ترەمپ: پێشنیارێكمان پێشكەشی ئێران كردوە، دەبێت زو بڕیار بدەن ئەگەر نا شتی خراپ رودەدات
  2025-05-16       291       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێشنیارێكمان پێشكەش بە ئێران كردوە، دەبێت زو بڕیار بدەن، ئەگەر نا شتێكی خراپ رودەدات.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ هەینی، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریكا لە گەشتەكەیدا بۆ وڵاتانی كەنداو، لەنێو فڕۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی وت، ئەمریكا پێشنیارێكی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پێشكەشی ئێران كردوە.

وتیشی، ئێرانییەكان پێشنیارەكەی ئێمەیان لەبەردەستدایە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە دەزانن دەبێت زو بجوڵێن، ئەگەر نا شتێكی خراپ رودەدات.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردوه، ئیدارەی ترەمپ له میانی خولی چوارەمی دانوستانەکان که رۆژی یەکشەممەی رابردو بەڕێوەچو، پێشنیارێکی نوسراوی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەش به ئێران کردوه.

بەڵام هەر دوێنێ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكدا ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئەمریكییەكەی رەتكردەوەو رایگەیاند، بەدرێژایی دانوستانەكان، ئێمە چەند بیرۆكەیەكمان بەشێوەی نوسراو پێشكەش بە لایەنی بەرامبەر كردوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بیرۆكەیەكی نوسراومان لەلایەن ئەوانەوە پێ نەگەیشتوە، دەكرێت لە داهاتودا لەڕێگەی عومانییەكانەوە شتێك بۆ ئێمە بنێرن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×