سودانی لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێکی بڵاوکردەوە
  2025-06-24       2648       

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیواخوازە ئاگربەستەکەی ئێران و ئیسرائیل "لەرزۆک" نەبێت، دەشڵێت "سەركەوتووبووین لە بەدورگرتنی گەلەكەمان لە كارەساتەكانی جەنگ".

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا وتویەتی "هیوادارین رێككەوتنی ئاگربەست بەهێز بێت، نەك لەرزۆك".

وتوشیەتی "هەڵوێستی عێراقمان لە ئیدانەكردن و رەتكردنەوەی دەستدرێژیی زایۆنی بۆسەر كۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتكردەوە و قەوارەی زایۆنی بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکان بیانووی شکستخواردووی بەکارهێناو ریشەی کێشەکە پشتگوێخستنی مافی فەلەستینییەکانە".

سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە "عێراق هەرگیز لە دۆخی لاوازیدا نەبووە و نابێت، پێشتر روبەڕووی تیرۆربووینەوە و بەسەریدا سەركەوتین، لە دورخستنەوەی مەترسییەكان و بەدورگرتنی گەلەكەشمان لە كارەساتەكانی جەنگ سەركەوتوو بووین".

سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانی عێراقیش، سەرۆک وەزیران ئاشکرایکرد "بنكە سەربازییەكانی عێراق روبەڕووی دەستدرێژیی خیانەتكارانە و ترسنۆكانە بوونەوە لەلایەن درۆنە خۆكوژییەكانەوە، كە زیانیان بە سیستەمی راداری هەردوو بكەی (تاجی) و (ئیمام عەلی) گەیاند لە زیقار".

دوپاتیشیکردەوە "فەرمانمان كردووە بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیرو هەواڵگریی تەكنیكی، بۆ زانینی رەهەندەكانی دەستدرێژییەكە بە درۆن و چاودێری دۆخەكە دەكرێت".

"حکومەتەکەمان پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، هەروەها کۆمەڵێک گرێبەست و پرۆژە هەیە بۆ تەواوکردنی پرچەککردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەپێی نوێترین تایبەتمەندیەکان". محەمەد شیاع سودانی وایوت
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×