سەرچاوەیەکی باڵای هەرێم رایگەیاندووە، سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەدرێت بەپێی بڕی مووچەکە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیای بەرەی گەلی وتووە "سبەینێ ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەدات".
سەرچاوە باڵاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت مووچەکە لەسەر داهاتی ناوخۆ دەدات، ئەو پێشنیارەش کە کراوە "بۆ رزگاربوونە لەم دۆخەیە کە فەرمانبەران تێیدان".
سەبارەت بە لێبڕینەکەش بەپێی ئەو سەرچاوەیە بێت، هەر فەرمانبەرێک بەشێکی مووچەکەی دەبڕدرێت و ئەوانەی مووچەکەیان کەمە بەشێکی کەمیان لێدەبڕێت یاخود لێیان نابڕدرێت، بەڵام "زۆرترین لێبڕین لە مووچەی پلە باڵاکان دەکرێت".
وتوشیەتی "بڕیاری لێبڕینی مووچە کاتی دەبێت تا ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەکرێت".