عەباس موسەوی، راوێژكاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت دەڵێت: "سودانی هەرگیز ئەندامی حزبی دەعوە نەبووە، پرۆژەكانیشی تەواوكاری پرۆژەكانی ماليكیە".
ئاوێنە: موسەوی، كە بەیەكێك لە كەسە نزیكەكانی مالیكی دادەنرێت، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "العهد" هێرشی توندی كردە سەرئەوانەی باس لە وازهێنانی نەوەكان (دورخستنەوەی پیرەكان لە حزب) دەكەن و وتی: ئەو پرسە كە لەلایەن هەندێكەوە پێشنیازكراوە كارێكی نا ئەخلاقیە، ناكرێت بە پیاوێکی گەورە و بەئەزموون بڵێیت پیر بوویت و بڕۆ لە ماڵەوە دابنیشە، بەڵکو پێویستە سوود لە ئەزموونی ئەم کەسایەتییە باڵایانە وەربگرین.
بەم دواییانە مالیكی لەناو حزبی دەعوەدا روبەڕوی رەخنەی زۆر بووەوەتەوە، بەتایبەت لە دوای دواین كۆنگرەی پارتەكە، كە جارێكی تر بە ئەمینداری حزبی دەعوە هەڵبژێردراوەیەوە.
موسەوی جەختیشكرد لەوەی، مالیكی پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت لە بەغدادو هاوپەيمانی دەوڵەتی یاساش دەبێتە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی.
ئاماژەی بەوەشدا: پرۆژەیەك هەیە بۆ پارچە پارچەكردنی دەنگەكانی بەغداد، لەڕێی دروستكردنی لیستی بچوكی شیعەوە، وتيشى: بیرۆكەی رۆڵەكانی ناوخۆ و دەرەوەش تێڕوانینی رژێمی بەعسە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو سیاسیانەی كە لەسەردەمی رژێمی سەدامدا لە دەرەوەی عێراق ژیاون و ئەوانەی كە لەناوخۆدا بوون لە نمونەی محمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە زۆرجار لایەنگرانی وەك جۆرێك لە ستایش دەڵێن لەسەردەمی رژێمی پێشودا لەناو عێراقدا ژیاوەو لەگەڵ خەم و ئازارەكانی خەڵكی عێراق بووە، بەپێچەوانەی ئەو سیاسیانەی كە لە دەرەوەی عێراق بوون و لەخەم و ئازارەكانی خەڵك دابڕوان.