دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، هەفتەی داهاتو لەگەڵ ئێران كۆدەبنەوە بۆ دانوستان لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەش جەختی كردەوە كە رێككەوتنێكی لەو شێوەیە زۆر بە پێویست نازانێت.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆتایی لوتكەی ناتۆ لە لاهای، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، هەفتەی داهاتو لەگەڵ ئێران كۆدەبینەوە، رەنگە رێككەوتنێك ئیمزا بكەین، وەك خۆم زۆر بە پێویستیشی نازانم.
ترەمپ جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە تەواوی توانا ئەتۆمییەكانی ئێرانیان لەناوبردون، بۆیە رێككەوتنێكی وا زۆر بە پێویست نازانێت.
جەختیشی كردەوە كە نایانەوێت ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت و وتیشی، توانای ئەتۆمی ئێرانمان لەناوبرد، بۆیە پەرۆشییەكی زۆرم بۆ رێككەوتن نییە، ئەگەر رێكیش بكەوین، شتێكی خراپ نییە، دەیانبینین.
بەقسەی ترەمپ، ئەمریكا توانای ئەوەی هەیە ئێرانییەكان رازی بكات ئیمزای رێككەوتن بكەن.
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، رێككەوتن لەگەڵ ئێران دەوەستێتە سەر ئەوەی كە ئێران ئامادەبێت بەشێوەی راستەوخۆ دانوستان بكات نەك لە رێگەی نێودەنگیرەكانەوە.