نووسینی: سادق هیدایەت
خۆگێڕانی: سالار باپیر
«نا نا هەرگیز کاری وەها نەکەم .... دەبێت بە تەواوی لە بیری بکەم ... ئاخر ئەوە بۆ کەسانیتر مایەی خۆشبەختیە کەچی بۆ من هەر بەدبەختی و دەردەسەرییە». حەمە لە ژێر لێوەوە وەهای بە خۆی دەگووت و دارگۆچانە کورتە کۆنە زەردباوەکەی کە بە دەستییەوە بوو بە ئارامی بە زەویدا دەکێشا و، بە ناڕەحەتی بە دەم ئازارەوە بەڕێوەدەچوو وەك ئەوەی کە بە ئاستەم بتوانێت هاوسەنگی خۆی ڕابگرێت و نەکەوێت.
دەموچاوی قەبەی لە نێوان دوو شانی سیس و بێهێزی بەرەو ناو قەفەسەی سنگی شۆڕبووەوە. لە نزیکەوە ڕووخسارێکی مۆن و ماندوو و وریای زەردهەڵگەڕاوی هەبوو: لێوی وشك و برینگ، برۆی پڕ و چەماوە، پێڵوی چاوی چرچ و لۆچ، ڕەنگی زەرد و ئێسکی ژێرکوڵمی دەرپەڕیوو. ئەگەر لە دووریشەوە لێتبڕوانیایە چاکەتەکەی لە پشتیەوە بەرەو سەرەوە هەڵکشاو و دوو دەستی درێژی ناڕێك و کڵاوێکی دەڵب کە زۆربەی سەر و کەلەی داپۆشیبوو، هەربۆیە کە بە ڕوویەکی جییدیشەوە گۆچانەکەی بە زەویدا ئەدا، هەموو ئەمانە وەهایان ئەکرد کە خەڵك زیاتر بە سەر و قیافەی پێبکەنن.
دەمەوئێوارە بوو و ئەو ملی جادەی ئیبراهیم پاشای گرتبوو و بەرەو جادەی قەراخشار هەنگاوی دەنا، دونیا هێشتا کەمێك هەر گەرم بوو. زەردەخۆری ئەو ئێوارە درەنگە لە دیوارە خشت و گڵەکانی ماڵەکانی لای دەستی چەپی جادەکەی دەدا و کونوکەلەبەرەکانی دیوارەکان بە بێدەنگی ڕوویان لە ئاسمانی نارنجیباو کردبوو. ئەوبەری جادەکەش کۆمەڵێك چاڵ بوون کە تازە پڕکرابوونەوە و کەوتبوونە بەردەم چەند خانوویەکی تازەی خشترێژ کە هێشتا تەواو نەکرابوون. ئەم بەشەی جادەکە کەمێك چۆڵتر بوو و سەرباری ئەوەی پێدەچوو کە ئەو عەسرە ئاوپرژێن کرابێت بەڵام جاروبارە کە ئۆتۆمبێلێك یان عەرەبانەیەكی پێدا تێپەڕ دەبوو تەپوتۆزیان لە جادەکە هەڵدەساند. کۆمەڵێك نەمامیش لە ئەمبەروئەوبەری جادەکە بە درێژایی جۆگەلە ئاوێك نێژرابوون.
حەمە بە دەم ڕۆشتنەوە لە خەیاڵی ئەوەدابوو کە چۆن هەر لە منداڵیەوە بۆتە گاڵتەجاڕی یان جێگەی بەزەیی کەسانیتر. بیری کەوتەوە کە لە دەرسی مێژوودا کاتێك مامۆستاکەی بۆ یەکەمینجار باسی ئەوەی کرد کە چۆن لە کۆندا خەڵکی شاری سپارتای یۆنان منداڵە ئیفلیج و کەمئەندامەکانیان کوشتووە، هەموو قوتابیەکانی پۆلەکە ئاوڕیان دەدایەوە و تەماشای ئەمیان دەکرد، کە ئەوەش هەستێکی سەیری لە لای ئەم بەرجەستە دەکرد. بەڵام ئێستا ئەم حەز دەکات ئەو جۆرە نەریتەی شاری سپارتا لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایە پەیڕەو بکرێت یان هەر هیچ نەبێت لە زۆربەی شوێنەکان نەهێڵن کەسانی کەمئەندام و سەقەت ژن بهێنن، چونکە چاك دەیزانی کە هۆکاری کەمئەندامیەکەی ئەم باوکیەتی.
حەمە ڕووخساری ئەو کاتەی باوکی هاتەوە پێش چاو کە لەسەرەمەرگدا بوو، ڕەنگی هەڵبزڕکاو، دەموچاوی چرچ و سیس و، دەمێکی نیمچە داچەقاو. باوکی کە نەخۆشیی سیفلیسی هەبووە ژنێکی زۆر لە خۆی گەنجتری هێنابوو، هەربۆیە هەموو مناڵەکانی بە کوێری یان بە ئیفلیجی لە دایکببوون و هەر بە منداڵی مردبوون. تەنیا یەکێ لە براکانی نەبێت کە لاڵ و کاڵفام بوو و دوو ساڵێك لەمەوبەر مردبوو. حەمە لە دڵی خۆیدا دەیگووت «لەوانەیە ئەوان خۆشبەختبوون کە مردوون»! ئەگەرچی ئەم وەك ئەوان مردن زەفەری پێنەبردووە بەڵام لە خۆی و لە خەڵك بێزارە، ئاخر کەسێك نیە خەمخۆری بێت یان چارەی ئەمی بووێت. بۆیە هەتا ڕادەیەك فێری ژیانی تەنیایی بووە و دوور لە خەڵك دەژی.
لە منداڵیدا لە قوتابخانە لە هەموو شتێك بێبەش بوو و بەشدارییان پێنەدەکرد، هەر لە وەرزش و تۆپێن وچاوشارکێ و هەللوکێن وتولتولێن هەتا هەموو یارییە خۆشەکانی تر. هەربۆیە کە منداڵان یارییان دەکرد ئەم دەچووە گۆشەیەکی چۆڵی حەوشەی قوتابخانەکە و کتێبێکی لە پێش دەموچاویدا بە دەستییەوە دەگرت کە گوایە کتێب دەخوێنێتەوە و لە دوورەوە بە دزییەوە تەماشای بەزموڕەزمی منداڵەکانی تری دەکرد.
بەڵام حەمە خوێندنەکەی زۆر بە ڕەهەند وەرگرتبوو و زۆر کۆششی دەکرد و خۆی ماندوو دەکرد، دەیویست هەر هیچ نەبێت زیاتر لە هاوپۆلەکانی فێرببێت و لەوان زیرەکتر بێت. ئەو شەو و ڕۆژ خۆی ماندوو دەکرد بەڵکو هاوپۆلەکانی بە ناچاری هانای بۆ بێنن و ببنە هاوڕێی بۆ ئەوەی ئەم لە شیکردنەوەی پرسیارەکانی ماتماتیکدا یارمەتیان بدات. بەڵام خۆی زۆر چاك دەیزانی کە هاوڕێیەتی ئەوان لەگەڵ حەمە ڕاستەقینە نیە و هەر دەیانەوێت بۆ سوودی خۆیان بەکاربهێنن، چونکە دەیبینی کە هەموو هاوپۆلەکانی هەڵپەیانە و دەیانوویست ببنە هاوڕێی یەکێك لە قوتابیە پۆشتەکان بە ناوی دارای کەمال بەگ کە هەمیشە جلوبەرگی جوان و گرانبەهای پۆشیبوو. هەر تەنیا دوو سێ لە مامۆستاکان جاروبار قسەیان لەگەڵ ئەم دەکرد و میهرەبانیان بەرامبەر دەنوواند، ئەوەش زیاتر لە ڕووی بەزەییەوە بوو و هیچیتر. ئەڵبەتە سەرباری ئەو هەموو خۆ ماندووکردن و یارمەتیدانی هاوپۆلەکانی بەڵام سەرەنجام کەس نەبووە دۆست و هاوڕێی و هەموو پشتگوێیان خستبوو.
ئێستاش کە ئەو هەژار و دەستکورتە، هەموو خۆیانی لێدەپارێزن و کەس نایەوێت لێی نزیك ببێتەوە و توخنی ناکەون. ژنان و کچان کە دەیبینن بە گاڵتەجاڕییەوە بە یەکتری دەڵێن «تەماشای ئەم قەموورە قۆزە»! ئەڵبەتە ئازاری ئەو قسانە بۆ حەمە زۆر کاریگەتر بوون لە ئازارە جەستەییەکانی.
چەند ساڵێك لەمەوبەر دووجار چووبووە خوازبێنی ژنهێنان بەڵام هەردوو جارەکە بە گاڵتەپێکردنەوە کردبوویانە دەرێ. بە ڕێکەوت یەکێك لەوانە کە ناوی نوخشە بوو لە گەڕەکی خانووەقوڕەکان لە ئەو نزیکانە دەژیا. چەند جارێك پێکەوە دانیشتبوون و قسەیان کردبوو. حەمە عەسران کە لە قوتابخانە دەگەڕایەوە بە لای ماڵی ئەواندا تێدەپەڕی هەتا چاوی پێیبکەوێت. حەمە ئێستا یادی هاتەوە کە نوخشە یەك خاڵی گەورەی ڕەشی زگماك لە لێواری لێویدا هەبوو.
کاتێك كە حەمە خاڵی ناردبووە خوازبێنی نوخشە کەچی نوخشە گووتبووی «بۆ مەگەر پیاو نەماوە جگە لە ئەم قەموورە من شووی پێبکەم»!. ئەگەرچی دایکوباوکی زۆریان لێدابوو کە شووی پێبکات بەڵام ئەو هەر گووتبووی «بۆ مەگەر پیاو قاتی بووە»؟!
بەڵام حەمە هێشتا ئاشقی ئەو بوو و ئەو یادگارییانەی سەردەمی لاویی ئەو بە لایەوە خۆشترین یادەوەریی ژیانی بوون و هەتا ئێستاش بە مەبەستەوە بێت یان بێ ئەوەی خۆی هەستی پێبکات جاروبار بە گەڕەکەکەی نوخشەدا تێدەپەڕێت و یادی جاران دەکاتەوە.
حەمە لە هەموو شتێکی ژیانی خۆی سەری سوڕما بوو و زۆربەی کات بە تەنیا ملی ڕێگە دەگرت و خۆی لە خەڵکی دوورەپەرێز ڕادەگرت و تێکەڵاویی کەسی نەدەکرد. ئەگەر کەسێکی ببینیایە پێدەکەنێت یان لەگەڵ هاوەڵێکی بە سووکی و چرپە قسە دەکات ئەم وایدەزانی کە باسی ئەم دەکەن و بە ئەم پێدەکەنن. ئەو بە دوو چاوی ڕەشی پڕ ڕکوکینەوە و پشتێکی کووڕەوە و مل و گەردنێکی داچەماوە کە جەستەی بە زەحمەت ڕایگرتبوون هەنگاوی دەنا و بە نیگای تووڕە و ڕقئامێزەوە لە خەڵکی دەڕوانی و بەلایاندا تێپەڕ دەبوو. بە دەم ڕۆشتنی ڕێگەوە تەرکیزی لای بیر و خەیاڵی کەسانیتر بوو و بە ڕووخسارییەوە ڕوون و ئاشکرا دیاربوو کە هەموو هەست و نەستی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ خەڵکی چۆن لە ئەم دەڕوانن و چی لەبارەیەوە دەڵێن.
