حەسەن نەسروڵا: ئیسرائیل ویستی لەڕێی تەقینەوەكانەوە لە دو خولەكدا پێنج هەزار كەس بكوژێت
  2024-09-19       374       

حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان رایگەیاند، تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر و بێتەلەكان گورزێكی بەهێز بوە كە بەر هێزەكانیان كەوتوەو دەشڵێت، ئیسرائیل بە نیاز بو لە دو خولەکدا پێنج هەزار کەس بکوژێت.

 ئاوێنە: حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان، ئەمڕۆ پێنجشەمە، لەبارەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی پەیجەر و بێتەلەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، وتەیەكی تەلەفزیۆنی پێشكەش كردو وتی، حزبەكەیان چوار هەزار ئامێری پەیوەندیکردنی پەیجەر-یان کڕیوە و بەشێکی زۆریان بەسەر ئەندامانیان دابەشکردوە، دوای روداوەکان لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنی زۆر  وردیان دەستپێکردوە. هەر لەو کۆمپانیایەی کڕیویانە تا دەگاتە ئەو کۆمپانیایەی وەریگرتوە و گواستویەتیەوە و رادەستی کردون.

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكان زۆرە و وتیشی، لەنێو كوژراوەكاندا تەنیا ئامێرەکان نین، "بەڵکو ژن و منداڵ"یش هەن. چونکە بەوتەی ئەو "بەشێکیان لەناو ماڵ، ئۆتۆمبێل، بازاڕ، دەرمانخانە، نەخۆشخانە، شوێنکار و شوێنە گشتییەکاندا تەقیونەتەوە و هاوەڵ و کەسانی دەوروبەریش بونەتە قوربانی."

نەسروڵا لە وتەكەیدا وتی، ئیسرائیل زانیویەتی چوار هەزار ئامێری پەیجەریان كڕیوە بۆیە "ویستی رۆژی سێشەممە لە یەک خولەکدا چوار هەزار کەس بکوژێت."

وتیشی"ئیسرائیل پێی وابو، هەر چوار هەزار ئامێرەکە بەسەر ئەندامانمان دابەشکراوە. بۆیە لە یەک کاتدا هەر چوار هەزار ئامێرەکەی تەقاندەوە. بەڵام بەشێک لە ئامێرەکان لەكاردانەبون و بەشێکیان لە کۆگاکاندا بون و دابەش نەکرابون و بەشێکی دیکەشیان، خاوەنەکانیان هەڵیان نەگرتبون و لە ماڵەوە یان لە شوێنێکی دیکەدا دایاننابون."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا حەسەن نەسروڵا، وتی"گومان لەوەدانییە لە روی ئەمنی و مرۆییەوە گورزێکی بەهێزمان بەرکەوت. لە مێژوی لوبناندا گورزێکی چاوەڕواننەکراو بو کە رێژەی دوژمنکاری بگاتە ئەم ئاستە. تەنانەت لە ئاستی جەنگ و ناکۆکییەکان دژ بە ئیسرائیلیش لە ناوچەکە و جیهانیش بێهاوتا بوە. هیچ روینەداوە کە بەمشێوەیە ئامێرەکانی پەیجەر و بێتەل بکرێنە ئامانج، بەبێ گوێدان بە ئەو کەسانەی لە دەوروبەری هەڵگرانی ئامێرەکاندان. بەڵێ گورزێکی گەورە و سەختمان بەرکەوت بەڵام ئەمە سروشتی جەنگە و دەزانین دوژمن لە ئاستی تەکنۆلۆژیا زۆر باڵایە، چونکە ئەوان بەتەنیا نین، ئەمریکا و ناتۆ و رۆژئاوا پاڵپشتیانن."

بەپێی قسەی ئەمینداری گشتی حزبوڵا، "هەزار ئامێری دیکەی بێتەل لە رۆژی چوارشەممە کرانە ئامانج. کەواتە دوژمن بەنیاز بو لە دو خولەکدا پێنج هەزار کەس بکوژێت." و ئەوەشی بە "كۆمەڵكوژی" ناوبرد.

نەسروڵا جەختیشی كردەوە كە وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت بەبێ ئەوەی جۆر و كاتی وەڵامەكەیان ئاشكرابكات.

هەروەها جەختیشی كردەوە كە ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دانیشتوانی باكوری وڵاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكەو دوپاتیشیكردەوە كە بەرەی لوبنان هیچ كات ناوەستێت تاوەكو دەستدرێژی بۆ سەر غەززە رانەگیرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×