تا ئێستا 700 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە ئێران دەستگیرکراون
  2025-06-25       120       

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەی نێوان هەردو وڵات ئێران و ئیسرائیل، ئێران 700 سیخوڕی ئیسرائیلی دەستگیر کردوە.

ئاوێنە: لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردەوە؛ لە سەرەتای دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تۆڕی سیخوڕیی سەر بە رژێمی زایۆنی لە وڵاتەکەدا زۆر چالاک بوە، دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران توانیویانە لە ماوەی 12 رۆژدا زیاتر لە 700 کەس دەستگیر بکەن.

زۆرینەیان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئەسفەهان، خوزستان، فارس و لوڕستان بون، تا ئێستا ئاماری وردی ژمارەی دەستگیرکراوان لە تاران ئاشکرا نەکراوە.

ئەوەش هاتووە :سەرجەمیان تۆمەتباربون بە ئاراستەکردن و چاودێریکردنی فڕۆکەی بچوک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی، دروستکردنی بۆمبی دەستکرد، وێنەگرتنی ناوەندە سەربازییە هەستیارەکان، و ناردنی زانیاری بۆ سوپای ئیسرائیل.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەشکردوە، تەنها لە تاران لەم چەند رۆژەی دواییدا زیاتر لە 10 هەزار فڕۆکەی بچوک دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.

هاوكات بەرزبونەوەی ژمارەی دەستگیرکراوەکان و دۆزینەوەی ئەو هەمو فڕۆکەی بچوکە لە تاران نیشانەیەکی سەرنجڕاکێشە کە ئێران زۆر بە توندی لەسەر پرسەکانی سیخوڕی و ئاسایشی ناوخۆیی کار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×