دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ستایشی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا دەكات و دەڵێت، پیاوێكی "گەنج و سەرنجڕاكێش و سەرسەخت و جەنگاوەرە."
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەمیانی گەشتەكەیدا لە سعودیەوە بۆ قەتەر، لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا بۆ رۆژنامەنوسان دوا.
ترەمپ وتویەتی، دیدارە كورتەكەی لەگەڵ شەرع كە لە ریاز بەڕێوەچو، "زۆر باش" بوەو ئەحمەد شەرعیشی بە پیاوێكی "گەنج و سەرنجڕاكێش و سەرسەخت و جەنگاوەر" ناوبردوە و وتیشی، رابردوی ئەو "زۆر بەهێزە."
سەرۆكی ئەمریكا وتیشی، شەرع، چانسێكی باشی هەیە بۆ پاراستنی وڵاتەكەی، لەگەڵ ئەردۆغان-یش كە پەیوەندیی زۆر دوستانەی لەگەڵ شەرع هەیە، قسەم كردو ئەردۆغان-یش پێی وایە، ئەحمەد شەرع، چانسێكی باشی هەیە بۆ بەڕێوەبەردنی وڵاتەكەی بەشێوەیەكی گونجاو.
ترەمپ هەروەها ئومێدی خواست كە لە ئایندەدا، سوریاش بچێتە نێو "پەیمانی ئیبراهیمی" بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل.
لەوبارەیەوە وتی، پێموایە دەبێت سەرەتا كارەكانی خۆیان رێكبخەن. بە ئەحمەد شەرعم وت، ئومێدەوارم كاتێك كارەكانی خۆتان رێكخست، بچنە نێو پەیمانی ئیبراهیمییەوە. ئەوش وتی، باش بەڵام كاری زۆریان هەن دەبێت ئەنجام بدرێن.