ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگیی شعەكان، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە. دەشڵێت: لیستی موچەی مانگی شەش ڕەوانەی بەغدا کراوە.
ئاوێنە: رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیای پارتی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و یاسای بودجە جێبەجێ کردوە، بەڵام ئەوە بەغدایە کە پابەند نەبوە.
بەقسەی رێباز حەملان، موچەکە بە بڕیاری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان، ڕاگیراوە و پرسەکە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان کراوە، ئەگەر نا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ کردون.
ڕێباز حەملان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕو، لیستی موچەی مانگی حوزەیران (شەش) لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەوهیوای بەغدا موچەکە خەرج بکات و هیچ بەربەستێک لە بەردەمیدا دروست نەکات.