ئا: محەمەد هاوژین
لەکوردستاندا بەشێک لەهاوڵاتیان ساڵانێکە بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیان و نەبوونی هەلی کارو قەیرانی داراییەوە بۆ دابینکردنی نانی رۆژانەیان روویانکردوەتە ئەو کارە قورسانەی کە پێشتر باو نەبوون، لەسەر کۆکردنەوەی کارتۆنو مقەباو دەبەو پلاستیکی بەکارهاتوو دەژینو بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.
ئیسماعیل، گەنجێکی تەمەن ٣٢ ساڵەو ماتۆڕسکیلێکی سێ تایی پێیەو هەموو دەمەو ئێوارەیەک پێش خۆرئاوابوون بەشەقامە سەرەکیەکانی ناو بازاڕی سلێمانیدا دەگەڕێت بۆ کۆکردنەوەی مقەباو کارتۆنو پلاستیکو دەبەی ئاو، بەشیکی سەرەکی بژێویی ژیانی خۆیو خێزانەکەی لەسەر ئەم کارەیە، ئەو بەئاوینەی وت "چەند ساڵێکە خەریکی ئەم کارەم، هەموو ئێوارەیەک بەشەقامە پڕ لەخؤلو خاشاکەکانی ناو بازاڕدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی چەند دینارێکم دەستبکەوێو بەشیک لەپێداویستییەکانی رۆژانەی ژیانمی پێدابین بکەم".
ئەو باس لەوە دەکات چەند ساڵێکە دۆخی دارایی خراپی خێزانەکەی ناچاری کردووە کە دەست بکات بەکۆکردنەوەی کارتۆن لەسەر شەقامو بەردەمی دوکانەکان، ئیسماعیل وتی "هەندێ جار منداڵە تەمەن ١٢ ساڵەکەشم لەگەڵ خۆمدا دەهینم هاوکاریم دەکات لەکۆکردنەوەی مقەباو کارتۆندا، دەیانبەم لەماڵەوە کۆیان دەکەمەوە تا زۆر دەبێتو دەیبەم دەیفرۆشم".
وتیشی "کارتۆن کیلۆی بە ١٠٠ بۆ ١٤٠ دینار دەفرۆشین، تەنێک مقەبا بەپێی نرخی دراو لەنێوان ١٠٠ هەزار دینار بۆ ١٤٠ هەزار دینارە، جاری وایە بۆ ماوەی دوو هەفتە هەموو رۆژێک ٤ بۆ ٥ کاتژمێر کار بکەم بۆ ئەوەی تەنێک مقەبا کۆبکەمەوە، جگە لەکارتۆنو مقەبا، سندوقو پلاستیکو دەبەو بتڵی ئاویش کۆدەکەمەوە، دەبە کیلۆی بە ٢٥٠ دینارو پلاستیک کیلۆی بە٢٠٠ دینارە".
بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە کاری کۆکردنەوەی مقەبا دەکەن، ئەو عەرەبانەن کە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی جەنگی داعشو رووداوەکانی دیکەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
مستەفا، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵەو لەگەڵ براکەی لەنزیک مزگەوتی گەورە خەریکی کۆکردنەوەی ئەو مقەباو کارتۆنو سندوقە پلاستیکیانەن کە لەئێوارەیەکی درەنگ وەختو دەمەو تاریکی دنیادا، دوکاندارو سەوزەفرۆشەکان بەجێیانهێشتووە، ئەو کە کوردی فێر بووە، بەئاوێنەی وت "لەساڵی ٢٠١٤ەوە لەدیالەوە روومانکردوەتە سلێمانیو لێرە نیشتەجێن، خێزانەکەمان ٧ کەسەن، دوو براو سێ خوشکو دایکو باوکم، منو باوکمو براکەم جگە لەوەی کە کرێکاری دەکەین، زۆربەی ئێواران لەناو بازاڕ کارتۆنو سنوقی پلاستیکی کۆدەکەینەوە، دابینکردنی بەشێکی ژیانمان لەسەر ئەم ئیشەیە".
وتیشی "کۆکردنەوەی کارتۆن بووەتە پیشەیەکی قورسو باوی بەشێک لەو هاوڵاتییانەی کە هەژارو کەمدەرامەتنو دەیانەوێت نان بۆ خێزانەکانیان دابین بکەنو کارتۆنو پاشماوەی پلاستیک دەفرۆشن بۆ ئەوەی بژین".
ژمارەیەک لەخەڵکی لەشارەکانی کوردستان بەماتۆڕسکیل بۆ کۆکردنەوەی کارتۆنو پلاستیک بەگەڕەکو شوێنە بازرگانییەکان دەگەڕێن، پاشان دەیانفرۆشن بەو ئۆفیسو کارگانەی ئەو کەرەستانە دەکڕن.
ئاوات زاهیر، کارمەندی یەکێک لەو کۆمپانیانەی کە کارتۆنو پلاستیکی بەکارهاتوو دەکڕێت، باس لەوە دەکات رۆژانە نزیکەی دوو تەن کارتۆنی بەکارهاتوو دەکڕێت، ئەو بەئاوێنەی وت "کارتۆنەکان پاڵدەنێینو پلاستیکەکە دەکوڵێنین، دوای هاڕینو پەستانیان دووبارە بەکاردهێنرێنەوە، بەڵام بەداخەوە لەکوردستان هیچ کارگەیەکی پێشکەوتووی ریسایکلین نییە، یان کارگەیەک نییە بۆ بەرهەمهینانی کارتۆن، لەبەرئەوە بەنرخێکی زۆر هەرزان بۆ ئێرانو تورکیا دەبرێنو لەوێ بەرهەمدەهێنرێنەوەو بەنرخێکی زۆر زیاتر دەهێنرێتەوەو بەکوردستان دەیفرۆشنەوە، بۆیە دامەزراندنی کارگەیەک بۆ ڕیسایکلکردنی کارتۆنی بەکارهاتوو لەهەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".
وتیشی "خەڵکێکی زۆر رۆژانە کارتۆنو دەبەو پلاستیک دەهێنن، هەموویان هەژاریی بەڕەنگو روخساریانەوە دیارە، لەژنو پیاو لەهەموو تەمەنێکدا دێن کارتۆنیان بەنرخی رۆژ لێدەکڕین، لەهەموو تەمەنێکیان تێدایە بەگشتی ، بەڵام بەتایبەتی هەرزەکارو گەنجانن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات