ڕەشاد مستەفا سولتانی
مەولانا خۆرێکی مەعنەوی بوو کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵهات !
*مێژوو مەیدان و بواری بەرنگاری و ململانیی " هاودژەکان " و کلیلی هەموو دەرگاکانە .
یەکێکی تر لە بەرهەمە جوان و ناسکەکانی لێکۆڵەر، نووسەر ، هەڵبەستوان و هزرڤان ڕێزدار"پشکۆ نەجمەدین" دەروازەی عیشقی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمییە . مەولانا شاعیرێکی عیرفانیی بوو و بزووتنەوە و مەکتەبی " سۆفیزم " بانگەواز دەکات کە لە دەسەڵاتی ئیسلامی بیزارە . دیاردەی سۆفیزم لە پڕۆسە و پێڤاژەی سەرکەوتنەکانی ئیسلامدا ، کە بەرەنگاری ئاین و ئاین زاکانی تری دەکرد سەری هەڵداوە . کۆمەلناسێک بە ناوی نەسر حامد ئەبوزید ، دوو ڕێبازی ئیسلامی واتە ڕێبازی سۆفیزم و ڕێبازی موعتەزیلەی بەرز نرخاندووە . موعتەزلەکان بە شێوەیەک سیکۆلار وئاتەئیست بوون . مەولانا لە بەستێنی سۆفیزم خاوەنی هیژمونی* بوە و پێ وایە باوڕی دینی کاناڵ و ڕێگایەکی شەخسی نێوان کردگار و مرۆڤە . پێی دەچێت تا رادەیەک هیندۆئیزم،بیر و ئەندیشەی یونانستان و خۆرئاوا سەرچاوی سۆفیزم بێت و، کاردانەوەی ئەم سەرچاوانە لە سەر ئەم بزووتنەوەیە بەئاشکرا دیار و بەر چاوە . عەتتار نیشاپوری،حەلاج، بایەزید بەستامی و جونەید لە ڕێرەوانی سۆفیزم بوون. ئەندیشەی مەولانا تا رادەیەک لە دیاردەی کونفوسیزم * نزیکە . پایەی بەرزی جیهان بینی سۆفیزمی خۆرئاوا، کاردانەوەی قووڵی لە سەر بیر و ڕای عەداڵەتخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا داناوە و، هەر بۆیە "یۆنسکۆ" ساڵی ٢٠٠٧ ی وەکو ساڵی مەولانا پەسەند کردووە . دوکتورینی مەولانا ، کاردانەوەی فرە هەستیاری لە سەر فەرهەنگ و کولتوری هەموو میللەتەکان چ ئیسلامی و چ نائیسلامی داناوە . ڕێگای مەولانا جادەیەکە بەدرێژایی جادەی ئاوریشم و شیعرەکانیشی لە سەر باڵی با دانیشتوون . مێژوو مەیدان و بواری بەرەنگاری هاو دژەکان و کلیلی هەموو دەرگاکانە . لە بار و دۆخی مێژوویی ئیستادا کە ناکۆکی لە نێوان تەمەدونەکان و شارستانەتییەکان سەری هەڵداوە شیعرەکانی مەولانا بە نرخ تر و گرانبەها ترن . ئەگەر چی ڕێزداران : یاشار کەمال ،حەسەنی قزلجی، هێمن ، شوکور مستەفا ، عەبدوللە حەسەن زادە، فەرهاد شاکەلی ، ناسری حیسامی و ... ئاستی نوسینی پەخشانی کوردیان بەرز کردەوە ، ئەوا کاک پشکۆ ڕچەیەکی هاوتای ئەوان بەڵام سەخت و دشواری لەم سەردەمەدا شکاندوە . کاک پشکۆ لەم کتێبەدا ، شارەزایانە لە گەنجینەی دیالکتە دەوڵەمەندەکانی کوردی ، لە بەستێنی داڕشتن و ڕێک خستنتی هارمونیەکان بە پێی نیازی هۆنڕاوەکان لەو دەریایە مرواری و مەرجانی شارۆ کردووە و، لەستراکتور و بینای هۆنڕاوەکان بەکاری هێناوە . وەک پەپولەی ڕووح سووک فڕیوە ولە باخی دیالکتەکان وشەی هەڵگرتوە. وەرگێڕانەکەی کاک پشکۆ لە گوڵە هەناری تەلانەکانی شاخی هەورامان و ئاسکی چاو مەستی پێدەشتی گەرمیان دەچێت . باشترین فورم و شێوە ، تشبیهات و ئیستعارەی لە شیعرەکاندا داناوەو کەرەسەکانی لە دەفر و چوار چێوەی گونجاودا پۆلین کردووە . دەقەکانی شیعری مەولانای ، بە شێوەیەکی زانایانە و ئازایانە و جوان تر لە هەڵاڵەی کوێستان و گوڵە باخی ناو پەرژین بۆ سەر زمانی کوردی داڕشتوە و گیانێکی تازەی بە بەردا کردووە و ئامانجەکانی پێکاوە. تەرجومەکە سەرکەوتوە و من ئەو شانازییە بۆ کاک پشکۆ ڕەوا دەبینم .تەرجومەکە پێک هێنەری بەردە بازیکە بۆ ناو داڵانەکانی خەیاڵ و هەست و دەرون کە ئازار شکێن و دڵگیرە و سیمای وەوی* ڕازاوەی هەیە . خامەی ڕەنگینی کاک پشکۆ سامانێک لە پەخشان و شیعری لە سەر گەنجینە و خەرمانیی ئەدەبیاتی کوردی خستوە و لەم بوارەدا ماندوو بوە و مەلی دەرونی هێناوەتە گۆ . لەم تەرجومەدا هەم کولتور گوازراوەتەوە و هەم کولتور بونیاد نراوە و دەکرێ بە خاڵی وەرچەخان پێناسە بکرێت . پەخشانەکەی کتێبی 'ئەزمون و یاد " لە چڵە پۆپە جوانیدایە، کە هاوکات لە گەڵ شۆخ و شەنگی خۆیدا شەڕ دەکات. بە بڕوای من کاک پشکۆ لە کتێبی ئەزمون و یاد نەیهێشتوە فیکر و ئەندیشەی تازە لە ناو داڵانە تاریکەکانی کۆنە پارێزیدا بزر و گوم بن و پلۆڕالیزمیش بریندار بێت . ئەزمون و یاد یەکجار جوان داڕشتراوە ، لایەنی هونەری و جوانی ناسانەی بەرزە و زمانێکی ڕۆمانسی و شاعیرانەی هەیە و ،شاکارێکی ئاستی بەرزی پەخشانی ئەدەبیاتی کوردیە ، کە پردێکی لە نێوان سنوورەکانی ئەشێ و نەشێ خولقاندووە و پێمان دەسەلمێنێ کە دەورانی دوگماتیزم * بەسەر چووە . کاک پشکۆ لە پێڤاژەی خەباتدا دیواری حیزبی جێ هێشتوە . ڕێکخراوەکانی کوردستان لە سەر لانی کەمی پلاتفورمی هاوبەش یەک ناگرن و، ڕاسپاردەیان تەنیا تەشەنەی پەتای ناکۆکی و دووری لە یەکتر بوە و بەرژەوندیە کەم نرخەکانی بنەماڵە وحیزب بە سەر بەرەژەوندیەکانی هەژاران و ڕەنجدەراندا فەرز کراوە . حیزبەکانی کوردستان بە هەڵویستی نە شیاو و هەلسوکەوتی ناجوامێرانە دەر حەق بە پێشمەرگەکان و کادیرەکان خاوەنی ئەزمونێکی قووڵ و تاڵی دڵشکاندنن و لای ئەوان بە نرخترین سەرمایە مرۆڤ نیە . کاک پشکۆ لەم سەنگەر نوێیەدا، نەترسانە وزە و هێزی خۆی بۆ تەرخان کردووە . و بەرهەمە جوانەکانی لای من و زۆر شارۆمەندی تری وڵاتی کوردستان فرە گرانبەها و بە نرخە .
ئەسڵی مەقسەد هەر یەکێکە بۆ پەرستارانی عیشق
یەک سیاقە حەق شناسی : کەعبە یا بتخانە بێ !
خۆزگە کورد هەم وەک نەتەوەی بن دەست و هەم وەک کولونی هاوبەشی داگیرکاران ئەهلی کتێب و خوێندنەوەی ئێپۆس ،ڕۆمان ، شیعر، پەخشان ،داستان ، ساتیر*( ئێرۆنی) و چیرۆک بوایە . ڕۆژنامە وانێک لە خانمی تاچر سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیای پرسی . بۆ ئیرلەندیەکان ئەوەندە دژی بەریتانیای گەورە بەرەنگاری و خەبات دەکەن ؟ خانم تاچر وەڵامی دایەوە . چونکو ئیرلەندیەکان ئەهلی کتێب و خوێنەری چاکی شاکارەکانی ئەدەبیاتی جیهانین و بە گشتی کتێبی زۆر دەخوێنەوە . ئەم کولتورە لە کوردستان و بەتایبەت لە ناو جەماوری خەڵکدا ، ئاستێکی فرە نزمی هەیە و، گلە وچاوەڕوانی لە زڕە خوێندەوار وزڕە ڕووناک بیریش، لە جێگای لۆژێکی خۆیاندا نین . دەڵێن بەرانە کێوی شاخی خۆی لێی بوەتە تەوق . لێژنەیەکی کونتڕۆلمان نیە کە کاری هەندی کەس لە کوردستان، کە کتێبیان بۆسەر زمانی کوردی تەرجومە کردوەتەوە ،هەڵسەنگێنێت . چونکووتەرجومەکان شایانی باس نین و لە سەر سامانی ئەدەبیاتی کوردی بونەتە تەوق.
