ترەمپ میدیاکانی کردە ئامانج: درۆزنن
  2025-06-25       137       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمزی بە "درۆ کردن" تۆمەتبار کرد بەهۆی ئەوەی دەڵێن هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی ڕێگری لەتوانای تاران ناکات بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

 

ئاوێنە: ترەمپ لەپۆستێکیدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" کاردانەوەی بەرامبەر ئەو هەواڵانە دەربڕی کە لەمیدیاکانی ئەمریکادا بڵاوکرایەوەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "بەتەواوی کاریگەری لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەبووە، بەڵکو تەنها چەند مانگێک کارەکانی دواخستووە".

سەرۆکی ئەمریکا وتی "کەناڵی هەواڵی ساختەی سی ئێن ئێن بەهاوبەشی لەگەڵ نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو تیمێکیان پێکهێنا بۆ ئەوەی یەکێک لەسەرکەوتووترین هێرشە سەربازییەکانی مێژوو بێکاریگەر بکەن".

دۆناڵد ترەمپ، میدیا کاریگەرەکانی ئەمریکای بە "درۆزن‌و هەواڵی ساختە" تۆمەتبار کردو وتی "دامەزراوە ئەتۆمییەکە لەئێران بەتەواوی وێران بووە، هەردوو ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و سی ئێن ئێن لەلایەن خەڵکەوە ڕەخنەی توندیان لێدەگیرێت".

دوابەدوای ئەو هێرشانەی کە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی-٢ی ئەمریکی و ژێردەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران ئەنجامدرا، ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمە جیاوازەکان ڕایگەیاند کە توانای ئەتۆمی تاران "بەتەواوی لەناوچووە".

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە ڕاست نییە، بەڵکو تەنها کاری ئەتۆمی ئێران بۆ چەند مانگێک دوابخاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×