ئاگربەست لەلایەن نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە، کاردانەوەی زۆر توندی بەدوای خۆیدا هێنا بەرامبەر بە نەتانیاهۆ لەئیسرائیل،
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، کە ماوەیەک لە نزیکەوە پێکەوە لەگەڵ نەتانیاهۆ کاریان کردووەو لەکابینەکەی نەتانیاهۆدا وەزیر بووەو سەرکردەی پارتی ڕاستڕەوی "ماڵی ئێمە"یە، هۆشداری دا لەوەی کە واژۆکردنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران پێش ئەوەی بەتەواوی تەسلیم بێت، هەڵەیە.
لیبەرمان وتی "هیچ شتێک لەوە مەترسیدارتر نییە کە شێرێکی بریندار جێبهێڵین، ئەمە بەدڵنیاییەوە لە دوو سێ ساڵی تر لەسایەی بارودۆخێکی زۆر خراپتردا بەرەو شەڕێکی دیکەمان دەبات".
دان ئیلۆز، پەرلەمانتاری حزبی لیکۆد وتی "تاکە ڕێکەوتنێک کە دەبوو حکومەت لەگەڵ ئێران واژۆی بکردایە دەبوو 'رێککەوتنی تەسلیمبوون' بووایە".
وتیشی "ڕێژێمی ئێران، ڕێژیمێک نییە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ بکرێت، ئەوە ڕێژیمێکە کە دەبێت شکستی پێبهێنرێتو تێکبشکێنرێت".