حەمە هێدی هێدی بە کەناری جۆگەلە ئاوەدا هەنگاوی هەڵدەنا و جاروبار نووکی گۆچانەکەی بە ڕووی ئاوی جۆگەلەکەدا دەکێشا و بیری تەواو پەشێو و پەرتەوازەبوو. تیشکی مانگەشەو کەمێك دونیای ڕووناك کردبووەوە و لە ناکاو سەگێکی سپیی تووکنی بینی کە لە دەنگی گۆچانەکەی ئەم بە ئاگا هاتەوە و بە ئاستەم سەرێکی هەڵبڕی. سەگەکە تەماشایەکی حەمەی کرد و پێدەچوو کە نەخۆش بێت یان لە سەرەمەرگدا بێت. سەگەکە بێئەوەی لە شوێنی خۆی بجووڵێت دووبارە سەری خستەوە سەر زەوی بەڵام هێشتا چاوی هەر بڕیبووە حەمە و حەمەش لە ئەوی دەڕوانی و هەستێکی سەیری مووچڕکەئاسا جەستەی حەمەی ڕاچڵەکاند. حەمە هەستیکرد کە لەوانەیە ئەمە یەکەمین گیانلەبەر بێت کە ڕاستگۆیانە دوور لە بەزەیی یان گاڵتەجاڕیی لە حەمەی ڕوانیبێت، لەوانەیە چونکە ئەمان هەردووکیان وەك یەکتر کڵۆڵن و هەردووکیان پلیشاوەی ژێرپێی خەڵك و قووتاربوو لە دەستی کۆمەڵگان. حەمە دەیویست لە تەنیشت سەگەکە دابنیشێت و تێر لە ئامێزی بگرێت و تووند باوەشی پێدا بکات و سەری بخاتە سەر سنگی خۆی، چونکە چاك دەیزانی کە ئەم بەدبەختە لە دەستی ستەمی خەڵکە کە بۆ قەراخشار هەڵهاتووە و دەیەوێت خۆی حەشار بدات. بەڵام بیری لێکردەوە کە ئەگەر لە ئامێزی بگرێت و لە ئەو کاتەدا بە ڕێکەوت کەسێك بە ئەوێدا تێپەڕ ببێت ئەوا زیاتر دەبێتە مایەی سووکایەتی وگاڵەتجاڕیی خەڵك!
دەستپێکی شەوبوو و ئیتر ئەم گەڕەکی خانووقووڕەکانی بەجێهێشتبوو و گەشتبووە بناری یاڵەکان، لە مانگی دەڕوانی کە لە ئەم سەرەتای شەوەدا بە ئارامی و خەمباریی گۆشەیەکی ئاسمانی بەرینی گرتووە. ئەمجا بە ڕۆشنایی خەرمانەی مانگ دەیڕوانیە خانووە قووڕەکان و سەربانی ماڵەکان و شاری خامۆش و شینایی شاخی گڵەزەردە لە ئەوبەری شار. چاوی ڕێشکەوپێشکەی دەکرد بەڵام هەتا چاو بڕبکات ئەو هیچ تارماییەکی بەدینەدەکرد جگە لە ئەوە نەبێت کە بە ئاستەم گوێی لە گۆرانیەکی حەمەساڵح دیلان بوو لە نزیك خانووەکانی کە لە چاو ونببون. بە زەحمەت کەمێك سەری بەرز کردەوە چونکە بە دەست باری خەمەوە ئێجگار ماندووبوو و نەیدەتوانی پێڵووی چاوی بەرزبکاتەوە و سەری ببووە بارێکی قورس و گران بۆ سەر جەستەی. گۆچانەکەی لە کەناری جۆگەلەکە دانا و دەستوبرد چووە نزیك تاشە بەردێك و لەسەری دانیشت. لە ناکاو تەماشایەکی سەروو خۆی کرد بینی ژنێك لە کەنار جۆگەلەکە دانیشتووە و حەمە لە ترس و حەیبەتدا دڵی کەوت لێدانی خێرا.
ژنەکە بێ هیچ کەین و بەینێك ئاوڕی لە ئەم دایەوە و بە ئارامی گووتی «سامان، ئەوە بۆ دواکەتیت؟ لە کوێ بوویت هەتا ئێستا»؟! حەمە لە قسەی نەرمونیانی ژنەکە سەری سووڕما چۆن كە ئەمی بینیوە و ڕای نەکرد! هەربۆیە لە خۆشیدا شاگەشکە بوو و وەك ئەوەی هەموو دونیا هی ئەم بێت.
حەمە وەها لێکیدایەوە کە لە پرسیاری ئافرەتەکەوە پێدەچێت بیەوێت قسە لەگەڵ حەمە بکات بەڵام «ئاخۆ بە ئەم شەوە درەنگە بە تەنیا لێرە چی دەکات؟ تۆ بڵێی نیازی خراپ نەبێت؟ لەوانەیە ئاشق بێت؟ کورە چی دەبێت با ببێت، لەوانەیە ببێتە دڵداری من»! هەربۆیە بێهۆشانە و بە پەشۆکاویەوە بە ئافرەتەکەی گووت «خانم ئەوە تەنیایت؟ منیش تەنیام، هەمیشە تەنیام، بە درێژایی تەمەنم تەنیابووم».
