مایک پۆمپیۆ: پێویستە حکومەتی عێراق لێپێچینەوە لەئەنجامدەرانی هیرشەکانی دوینێ شەوی سەر خۆپیشاندەرانی بەغداد بکەن
  2019-12-07       333       
مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە بەرپرسانی عێراق لێپێچینەوە لەبکوژانی خۆپیشاندەران و پەلامارەکەی دوێنێ شەوی بەغداد بکەن.

ئاوێنه‌: مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، پێویستە حکومەت و سەرکردەکانی عیراق لێپێچینەوە لەئەنجامدەرانی هیرشەکانی دوینێ شەوی سەر خۆپیشاندەرانی بەغداد بکەن و بیاندەن بەدادگا.

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکردوە، لەهەمان ئەو رۆژەی کە سزایان بەسەر چوار سەرکردەی عێراقدا سەپاندوە، هەواڵی دیکەی توندوتیژیی و پەلاماری سەر خۆپیشاندەرانی بەغدادیان بیستوە.

ماوەی چەندین هەفتەیە، هەزاران خۆپیشاندەری عێراقی رژاونەتە شەقامەکانی بەغداد و مەیدانی تەحریر کە داوای لەرەگ و ریشە هەڵکێشانی گەندەڵی و بەدادگا گەیاندنی بەرپرسان دەکەن.

تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکانی عێراق رەتیدەکەنەوە ناسنامەی هێرشبەرەکان بزانن، رێکخەرێکی خۆپیشاندەرانیش رایگەیاند، ئەو پەلامارەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ چاوترساندن ئەنجامدراوە.

دوێنێ شەوی رابردو، هێزێکی نەناسراو بەدەموچاوی هەڵبەستراو بەچەند ئۆتۆمبێلێک هەڵیانکوتاوەتە سەر مەیدانی تەحریری بەغداد و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لەخۆپیشاندەران کردوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×