تەرجومەکەی کاک پشکۆ رەوان،لە سەر دڵان و نەک کەم هاوتا بەڵکوو بێ وێنەیە . لە سنوور شکاندن و کەوشەن بەزاندن سەرکەوتووە . شیعرەکان چۆمن پڕ شەپۆل و گۆمن . تیک هەڵشێلان و تەعبیرە دڵگیرەکان تا دڵت بخوازێت شاعیرانە ، ناسک و شیرین و هاوکات پڕە لە تاسە و ئاوات و ڕاز و نیاز و هەستی مرۆڤدۆستانە . مەولانا مێشک ڕوون ، دڵ زیندوو و مرۆڤدۆست کە نەفرەتی لە تاریکی و شەوەزەنگ بوو ، چرایەکی داگیرساند کە هەمیشە ڕووناکە . دیسکۆرس* و ڕاسپاردەی ئەم کتێبە ئەوەیە : کە خامە و قەڵەم لە شمشیر بە هێز ترە و،لە یەک کەلامدا سولح و ئاشتی و تەبایی جاڕ دەدات و، ڕیز لە نەتەوە ئیسلامی و نا ئیسلامی و هاوبیر و دژبیرەکان دەگرێت . پێناسەی ئینسانی سەدەی بیست و یەک بە دەستەواژەکانی کافر و موسڵمان ، دیدار و بێدین، سیکولار و مەزهەبی ناکرێ و مەحاڵە. و بیگومان ئاسۆی ڕوانگەی ترسناکی وشکە سۆفیەکان و وشکە دەرویشەکان بە ڕووخان و داتەپین دوایی دێت و ، ئیسلامی سیاسی شەپۆلی ترسناکی فاشیزمە . کۆتایی ........................................
بۆ زانیاری زۆر تر :
The world , the text, and the critic , USA Harvard university press by: said edward
The international journal of kurdish studies , the kurdish library ,USA 1994
3 -Nationalism and language in kurdistan,1918-1985,Sanfranscisco,mllan research university press 1992 By: Dr, Amir Hassanpour
١- زمانی کوردی لە ئاستانەی سەردەمێکی تازەدا . فەرهاد شاکەلی ، چاپخانەی ڕەنج ، چاپی یەکەم سلێمانی ساڵی ٢٠٠٩ زاینی
٢- ئەزمون و یاد : بەرگی یەکەم ، دووهەم و سێهەم ، چاپخانەی چوار چرا سلێمانی ٢٠١٣ نووسەر پشکۆنەجمەدین .
٣ - ناسنامەی زمانی کوردی ، لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانێێە لە سەر مێژووی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی . بەرگی یەکەم ، دووهەم و سێهەم ، سوید ٢٠١٧ - فازل ئوسولیان
٤- زمان ، ادب و ناسنامە. سوید ٢٠١١ چاپخانەی کتێبی ئەرزان ، نووسەر دوکتور هاشم ئەحمەد زادە
***********************
لێکدانەوەی هەندی لە وشە ئیگلیزیەکان :
Dogmatism, Orientaluism, Hegemony, Discourse, Confucianism, Sater
* دوگماتیزم : دەیان ڕووباری خوێنی خولقاندووە و بەرانبەر مرۆڤایەتی سیستەمی توتالیتر و ڕەشە کوژی و تیرۆر و ، جیهانی داخراو ، بیر و ئەندیشەی ڕەق هەڵاتوو و بەردینی دروست کردووە .
* ئوریانتالیزم : لە لایەن ئیدوارد سەعیدوە(٢٠٠٣ -١٩٣٥ ) باو کراوە و بە مانای حەز کردن لە ڕۆژهەلات هاتوە . و بە مانای ڕۆژهەڵات ناسی تەرجومە ناکرێتەوە .
* هیژمونی : دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری ، کە هێزی نیزامی دەسەڵاتەکە بە ئاستێکی بەرز دەگەیەنێت .
*دیسکۆرس : پەیام ، خیتاب، وتار، ڕاسپاردە .
* وەوی : ئەم وشە لە دیالکتی هەورامی وەر گیراوە و هاومانای" بووک" لە دیالکتی سۆرانیە .
* کونفوسیزم : سێ بیرمەند زەڕدەشت لە کوردستان، ئەرەستوو لە یونانستان و کونفوسیوس لە چین ، میتودی میهرەبانانە و خۆشەویستانەیان بە دوور لە دڵڕەقی و بێرەحمی بانگەواز دەکرد .
* ساتیر هاومانای ئێرۆنیە . یانی گاڵتەئاسا ، تەنز ، تەوس .