ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاند، لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆداین چەند داواكارییەكمان پێشكەش كردووە، تێیدا داوامان كردووە شارەكە ئاوەدان بكرێتەوە، ئەگەر داواكارییەكانمان جێبەجێ بكرێت، ئامادەین دەستبەرداری غەزە بین.
ئاوێنە: باسم نەعیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حەماس سەبارەت بە دانووستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و واز هێنانیان لە غەزە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبیە زانیاری نوێی خستەڕوو: بۆ ئەوەی كۆتایی بە بۆردوومانكردنی غەزە بهێنێدرێت، بەرپرسانی حەماس لەگەڵ هەندێك كەسایەتی لە ئیدارەی ئەمریكا لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدان، ئەوان بە ئەمریكییەكانیان وتووە، ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت، ئامادەن دەستبەرداری غەزە ببن.
ئاماژەی بەوەشكرد: دەمانەوێت ئاڵوگۆڕی دیلەكانی ئیسرائیل و دەستگیركراوانی فەڵەستین بكرێت، هەروەها هێزەكانی ئیسرائیل لە غەزە بچنە دەرەوە، ڕێگە بە كاروانی هاوكارییەكان بدرێت بۆ هاوڵاتیان و كەرتی غەزەش بەبێ ئەوەی دانیشتووانەكەی كۆچیان پێبكرێت، ئاوەدان بكرێتەوە.
باسی لەوەشكرد: بە ئەمریكییەكانمان ڕاگەیاندووە، كە ئامادەین دەستبەرداری غەزە بین، ئەگەر مەرجەكانمان جێببەجێ بكرێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، لە چەند هەفتەی داهاتوودا جیهان زۆر باش دەبێت، هەروەها چارەی دۆخی غەزە و برسییەتی ئەوێ دەكەین، بیر لە غەزە دەكەینەوە و خۆمان كارەكە جێبەجێ دەكەین.