ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید: هه‌رێم له‌سه‌ره‌تای ته‌وتینه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات داهاتی ناوخۆ بشارێته‌وه‌
  2024-08-12       410       

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای ته‌وتینه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات داهاته‌ ناوخۆییه‌كان بشارێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین پاره‌ كۆبكاته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو یاخود بۆ حساب و خه‌زێنه‌ی بنه‌ماڵه‌ حاكمه‌كان  و به‌ كه‌یفی خۆیان هه‌مو شتێكیان دابه‌شكردوه‌، ده‌شڵێت، "ده‌یانه‌وێت زۆرترین پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ هاوشێوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش فریای ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ون ماڵ و منداڵیشیان به‌رن".

ئاوێنه‌: ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "گرفتی دواكه‌وتنی موچه‌ مانگانه‌ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نایه‌وێت فه‌رمانبه‌رانی له‌ ئاسوده‌ییدا بژین، راسته‌ به‌رپرسیارێتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ ئه‌ستۆی نه‌ماوه‌ به‌ڵكو له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم به‌دروستكردنی له‌مپه‌ڕ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ به‌ موچه‌خۆران بڵێت كه‌ ده‌توانێت رێگری له‌ موچه‌ بكات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ وردبینیه‌ له‌ لیستی موچه‌دا، له‌ یه‌كه‌مین مانگه‌وه‌ وردبینی كراوه‌ و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بدرایه‌ ئه‌وا موچه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌ده‌بو، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ كه‌ لیستی موچه‌ ده‌نێرێت موچه‌خۆری نوێ ده‌نێرێت كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی داراییدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌، هه‌ر موچه‌خۆرێك زیاد ده‌كرێت پێویسته‌ ته‌رخانكردنی دارایی هه‌بێت و په‌رله‌مان شه‌رعییه‌تی پێبدات و نابێت هیچ پاره‌یه‌ك خه‌رج بكرێت كه‌ پاره‌ی بۆ ته‌رخاننه‌كرابێت.

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید باسی له‌وه‌شكرد، "كێشه‌كه‌ لای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌ كه‌ لیسته‌كان پاك نیین و مانگانه‌ موچه‌خۆری زیاتر ده‌نێرێت و لیسته‌كه‌ پاك نییه‌، ئه‌وانه‌ی پێشوش ورد نین، كه‌موكورتییه‌كانیش زیاتر له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی كه‌سێكی شاره‌زایه‌ و تێبینی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لیسته‌كان پاك نیین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "حكومه‌تی هه‌رێم ناوی هه‌ندێك كه‌سی له‌ لیستی موچه‌ زیادكردوه‌ له‌ جێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دو موچه‌یان هه‌بوه‌ یان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بون، بۆیه‌ ئه‌م گرفته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی هه‌رێمی كوردستان لیست به‌ شێوه‌یه‌كی رێك و پێكی ده‌نێرێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خولی پێشوی په‌رله‌مان ده‌شڵێت، "حكومه‌تی هه‌رێم متمانه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ لای حكومه‌تی عێراق بۆیه‌ هیچ لیستێكی به‌ چاوی متمانه‌وه‌ سه‌یر ناكرێت به‌ڵكو به‌ چاوی گومانه‌وه‌ سه‌یری لیست و داهاته‌كانی ده‌كات، هه‌رێمی كوردستان ته‌نها ناوبانگی لای عێراق خراپ نییه‌ به‌ڵكو گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌".

په‌یوه‌ست به‌ راده‌ستكردنی داهاتی ناوخۆ به‌ حكومه‌تی عێراق، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وتی، "هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تا ته‌وتینه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات داهاته‌ ناوخۆییه‌كان بشارێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین پاره‌ كۆبكاته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو یاخود بۆ حساب و خه‌زێنه‌ی بنه‌ماڵه‌ حاكمه‌كان  و به‌ كه‌یفی خۆیان هه‌مو شتێكیان دابه‌شكردوه‌، ده‌یانه‌وێت زۆرترین پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ هاوشێوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادیش فریای ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ون ماڵ و منداڵیشیان به‌رن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×