له‌ سلێمانی نرخی بەنزین دابەزی
  2019-10-26       2271       
لە ژماره‌یه‌ك بەنزینخانەی شاری سلێمانی نرخی هەر لیترێک بەنزین ٥٠ دینار دابەزینی بەخۆوە بینی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دابەزینە پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتی خاوەوە هەیە لە بازارەکانی جیهاندا.

ئاوێنه‌: سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، کەریم عەلی کەریم لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان وەک ئەنجوومەن هیچ جۆرە بڕیارێکی لەو چەشنەیان نییە تایبەت بە دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و ئاشکرایکرد ئەوە تەنیا بازرگانه‌کانن کە دەتوانن مامەڵە بە دابەزاندنی نرخەوە بکەن.

کەریم عەلی کەریم ئاماژەی بەوەشدا چەند هۆکارێک هەن وا دەکەن نرخی سووتەمەنی بەتایبەت بەنزین دابەزین بەخۆوە ببینێتت کە ئەویش زیادکردنی تەندەری سووتەمەنییە بۆ بازرگانەکان کە ئەوەش وا دەکات ژمارەی بازرگانانی سووتەمەنی زیادبکەن و لەئەنجامدا کێبڕکێ بکەوێتە نێوان کۆمپانیاکانی سووتەمەنییەوە تا زیاتر نرخەکەی دابەزێنن.

لاپەڕەی تایبەتی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای کۆبوونەوەی پارێزگای سلێمانی، هەڤال ئەبوبەکر لەگەڵ لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ نرختی لیترێک بەنزین ٥٠ دینار دابەزی.

لە هەواڵەکەی پاریزگای سلێمانیدا کە دواتر پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر خۆیشی لە پەرەی تایبەتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە ''پاش کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ نرخی بەنزین ٥٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك دابەزی''.

پارێزگاری سلێمانی سوپاسی نوێنەری بەنزینخانەکانی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان دووپات کردووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە شەوی رابردوو نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە٨٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار دابەزی، لیترێک بەنزینی موحەسەن لە ٧٢٥ دینارەوە بۆ ٦٧٥ دینار و نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٦٥٠ەوە بۆ ٦٢٥ دینار دابەزی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×