هێشتا قسەکانی تەواو نەکردبوو ژنەکە کە عەینەکێکی ڕەشی لە چاودا بوو ڕووی کردەوە حەمە و گووتی «ئەوە تۆ کێی؟! من وامزانی سامانیت، چونکە ئەو هەر کاتێك دێت بە گاڵتەوە خۆیم لێ دەکات بە کەسێکیتر»! حەمە لە ئەم ڕستەیەی دوایی ژنەکە حاڵی نەبوو و تێنەگشت مەبەستی چیە. بەڵام بە لایەوە گرنگ نەبوو چونکە دەمێکبوو هیچ ژنێك قسەی لەگەڵ ئەم نەکردبوو و کە کەمێك لێی نزیك بووە و بینی ئافرەتێکی جوانە.
حەمە لە تەپڵی سەریەوە هەتا نووکی پێی ئارەقی ساردی لێدەتکا و بە ترس و شپرزەییەوە گووتی «خانم من سامان نیم ... من ناوم حەمەیە».
ژنەکە بە زەردەخەنەیەکەوە گووتی «من باش تۆ نابینم چونکە کێشەی چاوم هەیە ... ئۆ حەمەیت، حەمە قەمووریت»؟! لێوێکی خۆی گەست و کەمێك بێدەنگ بوو ئەمجا گووتی «دەنگتم ناسییەوە، ئەویت وانیە؟ من نوخشەم، دەمناسیتەوە»؟
قژی خاوی نوخشە کە نیوەی ڕووخساری داپۆشیبوو لە ناکاو لاچوو و حەمە چاوی بە خاڵەی ڕەشەکەی لای لێوی کەوت و مووچڕکەیەکی تیرئاسا بە لەشیدا تێپەڕی و تف لە قووڕگیدا وشکبوو و نێوچاوانی ئارەقی لێدەتکا و تەماشایەکی چواردەوری کرد و هەتا چاو بڕ بکات کەس دیار نەبوو، بەڵام دەنگی گۆرانیەکی حەمەساڵح دیلان هەتا دەهات نزیکتر دەبووە، ئیتر دڵی کەوتە پەلەپەل و کەمێك تەنگەنەفەس بوو و بە لەرزەوە دەستی دایەوە گۆچانەکەی و بە زەحمەت لە کوێوە هاتبوو بەرەو ئەوێ و سەربەرەوخوار کەوتەوە ڕێ و لە ژێر لێوەوە دەیگووت «ئەوە خۆ نوخشە بوو! ... بەڵکو منی نەبینبێت ... لەوانەیە سامان دەزگیرانی بێت یان مێردی بێت ... چوزانم ... نا باشترە چاوم دابخەم ... چیتر بەرگەی ئەمە ناگرم».
بە هەناسەبڕکێ خۆی گەیاندەوە لای سەگەکەی کە پێشتر لە ڕێگە بینیبووی و لە پەنایدا دانیشت و سەری سەگەکەی بەرزکردەوە و لەسەر ڕانی خۆی داینا ... بەڵام سەگەکە مردبوو!
پاشکۆیەکی پێویست:
صادق هیدایت، نووسەر و هۆنەر و وەرگێڕ و ڕۆشنبیری پێشکەوتنخوازی ئێرانی خاوەنی چەندین شاکارەبەرهەمی ڕێچکەشکێنی گرنگە و، بەرهەمەکانی ڕۆشنایی دەخەنە سەر دابونەریتی دواکەوتووی ئەو سەردەمەی ئێران و کاریگەریی ئایین و خورافیات لەسەر کۆمەڵگا. ئەو لە ساڵی ١٩٠٣ هاتۆتە دونیاوە و لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا لە پاریس خۆکۆژیی کردووە.
لە بری وەرگێڕان هانام بۆ خۆگێڕان بردووە، بە مانایەکی تر خۆماڵیکردنی چیرۆکەکە و هەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەی زیاتر مۆرکێکی کوردەواری هەبێت.