ئیمارات پێدانی ڤیزا بە سینگڵەكانی عێراق ڕادەگرێت
  2024-08-19       291       


سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە 12ی ئەم مانگەوە وڵاتی ئیمارات بڕیاریداوە تەنها ڤیزا بە خێزانەكان بدات و پێدانی ڤیزای تاكەكەسی ڕاگرتوە بۆ هاوڵاتیانی عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو كەسانەی بە تەنها دەچنە ئەو وڵاتەوە لەكاتی خۆیدا ناگەڕێنەوە و خۆیان ون دەكەن.

عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ دوشەممە  ڕاگەیاند، "لە 12ی ئەم مانگەوە وڵاتی ئیمارات بڕیارێكی دەركردوە و پێدانی ڤیزای ڕاگرت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی كە سینگڵن و خەڵكی وڵاتانی عێراق، سوریا، ئێران، لوبنان، ئەفغانستان و پاكستانن".

ئاماژەی بەوەشكرد، پێدانی ڤیزا تەنها بۆ خێزانەكانە و ئەوانەی كە تەنهان، تەمەنیان هەرچەندێك بێت ڤیزایان پێنادرێت، لە13ی ئەم مانگەوە بڕیارەكە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەمان ڕۆژ چەندین ڤیزە ڕەتكراونەتەوە.

سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی باسی لەوەشكرد، وڵاتی ئیمارات لە ڕێگەی چەندین كۆمپانیایی گەورەوە ڤیزا بە هاوڵاتیانی وڵاتانی دیكە دەدات و ئەو كۆمپانیایانە لەماوەكانی ڕابردودا ڤیزایەكی زۆریان داوە بەو كەسانەی كە سینگڵن و دوای تەواوبونی ماوەكەیان كە 30 ڕۆژە ئەو وڵاتەیان جێنەهێشتوە و دیارنەماون، هاوكات ماوەی مانەوەكەشیان درێژنەكردوەتەوە و ڤیزاكەیان نەكردوە بە ئیقامە، ئەوەش وایكردوە ئەو وڵاتە پێداچونەوە بەپێدانی ڤیزا بە كەسانی سینگڵدا بكات.

ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا هەركەس بیەوێت سەردانی ئەو وڵاتە بكات دەبێت داوای ڤیزەی خێزانی بكات و مەرجی ئەوەی هەیە كە دەبێت خێزەكە بەیەكەوە سەفەرەكە ئەنجامی بدەن و لەكاتی خۆیدا بگەڕێنەوە و ئەگەر نەگەڕێنەوە ئەو نوسینگانە سزایی دارایی دەدرێن.

لەبارەی هۆكاری ئەو بڕیارەوە عەتا ئەنوەر وتی، "ئێمە پرسیارمانكردوە و بەڕێوه‌بەرایەتی كۆچبەران و جەوازات كە ڤیزا دەدات دەڵێن، ئەوە حاڵەتی ئەمنی خۆمانە و پاكتاوی ئەوانە دەكەین كە هاتونەتە وڵاتەكەمان و نەگەڕاونەتەوە".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×