دوای ئەوەی لیژنەی ئەمنی سلێمانی داوایی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کرد لەم دۆخە ئاڵۆزەدا خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام ئەندامێکی دەستەی ناڕازی سلێمانی ئەو داوایەی رەتکردەوە و بە ئاوێنە دەڵێت "رۆژی پێنجشەممە دەستپێکی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سلێمانی دەکرێت".
ئاوێنە: دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی ناڕازی سلێمانی لەبارەی ئەو بەیاننامەوە تایبەت بە ئاوێنەی وت "بەناوی تێکچوونی ناوچەکە لەگەڵ کۆمەڵێک بیانوەوە دەیانەوێت خۆپیشاندانەکان لە سلێمانی نەکرێت، بەڵام بەدڵنیایەوە رۆژی پێنجشەممە دەبێت بە دەستپێکی خۆپیشاندانەکان".
زیاتری ئاشکراکرد "لەم خۆپیشاندانەشدا کارێک دەکەین کەلە رابردوودا نەکرابێت، چونکە بژێوی هاوڵاتییان لەپێش هەموو شتێکەوەیە".
سەبارەت بە بەیاننامەکەی لیژنەی ئەمنی سلێمانیش، میرانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بەیاننامەیە هی پارێزگارە و بەناوی هێزی ئەمنییەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆیە ئەو ئەندامە ناڕازییە دەڵێت "ئەو داوایە لای ئێمە پشتگوێخراوە، چونکە دۆخی هاوڵاتییانی ئیسرائیل و ئێران لە دۆخی هاوڵاتییانی هەرێم باشترە".
دڵشاد میرانی دوپاتیشیکردەوە "رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا لە سلێمانی خۆپیشاندان دەستپێدەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی ئەمنیی سلێمانی پەیامێکی ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی کرد و رایگەیاند، خۆپیشاندانەکان بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن، تاکو هاوکار و هەماهەنگیان بن لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانییانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژیی و روداوی نەخوازراو.